کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سادق زیباکەلام؛ خەڵکی کورد کۆماری ئیسلامی ناوێ

15:32 - 22 سەرماوەز 2718

سادق زیباکەلام لە دوای کۆبوونەوەی زانکۆ"کوردستان" لە سنە، ڕایگەیاند؛ کوردەکان تووڕەن لە دەست دەسەڵات و ئەوەش بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسان و هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە. رۆژی سێ‌شەممە ٢٠ی سەرماوەز دکتور سادق زیباکەلام مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە شاری سنە سیمینارێکی لە ژێر ناوی "ئاوردانەوەیەک لە چل ساڵ کرداری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان" بۆ خوێندکارانی زانکۆی "کوردستان" بەڕێوەبرد. زیباکەلام هەوڵیدا لە قسەکانی وێڕای ڕەخنەگرتن لە کەمکاری و کەمتەرخەمیی بەرپرسان، دێموکراسی و دیالۆگ بە چارەسەری کێشەکان بزانێ و، لەو بارەوە بۆ خوێندکاران قسەی کرد. بەڵام دوای قسەکانی بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە تووڕەییەوە پێشێلکرانی مافی گەلی کوردیان لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، وەبیری "زیباکەلام" هێنایەوە. چەند کەس لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ڕوو بە دکتور "زیباکەلام" وەکوو نوێنەری تاران چ لە سەروبەندی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و چ لە ئێستادا ! بە ڕاشکاوی بەدژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تاران قسەیان کرد و، بە بێ‌ترس باسیان لە ویست و داوا ڕەواکانی گەلی کورد کرد. خوێندکارانی کورد لە زانکۆی "کوردستان"ی سنە، ڕەخنەی توندیان لە قسەکانی زیباکەلام گرت کە لە تارانەوە ناردرابوو هەتا ئەو چینە ئاکتیڤە ئومێدەوار بکا بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی و هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی کۆماری ئیسلامی لەو بەشە لە کوردستان بکا. بەڵام بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە کە بڵاو کراوەتەوە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە تووڕەییەوە " چل ساڵ زڵم و هەڵاواردنی سیستەماتێکی ڕێژیمی تاران"یان وەبیر زیباکەلام هێناوەتەوە. لە بەشێکی دیکە لە ڕەخنەگرتن لە قسەکانی سادق زیباکەلام و کەمکارییەکانی حکوومەتی ناوەندی ، خوێندکارێک بە ئازایەتییەوە باسی لە ڕێبەرانی شەهید و ناسراوی گەلی کورد وەکوو پێشەوا قازی محەممەد و دکتور قاسملوو کرد کە بۆ بەهۆی هەژاندنی بەشداران و، خوێندکاران چەپڵەڕێزانیان کرد. دکتور سادق زیباکەلام لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەدا دانی بەوەدانا، کە کوردەکان بێزارن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو حکوومەتەیان ناوێ و بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە تاران.