کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرۆڤ، هزر و بیر و هەست و ئەوین

01:51 - 17 سەرماوەز 2718

مرۆڤ چییە کە فەیلسۆفەکان بە دەیان هەزار لاپەڕەیان لەبارەیەوە نووسیوە. جەستەیەکی پێکهاتوو لە گۆشت و ئێسقانە و خاوەن ڕووح و هزر و هەناسەیە. خەڵاتی سروشتە کە کاتێک لە بەرامبەر چیایەک دایدەنێین، وردیلەیەکە. چیاش بەو مەزنیە لە بەراورد لەگەڵ گۆی زەویدا، خڕکە بەردێکە. بیچمی زەوی، ئەویش لە هەمبەر کاکێشانی خۆر و ئەستێرەکان نوختەیەکە. ئێستا با بزانین ئەو مرۆڤە کەوا خاوەن هزر و هەست و هەناسەیە، قەیاسی لەبەرامبەر ئاسمانی ئەستێرەکان چەندەیە؟ دەکرێ بڵێم بەقەرا ئەوان گەورەیە. چونکە دەتوانێ بیر بکاتەوە، هەر هەموویان ورد و درشت بخوێنێتەوە و بیاندۆزێتەوە. هەر ئەو مرۆڤە کە لە بەرامبەر جیهانی کاکێشاندا بچووک و نادیارە، لەبەر ئەوەی خاوەن هزرە، ساحێبی ئەندێشە و بڕیارە. زەینی ئەو نە لەگەڵ دەشت و دەریاکان قەیاس ‌دەکرێ و نە لەگەڵ جیهانی بێسنوور. لە هەمان کاتدا دەتوانێ قورسایی خۆرەکان، ئەژماری ئەستێرەکان، مەودای کاکێشانەکانیش دیاری ‌بکا و بگرێتە بەر ڕێگاکانی سەخت و دوور. مرۆڤ دڵ و هەستی هەیە. لەو دووەش گرینگتر، خۆزگە و خولیای ئەو بوونەوەرەیە. کاتێک برسی دەبێ، نان دەخوڵقێنێ، وەختێک تینوو دەبێ ئاو هەڵدێنجێ، خاوەنی هەڵسەنگاندنە، لەبەرامبەر ناهەقیدا سەر هەڵدەبڕێ و ساحێبی لێکدانەوەیە. ئەگەر وەکوو زانایەک ڕووناکی دەدۆزێتەوە، ئەگەر وەکوو پزیشکێک ئازارەکان چارەسەر دەکا، هاوتەریبیش دەتوانێ لە پێناو ڕزگارکردنی نەک سەدان، بگرە هەزاران ئینسانی ‌دیکەدا گیانی خۆی بەخت ‌بکا. دە فەرموون بەسەرهاتی قارەمانەکان بخوێننەوە. با بزانین ئەوە کام هێزە کە ئەوان هان دەدا هەستی قارەمانەتییان ببزوێ و تا سنووری گیانبەختکردن پێشڕەو بن؟ پارە، مادییات، بەرژەوەندییە سووک و بچووکەکان، یا نەخێر مرۆڤایەتی؟ لە وەڵامی هەمووی ئەو پرسیارانەدا دەبێ بڵێم: ڕووحی نەمرییە و خۆشەویستی. کورد وەکوو گەلێکی چەوساوە، هەرچەند لە پێشکەوتن و مافداری بێبەش کراوە، بەڵام خاوەنی هەزاران لەو مرۆڤانەیە کە بۆ دابینکردنی مافی ئینسانی بە شێوازی جۆراوجۆر لە شەڕگەیە. ڕۆژئەژمێری کورد بە ڕۆژە خوێناوییەکانی، بە ژمارەی شەهیدەکانی، بەهێزترین بەڵگەیە. با بڕوانینە ١٧ی خەرمانان. ئەو ڕۆژەی کە قەڵای دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مووشەکباران دەکرێ و دەیان شەهید و برینداری لێ‌ دەکەوێتەوە. با بزانین ئەو مرۆڤانەی بە ئاگری سارووخەکان گیانیان لێ‌ئەستێندرا کێ بوون؟ بەڵێ ئەوان پۆلێک کۆتری ئاشتی بوون، کە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی، ئینسانییەت و حوڕمەت و کەڕامەت بۆ مرۆڤە چەوساوە و هەژارەکاندا تەواوی تەمەنی خۆیان بەخشیبوو. پۆلێک پەڕەسلێرکەی دوورکەوتوو لە زێدی خۆیان، ئەو زێدەی کە چاوەڕوانی بەهارێکی خاوەن سەربەستی بوو. ئەوانە ئیرادەیان لە خزمەتی هزر و باوەڕیاندا ئەوەندە بەهێز بوو کە هیچ بەختەوەرییەکی ڕۆژئاوایی نەیتوانی بە ئاگری تاراوگەیی بیانسووتێنێ. ئەگەر نا تاراوگەی ڕۆژئاوا باخچەیەکی بەربەرین بوو بۆ نەسرینەکان، ئاسمانەکەشی ماڵێکی فەڕەح بوو بۆ سوهەیلاکان. بەڵام، یەکیان ئاسمانی کوردستانی بە هیچ ئاسمانێک نەگۆڕییەوە و ویستی میوانی سیوەیلەکان بێ، دووهەمیشیان مێرگوزاری ئەوێی نەویست، چونکە ویستی هاوڕێی نەسرین و وەنەوشەکانی زێدی خۆی بێ. بۆیە دیسان دەگەڕێمەوە سەر هێزی باوەڕ. باوەڕی حەسەنپوور و نەسرین، سۆزی سوهەیلای مەنسوور بۆ نیشتمان، ورەی هاشم و هاوڕێ و برایم و ڕەحمان، لەخۆبووردەیی کەریم و مەنسوور و یاسر و فاروق وێڕای مام شێرکۆ و عوسمان، لەگەڵ ئاواتخوازیی موختار و جەماڵی جوانەمەرگی جوان، هەرهەموویان کۆمەڵێک مرۆڤ بوون کە بۆخاتری خۆزگەکانیان هیچ ئەستێرەیەکیان نەکوشت و لە کاکیشانی بێسنووری سەروەریدا بەدوای ئازادیی بستێک خاکدا حەوداڵ‌ بوون. ئەوان خاوەن هزر و ئەندێشە و هەست بوون، بۆیە توانییان ڕاپەڕن. ئەو سەرهەڵدانەی ئەوان دەستیان پێکرد، ئەمڕۆ وەکوو دارستانێکە کە ڕێشەی لە ڕەوەزە سەختەکان تێپەڕیوە و بە ئاوی ژێر خاکی کوردستان پاراو دەبێ. ئەوان ئەگەر سەریان هەڵپەرتێوراوە، ڕەگیان لەنێو دڵی خاکی ڕۆژهەڵاتدا داکوتاوە و چاوەڕوانی بەهاری دوای نەهامەتییەکانن. بەڵێ ئەوانە کۆمەڵێک مرۆڤی خاوەن هزر  و ڕووحی نەمری و ئەندێشەکانن. ئەوانە قارەمانانی بیرکردنەوە بوون و هیمای هێز و بڕیارەکانن. ئەوانە ئینسانن.   سێرەتان لە سەرمان گرت ویستتان باوەڕەکان بکوژن سێرەتان لە دڵمان گرت ویستتان هەستەکان بکوژن نەتانزانی ڕۆژهەڵاتم خۆی ئەمڕۆ یەکپارچە قەڵایە سەر و دڵ و هەست و باوەڕیش هەمووی لە باوەشی ئەو دایە