کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزیک بە ٨٠٠ چالاکی مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکانی ئێران دان

22:27 - 22 سەرماوەز 2718

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، ڕێزی لە بەندکراوانی مافی مرۆڤی ئێران گرت و هەواڵی بەندکرانی نزیک بە ٨٠٠ چالاکی مافی مرۆڤی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بڵاوکردەوە. لەو تویتەدا کە وێنەی نەسرین ستوودە، ئارەش سادقی، نەرگس محەممەدی، ئەتنا دائمی و گولڕوخ ئیبڕاهیمی ئیرایی، چالاکانی مافی مرۆڤی بەندکراوی بڵاوکردۆتەوە، نووسیویەتی " حکوومەتی ئێران نزیک بە ٨٠٠ چالاکی مافی مرۆڤی لە بەندیخانەکان دا ڕاگرتووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا یادی زیندانیان دەکاتەوە کە لە ئاخیرین بڕیارنامەی پەسەندکراوی ڕێکخراوی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان دا ئاماژە بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران دا کراوە و لەو بڕیارنامەیەدا هۆشداری دراوەتە کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە بڕیارنامەکەدا هاتوە کە لەم یەک ساڵەدا سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان، بەکارهێنەرانی ڕایەڵکە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕازیان لە ئێراندا زیادی کردووە. پێشتریش "جاوید ڕەحمان" ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگادار بوون لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەوڵیدا کە بچیتە ئێران بەڵام کۆماری ئیسلامی ئیزنی بە ناوبراو نەدا کە سەردانی ئێران بکات. شایانی باسە کە ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە لایەن ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤەوە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار کراوە و ڕەخنەی لێ گیراوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، ڕێژی زۆری لە سێدارەدان، پێشێلکردنی ئازادیی بەیان و سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی، پێشێلکردنی مافی زیندانیان و کەمایەتیە مەزهەبی و قەومیەکان و پێشێلکردنی مافی ژنان، لەو نموونانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤن لە ئێراندا. هەر لەو پێوەندییەدا نیکی هێلی باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە کۆماری ئیسلامی پێشینەی دوورودریژی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا هەیە و دادگایی کردن و ناڕوونی دۆسیەی هاونیشتمانیانی ئێرانی و ئەمریکایی هەروا درێژەی هەیە. شایانی باسە کە کەسوکاری زیندانیان لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا داوایان لە ڕێبەرانی جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد تا لە سەر بارودۆخی کەسوکاریان هەواڵ و زانیاریی بڵاوبکەنەوە.