کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: ئێران بە مەبەستی گوشاری دیپلۆماتیک نازەنین زاغری بە بارمتە گرتووە

18:58 - 8 بەفرانبار 2718

"جێرمی هانت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە نازەنین زاغری، فەرمانبەری دامەزراوەی "تامسۆن ڕٶیتێرز" ی بە مەبەستی گوشاری دیپڵۆماتێک بۆ سەر لەندەن بە گرۆگان گرتووە.
نازەنین زاغری کە ڕەگەزنامەی  بریتانی / ئێرانیی هەیە، لە بەهاری ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە زیندان دایە و کاربەدەستانی ئێرانی داواکاریی بریتانیایان بۆ ئازاد کردنی ناوبراو ڕەتکردۆتەوە.
"جێرمی هانت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار لە وتووێژێکی ڕادیۆیی دا رایگەیاند: نازەنین تەنیا کەسێک نییە کە بە مەبەستی گوشاری دیپڵۆماتیک بە بارمتە گیراوە، ناوبرا لە گەڵ ئەوەی کە بێ تاوانە، بەڵام لە زینداندا ڕاگیراوە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی نازەنین کرد و گوتی کە ناوبراو نیوەی تەمەنی کچە چاردە ساڵەکەی لە زیندان دابووە و تا ئێستا ئیزنی پێنەدراوە کچەکەی ببینێ کە ئەوە ڕاستەیەکی ترسناک و ناعادڵانەیە.
نازەنین زاغری بە ٥ ساڵ بەندکردن حوکم دراوە. کە حەوتووی ڕابردوو هەزار ڕۆژ بە سەر بەندکردنی ناوبراودا تێپەڕی، هەموو تۆمەتەکانی دژ بە خۆی ڕەتکردەوە.
"جیرمی هانت" لە درێژەی وتەکانیدا وێڕای باسکردن لە شارستانییەت و مێژووی ئێران، گوتی: کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ وڵاتان ڕێزیان بگرن بەڵام ڕێگاکەی ئەوە نییە کە ژنێکی بێتاوان زیندانی بکەی و هیوادارم کاربەدەستانی حکوومەت پێداچوونەوەیەک بەو بۆچوونەی خۆیاندا بکەن. ئێمە لە گەڵ زۆر وڵات کێشەمان هەیە بەڵام هیچ دەوڵەتێک  بە مەبەستی گوشاری دیپڵۆماتیک کردەوەی لەو چەشنە ئەنجام نادا.
هەر لە پێوەندی لە گەڵ ئازاد کردنی " نازەنین زاغری"دا ڕۆژی ٣ی بەفرانبار شارەداری لەندەن بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای ئازاد کردنی ناوبراوی کرد. هەروەها لە کۆتایی مانگی خەزڵوەری ئەمساڵدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا سەفەرێکی تارانی کرد و داوای چاوپێکەوتنی لە گەڵ نازنەنین زاغری کرد بەڵام هەوڵەکەی بێ ئاکام بوو و ناوبراو هەر ئەو ڕۆژە هۆشداری دا بە ئێرانییەکان کە ئەگەر بیانهەوێ لە ئامرازی گوشاری دیپڵۆماتیک کەڵک وەربگرن، دەبێ باجەکەشی بدەن.