کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژێدییەک کە بووە سەرچاوەی ئیلهامی ئافراندنی هونەری

16:34 - 1 سەرماوەز 2718

حەوتوویەک دوای هێرشە مووشەکییەمەرگەساتەکەی ئێران بۆ سەر هێزێکی کوردی ئێران، هونەرمەند شۆڕش ئاهی و بنەماڵەکەی لەنێو وێرانەکاندا خەوتن کارەهونەرییەکەیان پەرە پێدا. کۆیە_کوردستانی عێڕاق لە لای ڕۆژهەڵاتی شاری کۆیە، جادەیەکی جووتساید بە نێو دۆڵێک پڕ لە قەراغهڕێی گڵینه و سوور و بێکۆتایی کە دەوەنی سەرسەخت و داربەڕووی درێژی لێ ڕواون، شۆڕ دەبێتەوە. لە قەراغ شارەکە قەڵایەکی سەرنجڕاکێش لە خشتی قاوەیی کاڵ کە وەک پێگەیەکی سەربازی یا زیندان دەچێ دەبینرێ. قەڵاکە کە یەکیەتیی سۆڤییەت لە ١٩٧٧ بۆ سەددام حوسێنی درووست کردووە، شوێنی نائاسایی بەرهەمێکی هونەرییە. بەڵام دوایین بەرهەمەکەی شۆڕش ئاهی ئاکامی هەلومەرجی نائاسایی و کارەساتێکی دەگمەن بوو. لە کاتی دامەزرانی حکوومەتی نیوه سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١، ئەو قەڵایە درا بە حیزبی سەرەکیی ناوچەکە. دوو ساڵ دواتر وەک دیاری درا بە قەوارەیەکی سیاسیی کوردی سەرکوتکراوی ڕۆژهەڵات لە باکووری ڕؤژئاوای ئێران. ٢٥ ساڵە سەدان بنەماڵەی ئاوارە یەک کیلۆمیتر ئەولای قەڵا لە کەمپی ئازادیدا دەژین. قەڵاکە بنکەی کۆمەڵایەتی و ئیداریی دانیشتوانی کەمپەکەیە، کە شوێنی حاوانەوەی حیزبە سیاسییەکەیە لەگەڵ شوێنی کتێبخانەکەی و ژووری کۆبوونەوە کە لەلایەن یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنان کەلكی لێ وەرگیراوە. بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی حەوت مووشەکی مەودا مامناوەندی، زەوی بۆ زەویی بە قەڵای کۆیەوە نا. ئامانجی ئەوان کۆبوونەوەیەکی سیاسی بوو بەڵام لە ئاکامدا زۆربەی بینا ناسیاسییەکان تێک ڕووخان، لە ناویاندا کتێبخانەکە. لەو پەلامارەدا شازدە کەس گیانیان بەخت کرد و زیاتر لە ٤٠ کەس بریندار بوون، کە ژن و منداڵیشیان تێدان. کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر، لە کاتێکدا کە هێشتا کەلاوەکانی دەستی مووشەکبارانەکە دووکەڵیان لێ بەرز دەبۆوە، ئاهی دەستی بە نوێترین پێشانگاکەی کرد. ئاهی زانستی هونەرەجوانەکانی لە زانکۆی تاران خوێندووە. ئەگەرچی ئەو پسپۆڕی بواری پەیکەرسازییە، چەندین تابڵۆی سەر دیواری کێشاونەوە کە ئیلهامی لە تابڵۆکانی سەر دیواری دەیڤید ئالڤارۆ سیکێریۆس وەرگرتووە. ئێستا، زۆربەی داهاتەکەی لە حەقدەستی بەرهەمی پەیکەرە دارییەکانە کە بۆ جوانکاریی کەلکیان لێ وەردەگیرێ، بەڵام ئەو حەز دەکا لە پێش هەموو شتێکدا لە پلاستیک بۆ وێنا کردنی ڕوخساری ڕاونراو و ئازار چێشتووی کوردان بۆ ڕووداوی وەک کەمپەینی کۆمەڵکوژیی ئەنفال کەلک وەرگرێ کە لە ژێر فەرماندەیی ئامۆزای سەددام "عەلی کیمیاوی" بەڕێوە چوو. کاتێک لێی دەپرسین کە ئاخۆ هونەرمەند لەبارەی ڕووداوهکانی دهوروبهری ههست به بهرپرسایهتی دهکا، لە وڵامدا دەڵێ، "من هێندە بەرامبەر بە تووندوتیژی هەستیارم کە تەنانەت ناتوانم سەربڕینی مریشکێک چاو لێ بکەم، بۆیه بەرهەمهکانم باس له کۆمەڵکوژی دەکهن". پەیکەرە پلاستیکییەکانی ئاهی له سهر بنهمای بیرۆکهی گۆڕینی کارایی و بهکارهاتنی ماددهکانه، لهم بارهوه دەڵێ: "من بۆیە کەلکم لە پلاستیک وەرگرت چونکە یەکێک لە بەرهەمە لاوەکییەکانی نەوتە، هەر وەک ئهو چەکە شیمیاییانهی کە سەددام بهمهبهستی کوردکوژی پهرهی پێ دهدا. ئهمن دەمهەویست له ماددهیهک که بۆ توندوتیژی کەلکی لێ وەرگیرابوو، ئامێرێک درووست بکهم بۆ هونهر". شێوازی پهروهردهی ئاهی بووهته هۆی ئاشنابوونی لهگهڵ ڕێژهیهکی بهرچاو له هونهرمهندانی دهروهست، وا هەست دەکا لەگەڵیان لە گفتوگۆدایە، لە بانسکی ڕا بگرە تا جۆزێف بۆیس. باوکی کە پەیکەرساز و پێشمەرگە بوو، لە ١٩٨٢ کەوتە دەست سپای ئێران و پاش ئەشکەنجەدران، کوژرا. شۆڕش وەبیری دێ کە باوکی "زۆر حەزی لە کاندینسکی" بوو. دهوڵهت وەک تۆڵە ئەستاندنەوەیهک بە هۆی بەشداریکردنی ئاهی لە ناڕەزایەتیی دژی تێرۆری دەوڵەتیی چەندین هونەرمەند، کە لە ٢٠٠٦ دەستی پێکرد، سزای "قەدەغە کردن به ماوهی سێ ساڵ پێشاندانی بەرهەمەکانی لە پێشانگاکاندا" بەسەر داسەپاند. ئەو دەڵێ: "سیستەمی ئەوێ، ڕێگا بە ئازادیی ڕادەربڕین نادا". ئەو لە ساڵی ٢٠٠٩، کاتێک کە وەک هونەرمەندێکی دەروەستی ڕۆژهەڵات هەستی بە مەترسی گەورەتر کرد ئێرانی جێ هێشت و ئاوارە بوو. ئاهی و هاوسەرەکەی، بەیان سۆهرابی، شاعیر و ئەکتەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ١٩٨٢ لە دایک بووە، لەگەڵ کوڕە سێ ساڵانەکەیان بە ئوتۆمبێل بەرەو کەمپی ئازادی بۆ سەردانی هاوڕێیانیان دەچوون کاتێک کە مووشەکەکان لێ دران. "من لەسەر گردەکە بووم کاتی تهقینهوهکه. من مووشەکەکانم نەدیتن بەڵام گوێم لە دەنگیان بوو." لەجیاتی ئەوەی شوێنەکە بەجێ بێڵی، بەرەو قەڵا لێی خوڕی کە دووکەڵی ڕەشی لێ هەڵدەستا. له دوای تێپەڕکردنی زۆربەی کاتەکەی لەو ڕۆژەدا بهمهبهستی ڕاگواستنی کوژراو و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە، پرسیاری لە ڕێبەریی ئەو حیزبە کرد بۆ ئەوەی بزانێ کە ڕێگای پێ دەدرێ کە لە شوێنی تەقینەوەی مووشەکەکان بەرهەمی هونەریی بخوڵقێنێ، ئەو بیری لە کوژرانی باوکی دەکردەوە و پێویستیی خێرای خۆی بۆ یارمەتیکردن بە ساڕێژ کردنەوەی کۆمەڵگەکەی دەردەبڕی، بە کەلکوەرگرتن لە وەرەقەیەکی پاشماوەی مووشهکێک