کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر ڕێکخراوە مەدەنییەکان

22:23 - 22 سەرماوەز 2718

لە درێژەی گوشارەکانی حکوومەت بۆ سەر ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی "وڵات" لە شاری بۆکان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئاماژەی بە گوشاری فەرمانداری و شارەوانی بۆکان بۆ داخستنی دەفتەری کاری ئەو ئەنجوومەنە و ڕاگرتنی چالاکییەکانی کردووە. لەو بەیاننامەدا هاتووە، گوشارخستنە سەر بنکە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە دیاردەیەکی نوێ نییە کە ئەزموونمان نەکردوو بێ، ئەو گوشارانە بە درێژایی مێژوو سەرهەڵدانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان لە ئێران بوونی هەیە و تاکوو ئێستاش هەر بەردەوامە. ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی "وڵات" لەو بەیاننامەدا زیادی کردووە: بە پێی ڕاگەیێندراوی پێشووی ئەو ئەنجوومەنە لەبارەی گوشاری بەردەوامیی فەرمانداری و شارەوانی بۆکان بۆ داخستنی نووسینگەی ئەنجوومەن، جارێکی دیکە رادەگەێنین ئەگەر لە لایەن بنکە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە بەشێوەیێکی یەکگرتوو هاوکاری و پشتیوانیمان نەکرێت دەست ئەدەنە سڕینەوەی ئێمە. مانگی گوڵانی ئەوساڵ، دووکەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات بە ناوەکانی "حامێد سپێهری و جەعفەر ئەمینی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەنده دژی دەوڵەت" لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێیەوە بە 18 مانگ زیندان سزا دران. بەپێی حوکمی ڕاگەیەندراو، "حامێد سپێهری" بە یەک‌ساڵ زیندان و "جەعفەر ئەمینی" بە شەش مانگ زیندان سزا دراون. ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی 96 له لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان دەسەبەسەر و پاشان ٢٨ی خاکەلێوەی ئەوساڵ بە دانانی بارمتەی پەنجا میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کران.