کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٧ی سەرماوەزەوە بۆ ١٧ی خەرمانان، لە گەڵاڕێزانەوە بۆ ئاورباران

16:35 - 18 سەرماوەز 2718

هەموو ١٧ی مانگێک خەیاڵ بەرەو دەروازەی کۆیەم دەبات. ساڵانێکە هەموو ١٧ی مانگێک بە خەیاڵ بەرەو دەروازەکەی کۆیە دەچم، پێنج مۆم هەڵدەکەم و چاوەڕوانی کووژانەوەیان دەبم بەیادی تۆی خۆشەویستم و هاوسەنگەرانت... وا نەزانی لە یادم کردووی ئازیزەکەم، وانەزانی تەنیا ١٧ی مانگە وەبیرم دێیەوە.ئەمن هەموو ڕۆژێ کۆرپەکانی لە پاش بەجێماوت دەگرمە ئامێز و تێر تێر بۆنی گەڵاڕێزانی سەرماوەزی کۆیەیان لێ دەکەم... ئەمن هەموو ١٧ی مانگێک نرکەیەک دەکەوێتە دڵم و ئەمساڵیش بە کارەساتەکەی ١٧ی خەرمانان بە یەکجاری داڕووخام و وێران بووم... خۆشەویستی بیست و یەک ساڵی خەیاڵەکانم! ئەتۆ دەزانی ئەمساڵ ١٧ی خەرمانان، ئاسمانی قەڵا ئەستێرەباران بوو؟ ئەتۆ زانیت ئەمساڵ ١٧ی خەرمانان هەر گوڵاڵەسوورە بوون لە حەوشەی قەڵا سەربەرزەکەی دێموکراتدا هەڵ دەوەرین؛ ئیتر من ماومەتەوە و دەروازەی کۆیە و تەرمی خەڵتانی خوێنکراوی تۆ و چل ساڵ پێشمەرگایەتیی کاکم و حەوشە گوڵبارانەکەی قەڵا لە ١٧ی مانگدا... ئیتر ئەمن ماومەتەوە و گەڵاڕێزانی سەرماوەز و ئاوربارانی خەرمانان و .... ١٧ی مانگ... *** دڵنووسێک لە زمان منیرە ڕەسووڵزادە، هاوسەری شەهید ساماڵ ئیسماعیلی کە ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٦ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ چوار کەسی دیکە لە هاوسەنگەرانی بەدەستی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەروازەی کۆیە شەهید . ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویش تاقانە براکەی، کەریم ڕەسووڵزادە (مام شێرکۆ) لە قەڵای دێموکرات لەگەڵ 13 کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بوون بە قوربانی مووشەکبارانی کۆماری تیرۆر و سێدارە.