وەک شابلۆن، بە ڕەنگی تاقمێک پەپوولەی لە سەر دیوارێک کە دوای هێرشەکە بە ساغیی مابۆوە کێشانەوە. ئەو دەڵێ: "لێرە دارێکی لێ بوو، کە زۆر خۆشەویست بوو، من دەمهەویست سێبەری تارمایی ئەو دارە بە پەپوولەکان بکێشمەوە." ماوەی حەوتوویەک بنەماڵەکە لەنێو وێرانەکاندا خەوت ههتا تابڵۆکانی پەرە پێدان. سۆهرابی دارە زیاندیتووەکانی سنووری پانتایی تەقینەوەکانی بانداژ کردن، وەکوو ئەوەی کە مرۆڤی بریندار بووبن، بەو شێوەیە برینەکانیانی وەک برینی مرۆڤ وێنا کردن. دواتر، ئەو و ئاهی هەمان کاریان لەگەڵ دیوارە ڕووخاوەکان کرد، شوێنی پڕیشکی مووشەکیان بە ڕەنگی سوور پڕ کردەوە تا وەک برینێک بچن کە خوێنیان لێ دەچۆڕێ. هێندەی پێ نەچوو کە خەڵکەکە یارمەتی سۆهرابییان کرد. لە نهومە تێکڕووخاوەکەی دووهەمی بیناکە کە شوێنی کتێبخانە بوو، ئەو و پێشمەرگەیەکی بەتەمەن بە لاپەڕەی کتێبەکان کەلێنی دەرکەوتووی ئارماتۆڕ کە سەردەمێک ئەستوونی بیناکەیان پێک دێنا، پڕ کردەوە. ئاهی بەتەمایە لە پاشماوەی شتومەکەکانی دوای هێرشەکە بۆ بڕگەکانی دواتری بەرهەمەکەی کەلک وەرگرێ. له سهر ئهمه دەڵێ: "من ناهێڵم ئەوانە بە فیڕۆ بچن، من سەرجەم ئەو پاشماوەیە وەک ئامرازێک بۆ جوانکاری بەکار دێنم". ڕۆژی دواتر ئاهی پۆرترەیەکی سوهەیلا قادری و نەسرین حەددادی لەسەر دیوار کێشاوە، دوو سەرۆکی یەکیەتیی ژنان کە بە یەکەم مووشەکەکە کوژرابوون. ئەو بە ئاماژەکردن بە پشتێندی گوتی، "هەردووکیان بە دیوارێکی کە تەقیبۆوە دوو لەت ببوون، بۆیە من بەشی سەرووی لەشیانم کێشاوەتەوە". ئەو ئاماژە بە قەڵشتێکی درێژی دیوارەکە دەکا، شوێنێک کە پۆرترەکەیان لەناکاو کۆتایی پێدێ: "دیوارەکەش بریندارە". کاتێک کە ئاکامی کارەکانیان وردە وردە دەرکەوت، سۆهرابی پێشنیاری کرد کە ناوی بەرهەمەکەیان بنێن، "چیرۆکی ژیانەوەیەک بە گێڕانەوەی من". هونەری دەربڕینی ئەم هونهرمهنده بۆ درووستکردنی پەیوەندییەک لە نێوان هونەرمەند و کۆمەڵگەکەی گرینگ بووە. لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا، ئەو لە کن ئەستوونێک ڕاوەستا بوو کە بیناکەی ڕاگرتبوو، باوەشی بە ئارماتۆرەکەیدا کردبوو وەک ئەوەی بڵێی ئەمه که بیناکەی لەسەر پێ ڕاگرتووه، وەک ئەتڵەسی ڕۆژهەڵات . لە یەکی دیکەدا ئەو لە پەنای کۆلکەدارێک وێستاوە و لەسەرخۆ لقەدارێکی له نێوان پاشماوەی قەڵا ڕووخاوەکەدا هەڵگرتووهتهوە و بە بانداژ جێگا برینی دارەکە دهبهستێتهوه. ئاهی دەڵێ: "ئەوه بووە به بەشێک لە دارێکی مەزنتر، بەشێک لە ڕیشەکانی ئێمە، خەباتی ئێمە." درەنگانی شەو، ئاهی پاشماوەی ڕەنگە سوورەکەی لە دیوارێکی ژوورێک هەڵسوو کە پڕیشکە خوێنی پێوەبوون، شوێنێک کە سێ پیاو لە تەقینەوەکهدا کوژرابوون، لە کاتی گواستنەوەی تەرمەکانیان یارمەتیی کردبوو و لە تووڕەییان ڕەنگەکەی بە دیوارەکان هەڵپڕژاندبوو. دوای هەڵواسینی مۆبایلێک کە لە سیم و شتی دیکە لە میچەکەوە بەرببوونەوە درووست کرابوو، ئەو جووتە دەرزەنێک شوێن پەنجەی لەسەر دیوارەکە نەخشاند. ئەوان لە کاتێکدا کە لە بەرزایی دوو میترەوە دادەگەڕێن، وردە وردە کەم ڕەنگ دەبنەوە، بە شێوەیەکی ترسناک وێنای ڕاکردنێکی شکست خواردوو دەکهن. سێ حەوتوو دواتر، نیوەی ڕەنگە پڕژاوەکان مهیلهو ئهرخهوانییهکی کاڵ دهکشێن. ئاهی دەڵێ: "کاڵترەکان پەڵەخوێنن، به تێپەڕینی کات هێدی هێدی کاڵ دهبنهوه". مهبهست لێرهدا ئەوەیە دهبێ زۆربەی بەرهەمەکانی چیرۆکی ژیانەوەیەک بە گێڕانەوەی من کاتی بن. قووڵکەکانی شوێنی تەقینەوەی مووشەکەکان خێرا پڕ کرانەوە و ئهو ژوورهی کە پڕینچکە خوێنی پێوە بوو بەم زوانە سەرلەنوێ ڕەنگ دەکرێتەوە. زۆربەی دیوارەکانی کە بەرهەمەکانی ئاهییان لەسەر کێشراوەتەوە دووبارە سواغ دەکرێنەوە چونکە خهڵکهکە ناوەندەکەیان نۆژەن دەکەنەوە. بۆ هونەرمەندەکان، ئەو وەرسووڕانە شتێکی باشە، دووبارە درووستکردنەوەی کۆمەڵگەکەیان هاندەری سەرەکیی گشت پڕۆژەکە بووە. ئاهی گوتی: "وەک هونەرمەندێک، کەلک لەو ئامرازانە وەردەگرم کە لەبەر دەستم دان تا هاندەری بەرخۆدانی کۆمەڵگەکەم بم. فەرماندە حاجی گوڵاوی، کەسێکی دەم بە پێکەنین کە چل ساڵە پێشمەرگەیە و ناوەکەی بە مانای گوڵە، بە لەسەرەخۆیی قسەکانی دەبڕێ... "شۆڕش لەخۆبووردووییەکی مەزنی لە خۆی نیشان داوە. ئەو یەک کاتژمێریش جێی نەهێشتین، ئەو هێندە سەرقاڵی کارەکەی بوو. ئەو ورەی بە ئێمە بەخشی. ئەو ئێرەی کردە شوێنێک کە لە بیر نەکرێ، شوێنی شانازی دووبارە." پێشمەرگەیەکی تازە ئەوەی زیاد کرد، "هاوسەر و منداڵەکەشی بە هەمان شێوە." ئاهی پلانی درووستکردنی هێمایەکی بیرەوەریی هەتاههتایی هەیە، پەیکەرێک کە هیوادارە لە حەوشەی قەڵا درووستی بکا. ئەو بە شانازییەوە دەڵێ: "من هێشتا هەموو ئەو شتانەی دوای تەقینەوەکە کۆم کردنەوە ماومن". بەڵام ئەو جارێ لە بارەی ئەو بیرۆکانەی کە لە گەشە کردندان بێدەنگە. یەکێک لە ساکارترین بەرهەمەکانی، دروشمێکە بۆ بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات کە بە ڕەنگی سوور و سەوز بە کوردی نووسراوە لە ژێر تاقی دەروازەی چوونە ناو قەڵا. نووسراوە؛ "بەرخۆدان دێژەی هەیە. ژیان درێژەی هەیە". ئاهی بە بزەیەکی باوەڕبەخۆیانەەوە دەڵێ: "ئەوان هەوڵ دەدەن بوونی ئێمە بسڕنەوە، بەڵام ئێمە هێشتا جوانی و هونەر دەبینین". سەرچاوە: https://hyperallergic.com/467551/a-tragedy-inspires-an-impromptu-art-intervention-in-iraqi-kurdistan/