کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولێکی دیکە لە مانگرتنی شۆفیری بارهەڵگرەکان دەسپێدەکاتەوە

21:26 - 24 سەرماوەز 2718

یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەن بارهەڵگرەکان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکی بەفرانبار پێنجەمین دەوری مانگرتنی سەرانسەریی خاوەن کامیۆنەکان و شۆفیرەکان دەست پێدەکاتەوە و ئەو مانگرتنە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ درێژەی دەبێ. لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە" مانگرتنی ٢١ ڕۆژەی شۆفیرەکان و خاوەن کامیۆنەکان لە ڕەزبەری ئەمساڵدا کە بەشێوەیەکی مەدەنی بەڕێوە چوو، لە سەر قسە و بەڵینیەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان کۆتایی پێهات. وەڵامی داواکاریەکان بەداخەوە تا ئێستا هەر لە چوارچێوەی قسەدا بووە و هەتا ئەمڕۆ هیچکام لە داواکارییەکان وەدینەهاتوون و لەو دەوڵەتەدا هیچکەس خۆی بە لێپرسراو و وڵامدەر نازانێ و هیچ ئیرادەیەک بۆچارەسەری کێشە و گرفتی ئەو توێژە زەحمەتکێشە بەدی ناکرێ". لەو ڕاگەیەندراوەدا وێڕای ڕێزلێنان لە ڕۆژی جیهانی گواستنەوە"حمل و نقل" دەنووسێ " ئێمە ڕۆژی جیهانی گواستنەوە وەک ئاخرین مۆڵەت دیاری دەکەین و ڕادەگەیەنین کە ئەگەر هەتا ئەو ڕێکەوتە وڵامێک بە ویست و داوا ڕەواکانمان نەدرێتەوە، ئەوە بەو مانایەیە کە هیچ ئیرادەیەک بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان نییە و هەر بۆیە لە ڕۆژی یەکی بەفرانبارەوە هەتا ڕۆژی ١٠ی بەفرانبار مانگرتنی سەرانسەریی رادەگەیەنین". یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەن کامیۆنەکان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وێڕای هۆشداری بە حکوومەت بۆ چارەسەریی کێشەی خاوەن کامیۆنەکان و هەڵوێستی توندی ئەوان لە ئاکامی وڵامنەدانەوەدا دەنووسێ" لەو ڕێکەوتەوە بە مافی ڕەوای خۆمانی دەزانین کە هەنگاوکانی داهاتوومان گەورەتر و بەهێزتر بن".