کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یادکردنەوە دوو کەس له قوربانیانی قەتڵە زنجیرەییەکان ڕێگری لێکرا

22:00 - 17 سەرماوەز 2718

هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆڕی یادکردنەوەی دوو کەس له قوربانیانی قەتڵە زنجیرەییەکان بە ناوەکانی محەممەد موختاری و محەممەد جەعفەر پوویەندە لە ڕۆژی 16ی سەرماوەز کرد. هەر لەو پێوەندییەدا سوهراب موختاری لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆ "زەمانە" جەختی کردەوە کە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی محەممەد موختاری و محەممەد جەعفەر پوویەندە بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنیەکان بەڕێوە نەچوو. مانگی سەرماوەزی ئەوساڵ بیستەمین ساڵیادی تیرۆری سیاسی ئەو دوو ڕۆشنبیرە بەناوبانگە ئێرانییە. محەممەد موختاری و محەممەد جەعفەر پوویەندە دوو کەس لەو نووسەرانەن کە لە ڕەوتی قەتڵە زنجیرەییە سیاسیەکانی لە ساڵی 1376 بە دەستی هێزە جەنایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران. بەپێی نەریتی ساڵانە، کانوونی نووسەرانی ئێران له ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆ بۆ ڕێزگرتنی یادی محەممەد موختاری و محەممەد جەعفەر پوویەندە دەچنە ئیمامزاده تاهێری کەرەج و لەسەر مەزاری ئەو دوو کوژراوە ئاماده دەبن و یادیان بەرز ڕادەگرن. هەرچەند بەڕێوەچوونی ساڵیادی داریووش فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری بە بەشداریی پڕخرۆشی خەڵک و چالاکان، هیوای زۆرتری خستبووە دڵی خەڵکەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئازادانەی ساڵیادی کوژرانی ڕۆشنبیرانی سیاسی، سەرەڕای ئەوەش کوڕەکەی کانوونی نووسەرانی ئێران بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنیەکان هەڵوەشایەوە. بەوتەی سوهراب موختاری، ڕۆژی هەینی وەکوو ساڵانی پێشوو بە دەستێوەردانی بەربڵاوی هێزە ئەمنیەکان ڕێگری کرا له ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەو دوو کوژراوە و ڕێگای گۆرستانیان قۆرخ کردبوو. هێزە ئەمنیەکان ئیزن بە کەسیان نەداوە بچنە سەرقەبران و ئەو کەسانەشیان وەدەرنابوو کە پێشتر چووبوونەوە نێو گۆڕستانەکە. ناوبراو لەبارەی ڕەوتی بەدواداچوونی دادوەری زنجیرە قەتڵە سیاسییەکانی ئێران پشتڕاستی کردۆتەوە کە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت ئێستاکەش بە چاوی ئەمنییەوە چاو لەو دۆسیانە دەکەن و ناهێڵن پەرده لەسەر ڕاستییەکان لابدرێ. ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە ڕەوتی دادگای ئەو قەتڵە سیاسییانە له ڕاستیدا بۆ پاراستنی کەسەباڵاکانی نیزام و هەوڵدان بۆ ئاشکرا نەبوونی ڕاستیەکان بەڕێوەچوو.