کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ میسینجێرەکەی شەهید هاوڕێ شێخانی

16:41 - 1 سەرماوەز 2718

«چەن ڕۆژێکە کوڵی گریانێکی خەستم هەڵگرتووە و هیچ دڵپڕێک چەند مانگێکە گەرووم پڕە لە ئاواز و هیچ بیسەرێک چەن ساڵێکە دەفتەرم پڕە لە شێعر و هیچ خوێنەرێک، نادۆزمەوە کە فرمێسک و ئاواز و شێعرێکی لا جێ بهێڵم...» بۆ میسینجێرەکەی شەهید هاوڕێ کارساز، ناسراو بە هاوڕێ شێخانی هاوڕێ گیان سڵاو! ئەوکاتەی من شنۆ خنجیلانەکەم بەجێ هێشت تۆ هەروا مێرمنداڵ بووی و بە هەڵکەوتیش بێ نەمناسیبووی، بەڵام تۆ لە من دڵئاوەڵاتر بووی و ئێستاش نازانم لە کوێڕا دەتناسیم و چۆنت دەناسیم. زۆری پێنەچوو تۆش وەک من تێرت لە بەفراوەکانی کێلەشین و ڕەندۆڵە نەخواردەوە و لە کاتێکدا هەروا تامەزرۆی گێلاسی شنۆیە بووی و تێر بە دڵی خۆت لە کووچە باخەکاندا جحێڵایەتیت نەکردبوو، هەمووانت بە ئومێدی گەڕانەوەیەکی بەزوویی و یەکجاری بەجێ هێشت و ڕووت لە دەڤەری کوڕەکانی خۆمان کرد. دوایە لە فەیسبووک وەک دوو دێموکرات و دوو هاوشاری یەکترمان دیتەوە و بووین بە دۆستی فەیسبووکی و حیزبی و لە دووریی هەزاران کیلۆمیترەوە بە دڵ بووین بە برا و هاوسەنگەر و باوەڕپێکراوی یەکتر. وەبیرتە داماننابوو کە هاتمەوە تێر باسی ئەو دواییانەی شنۆیەم بۆ بکەی، باسی منداڵیی خۆت و کۆڵانەکانی سەلیم ئاباد و تەنانەت باسی شێتەکانی شارم بۆ بکەی، باسی حەوڵا شێت و لاڵەی ئیسکۆرتی کاک نەبی قادریم بۆ بکەی، پێم بڵێی ئاخیرەکەی چی بەسەر پردی پووشاوێ و تاریکە بازاریدا هات. چیڕۆکی سەفەرەکانی ئەو دواییانەم بۆ بگێڕییەوە کە لەگەڵ کوڕەکان دەگەڕایەوە. وەبیرتە پێم گوتی ئەگەر لەگەڵتان دەرچم پێمخۆشە سەفەرێک پێکەوە بگەڕێینەوە، بەڵام دەبێ قادر محەممەدگوڵیشمان لەگەڵ بێ. گوتت بەچاوان هەتا شنۆیە لە سەر شانت دادەنێم تۆ هەر وێنە و فیلمی چاکمان بۆ هەڵگرەوە با کە شەهید بووین وێنەی تایبەتیمان هەبێ. هاوڕێ گیان! تۆ لە سەر بەڵێنی خۆت مای و بە ئاوات گەیشتی و بووی بە شەهیدی سەربەرزی نیشتمان و ئەوە من بووم کە بەدقەولیم لەگەڵ کردی، بەڵام قسەی خۆمان بێ وێنەی زۆر جوان و شێرانەت هەبوو بۆ ڕۆژی ئاوا مێژوویی و ئەوە ئێمەین هەتا هەتایە یاد و ناوی تۆ لەسەر سەرمان دادەنێن. هاوڕێ گیان! بەڵێن بێ لەوەی واوە من هەموو هەواڵەکانی ئێرەت بۆ دەنووسم و تۆش قەولم پێ بدە لەو سەفەرەتدا هێندێک تینوێتیی من بشکێنی. لە جیاتی من بچۆ خزمەت شەهید محەممەدی عەلی پیرێژنێ و دەستەکانی ماچ کە و بڵێ گەردنم ئازاد کا، چونکە زۆر لە سەر سفرەی ناو و ناوبانگی ئەو، ئاوم خواردۆتەوە.. تۆخداکەی جوان سەرنج بدە کاتێک کاک دوکتۆر پاش ئەو هەمووە ساڵە حەسەنپوور دەبێنێتەوە چ ڕوو دەدا، بزانە وێنەیەکم بەدزی بۆ ناگری و هەر بەو میسنجێرەی جاران بۆم بنێری! سەری خۆت بزانە حەسەنپوور ئەو هەمووە نهێنییەی حیزبی لەکوێ داناوە... بەڵام هاوڕێ گیان، تۆ گیانی وەنەوشەی کچت نەکەی باسی ئەم دواییانەی کوردستان بۆ کاک دوکتۆری بکەی، لە باسەکەی کەرکووک و سەربەخۆیی و ئەوانەش گەڕێ. باسی دوو لەتبوونی خۆمان و کۆمەڵەکانیش هەر بە لایدا مەچۆ، چونکی لەوانەیە لەمەودوا ئەو شۆڕشگێرانەی دژی یەکبوونن یان لە شەرمی ماڵ و منداڵی ئێوە بڕۆن و یانیش تەکانی ئاخر مووشەک مێشکیانی لەقاندبێ. دەکرێ تەنیا هەر ئەو ڕاستییەی پێی بڵێی کە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە جاران یەکجار زۆر یەکگرتووترن. هاوڕێ گیان! دامنابوو پێکەوە جارێکی تر بچینەوە شنۆ و چوار سووچی شار بە پیاسە بگەڕێین و حەسرەتی کووچە باخەکانی گێلاس نەبێتە خەونی هەتاهەتایی و جارێکیتر لە قەننادییەکەی خۆتان پاڵوودەیەکی سارد بخۆین، بەڵام ئێستا کە سەفەری ڕێگایەکی دیکەت هەڵبژارد و بوێرانە ئەو شانازییەت بە گیانی خۆت کڕی، دڵنیابە کە گەڕامەوە تاک تاکی ئەو شوێنانەی پێت خۆش بوون بە وەنەوشەیان نیشان دەدەم و هەر وەک بەڵێنیشم پێدابووی ناهێڵم خۆفرۆشە ڕاپۆرتدەرەکانی قەرەسەقەل سەریان هەڵبێ و لە سەرووی مەجلیس دانیشن، دەبێ کارێک بکەم خائینانی شەوی یەلدا و هەمووی ئەوانەی ورگیان بە پارەی خەیانەت هەڵمساندووە بە سزای کردەوەکانیان بگەن یان کلکیان لە گەڵووزیان نێن و ماڵ و منداڵیان هەتا هەتایە سەرشۆڕی کردەوەی بابیان بن. دڵنیاشت دەکەمەوە یەکێک لە خۆشترین شەقامەکانی شنۆیە بە ناوی تۆ دەکرێ و نەوەکانی تۆ شانازی بە ناوی تۆوە دەکەن. هاوڕێ گیان، دیتت ئاخیری کاکە ئیدریست خۆی بۆ نەگیرا و لەگەڵ دایکت سەردانی ماڵە تازەکەیان کردی، دیتت بە چ هەیبەت و شکۆیەکی میوانی بەخێراتن دەکردن، ئەو سەری بەرز بوو و سینگی تەژی بوو لە شانازی و ورە، هەر ئەو شانازییەی ئارام و قەراری لێ ئەستاندبووی. ئەدی دیتت کە لە شنۆوە تا کرماشان، واتە هەموو شارە خۆشەکانی ڕۆژهەڵات چۆن وەڵامی داوای حیزبەکەتیان داوە و مانیان گرت. دیتت کوردانی ئورووپا چۆن دەرکیان بە سەفارەتەکانی ئێران گرتبوو و چیان بە ئاڵای ئێران کرد؟ هاوڕێی گیان! لە کۆتاییدا بە هاوڕێکانت بڵێ کە کەس نەیدەزانی بۆ کامتان بگرێ، ئەو ماوەیەی ئێوە بە کۆڕ میوانی هەموو چرکەساتەکانی ژیانی ئێمە بوون و بنەماڵەکانتان لە ئێمە قایمتر وەک پۆڵا بەڕێیان کردن و ئەوە خەریکە قەڵاکەی دمدمیش ئاوەدان دەکرێتەوە... کەس نییە وێنەی کاک مەنسوور هاوسەری دادە سوهەیلای نەدیبێ کە چەندە بە سەربەرزی دارەبازی شەهید و شەریکی ژیانی لە سەر شان داناوە، کاک ئاوات حەسەنپوور ئەوەندە قایم و بە وەرە بوو کە خەڵك لە جێگای ئەو فرمێسکی دەڕشت و شانازی بە ورەی ئەو دەکرد. ئەو تەنانەت ئیزنی سەرەخۆشی و کراسی ڕەشی بە ئێمە نەدا. هانا وریاش کە رۆژ نەبوو هۆنراوەیەکی تازەتان بۆ نەنووسێ و وێنەیەکی تازەتان لێ بڵاو نەکاتەوە.... هاوڕێ گیان! زیاترت بۆ دەنووسم.... چاوەڕێ بە...