کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیرۆکی خۆڕاگری (ئازادبوونم لە زیندان)

16:36 - 1 سەرماوەز 2718

لە دوابەشی گێڕانەوەی بەسەرهاتی گیرانمدا جارێکی دیکە بۆ باس لەسەر بابەتێک دەگەڕێمەوە زیندانە شاراوەکەی پادگانی «ولی عصر»ی تاران. شەهید کەماڵ دەباغی و من و کوڕە موجاهیدەکە بووین، ژوورەکەمان هێندە گەرم بوو تەنیا شۆرتمان دەبەر دەکرد، سللولەکەمان دەوروبەری ٢ لە ١ بوو. ڕۆژێک دەربیچەی دەرگاکەمان کرایەوە. دیتمان سەرۆککۆماری ئەوکات عەلی خامنەیی و مووسەوی تهبریزی، داواکاری گشتی و چەند دەرەجەدارێکی بەرزی پۆلیسیان دەگەڵ بوو، وەژوور کەوتن. سڵاوی کرد و ڕووی کردە بەرپرسی زیندان و گوتی ئەوانە تاوانیان چییە؟ گوتی: ئەو کوڕە مونافقە و ئەو دوویەی دیکەش سەر بە حیزبی دێموکراتن. خامنەیی ڕووی کردە کوڕەکە و لێی پرسی: ڕۆڵە بۆ بوویەتە مونافق؟ کوڕەکە لە وڵامدا دەنگی هەڵبڕی: «بەنام خدا و بە نام خلق قهرمان ایران، من مجاهدم تو منافقی». خامنەیی ڕووی کردە کاک کەماڵ دەباغی و گوتی ئێوە بۆ بوونەتە دێموکرات؟ شەهید کەماڵ ئهوای وڵام دایەوە : «لەوەی مەپرسە بۆ بووینەتە دێموکرات، بەڵام جەنابت کە ئیددیعات هەیە زەمانی شای زیندانی بووی، ویژدانەن سللولی ئینفرادیی سەردەمی شا ئەوا بوو؟ ئەم ژوورەی ئێمە هێندە گەرمە تۆ ناتوانی سەعاتێک لەم ژوورە بمێنیتەوە. دیوێکی چووک و کپ و بێ پەنجەرەیە. ئەگەر ئیسلام ئەوەیە، بۆ من جێگای شانازیە کە کافر بم.» خامنەیی دوای ئەو قسانە نێوچاوانی تێکنا و ڕووی له داواکاری گشتی و بەرپرسی زیندان کرد و پێی گوتن: «رسیدگی کنید». ئەو «ڕەسیدەگییە» ئاکامەکەی ئەوە بوو سللوولەکەیان گۆڕین، سللوولە نوێیەکەش هەر بە قەد ئەوەی پێشێ بوو، لوولە ئاوەگەرمەکەشی هەر هەبوو، بەڵام پەنجەرەی هەبوو و هەوای ئازادتری تێ دەگەڕا... با بێمەوە زیندانی دەریای ورمێ و باسی تەشکیلاتی ڕێکخراوەکان. ڕێکخراوەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و موجاهیدین تەشکیلاتی باشیان بۆ خۆیان درووست کردبوو، ڕێژیم چەند کەسی فارسی بە ناوی موجاهیدین و کۆمۆنیست خزاندبووە نێو زیندانێ بۆ ئەوەی نفووز بکەنە نێو ڕیزی تەشکیلاتەکان. تا ئەندازەیەکیش سەرکەوتن و تەشکیلاتی موجاهیدینیان هەڵتەکاند. بەرپرسەکەی موجاهیدین کوڕێک بوو بە ناوی «جەمشید نیک ئهخلاق» کە پێم وابێ خەڵکی سەڵماس بوو. ئەمن نەمدیتبوو، بەڵام بەداخەوە ئێعدام کرا و بەڕێوەبەرانی تەشکیلاتی کۆمەڵەش گیران کە من کەسێکیانم دەناسی. (واتە جیران سللولم بوو. ڕەنگیم نەدیتبوو و، ئەگەر پاسدارەکان دیار نەبان دیوار بە دیوار قسەمان دەکرد). ناوی جەعفەر عیسمەتی و خەڵکی مهاباد بوو کە بەداخەوە ئێعدامیان کرد. تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتیش لە بەندیخانەی ورمێ بەڕێوەبەرەکانی ئەحمەد سادقپوور (سۆفی ئەحمەد) و من بووین کە نەکەوتینە ئەم داوەی ڕێژیم. دیارە نرخیشمان دا بۆ ئەم پاراستنە. هێندێک کەسی ئێمە کە پووڵیان کۆ کردبۆوە بۆ یارمەتیدان بە کەسانی بێ ملاقات و بۆ کڕینی باتری بۆ هەر دووک ڕادیۆکانمان، گیران و بردیان بۆ ئەشکەنجەخانەی ئیتلاعات. هەموویان باش خۆڕاگرییان کرد و سڵامەتیش دەرچوون. چۆنیەتیی ئازادبوونم کەمێک دەگەڕێمەوە دوایە بۆ تێگەیاندنی باشتری بابەتەکە. زۆربەی هەرە زۆری زیندانییەکان لە دادگای ورمێ بە سەرۆکایەتیی «حجةالاسلام ئیمانی» کە (دەیانگوت لە فیرقەی حوججەتییەیە). ماوەی کاتی دادگایی کردنەکان نەدەگەیشتنە ١٠ خولەک. ڕۆژێک خەبەرمان زانی هەیئەتێکی شووڕای عالی قەزایی دێ، بە سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا موقتەدایی. ئێمەش بە هەلمان زانی و کاری باشمان بۆ کرد و نیزیک ٨٠٠ کەس شکایەتیان نووسی و دایان بە هەیئەت و چی وای پێ نەچوو ئاغای ئیمانییان گۆڕی و کەسێکیان هێنا بە ناوی حوجەتولئیسلام جەواهیری. ئەو فەرقی زۆر بوو دەگەڵ ئیمانی، دەستی کرد بە دادگاییکردنەوە زۆر کەس و پەروەندەکانی وەگەڕ خستنەوە. یەک لەوان من بووم کە شکایەتم کردبوو. ئیمانی ٣ جار دادگایی کردبووم و بە هەر سێ جاران ١١ خولەکی نەگرتبوو. دادگاییکردنەوەم لە لای جەواهێری ٢ سەعاتی کێشا. لە کۆتایی دادگاییدا دوو پرسیاری لێ کردم یەکێکیان قەزایی بوو ئەوی دیکەش مەزهەبی. گوتی تۆ لە بەشی قەزایی حیزب بووی. ئەگەر مێگەلێک بکەوێتە زەویی گەنم چۆنت قەزاوەت کردووە؟ منیش گوتم سێ شارەزای جووتیار دێنین و ئەوان تەشیخیس دەدەن چەندی زەرەر بووە. گوتی درووستە. ئەدی پێت وایە ئیمامی زەمان هەیە؟ گوتم هەرچی دەکەم ناتوانم قەناعەتم بێت. گوتی ئەگەر وابێ بڕۆ لە زیندانێ کتێب وەرگرە و لەم بابەتەوە بخوێنەوە. ماوەیەک پێ چوو نامەیەک لە دادگا ڕا هات و پێیان ڕاگەیاندم کە پێویستە ٤ ساڵیتر لە زیندان بی. (ئەوکات ٢٧ مانگ بوو لە زیندان بووم.) ڕۆژێکی هەینیی بەهاری ١٣٦٦بوو. لە حەوشەی زیندان دەگەڵ کاک سۆفی ئەحمەد سادقپوور دانیشتبووین. پرسیارم بۆ دەردێنا. سەر و بەندی ئیمتیحانی پۆلی ٩ی بوو. بڵیندگۆ هەرای کرد: «عومەر شاداب شتومەکەت کۆکەوە و وەرە ژووری فەرمان». گوتم کاک سۆفی من ئەوە دەڕۆم لەوانەیە بمبەنەوە بۆ ئیتلاعات بۆ ئەشکەنجە و شتی وا. بە شێوەیەک هاوڕێیان تێبگەیەنە کە ئارخەیان بن هیچ شتێک نادرکێنم و ئەگەر هاتن و گوتیان عومەر ئەوانەی گوتوون بە هیچ شێوەیەک باوەڕ مەکەن. چوومە دەرێ، پاسدارێک گوتی: «مزگێنیم دەیە ئازاد بووی». گوتیان ئێرە ئیمزا بکە دەڕۆی. هەتا ئێوارێ لە قەرەنتینەیان کردم و پاشان بردیانمە دەرگای دەرێ و مۆرێکیان لە باسکم دا و دەرکەوتم. بە شەقاماندا دەڕۆیشتم و پێم وابوو خەونە. ئەوە ماڵێشمان نەیانزانیوە. لە ترمیناڵ کاک محەممەدی حاجی مەلا یۆنس بەرەو پیلم هات شتەکانی لێ وەرگرتم و کرێکەشی بۆ دام. گەیشتینەوە شنۆیە مام حەمەدەمین گوتی نایەڵم بڕۆیەوە و میوانی من دەبی لە ماڵی زاواکەم (حاجی قادر پشتیوان). گوتم زۆر باشە. باوکی شەهیدێک دیتمی هەرچەند قەولی دا بە ماڵێمان نەڵێ بەڵام شەوێ هەر گەیشتبۆوە درکاندبووی. باوکم گوتبووی پێرێ ملاقاتم کردووە و باسی نەکردووە! بۆ بەیانی بە دوامدا هاتن و چووینەوە ماڵێ. خەڵکێکی یەکجار زۆر لە دۆست و ناسیاوان ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوان هاتنە سەردان. کاک ئەحمەد سادقپوور لە ملاقاتێ بە باوکمی گوتبوو بە عومەر بڵێ بە هیچ شێوەیەک نەیەتەوە ورمێ، چون بەرپرسی زیندانێ لە سەفەرێ گەڕاوەتەوە و لە ئازادکرانی ناڕازییە و ئیعترازی داوەتە دادگا. وابوو کە چەند مانگ دوای من کاک سۆفی ئەحمەدیش ئازاد بوو. لە سەر داوای د. شەڕەفکەندی لە نێوخۆ دەستمان بە کاری تەشکیلاتیی حیزب کردەوە. هەردووکمان دەگەڵ هاوڕێیەکی تر دانیشتین و کۆمیتەیەکی حیزبیمان دامەزراند و دەستمان بە تێکۆشان کردەوە و زۆر زووش جوابی دایەوە تا دواتر ناچار بووین ساڵی 1373ی هەتاوی بێینەوە ڕیزی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەکەمان. هیوادارم لە دواڕۆژدا بە تەواوی ئەم داستانە پڕ ئازار و پڕ سەربەرزییە بە دوور و درێژی بنووسمەوە.