کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپکردنی بیرەوەریەکانی تێرۆریستێکی جینایەتکار

20:12 - 17 رێبەندان 2718

"کازم دارابی"، تێرۆریست و جینایەتکار کە یەکێک لە بکەرانی ئەسڵیی تێرۆری "میکوونووس" بوو و ١٥ ساڵ بە تاوانی تێرۆری دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هاوڕێکانی، لە وڵاتی ئاڵمان زیندانی کرابوو، بە نووسینی کتێبی بیرەوەریەکانی هەوڵیداوە پاکانە بۆ خۆی و ڕێژیمەکەی بکا و ئەو ڕووداوە سامناکە چەواشە بکا. کازم دارابی تێرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی ١٣٧١ی هەتاویی لەگەڵ دوو تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕات ڕەوانەی وڵاتی ئاڵمان کرا. ناوبراو بە تاوانی تێرۆری میکوونووس دادگایی و مەحکووم کرا. دادگاییەکە ماوەی پێنج ساڵ و٢٤٧ دانیشتنی لێکەوتەوە و زیاتر لە ١٧٠ کەس لەو دادگاییەدا بەشدارییان کرد و شاهیدیان دا. کازمی دارابی تێرۆریست ئێستا کتێبێکی پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی لە سەر ئەو ڕووداوە چاپ کردووە و بە خەیاڵی خۆی دەیهەوێ خۆی و ڕێژیمەکەی لەو ڕیسواییە مێژووییە نەجات بدات . لە ١٧ی سێپتامبیری ساڵی ١٩٩٢ی زایینی دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و و هاوڕێکانی، فەتاح عەبدوولی نوێنەری حیزب لە ئورووپا و هومایونی ئەردەڵان بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان کە بۆ کۆنگرەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست بانگهێشت کرابوون چووبوونە بێرلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان و لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە رێستورانێک بە ناوی "میکوونووس" کەوتنە بەر دەسڕێژی چەند تێرۆریستی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەداخەوە شەهید بوون. لەو تێرۆرەدا نووری دێهکوردی کارمەندی یوئین و کەسیاتیەکی دژبەری کۆماری ئیسلامی یەکێکیتر بوو لە قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە. دوای لێکۆڵینەوە و دادگایی کردن، کازم دارابی ئەندامی سپای پاسداران و ٤ کەسیتر بە ناوەکانی یوسف ئەمین، محەممەد ئوتریس، عەتائوڵڵا عەیاد و عەبباس ڕاحیل لە لایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە قۆڵبەستکران. دوای دادگاییکردن کازمی دارابی بە زیندانی هەتاهەتایی و کاربەدەستانی پلە بەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی، هاشمی ڕەفسەنجانی، عەلی ئەکبەری ولایەتی و عەلی فەللاعیان کە دەستیان هەبوو لەو تێرۆرەدا مەحکووم کران. دوای بڕیاری دادگای ئاڵمان، هەموو وڵاتانی یەکیەتی ئورووپا بە نیشانەی ناڕەزایەتی، باڵوێزەکانیان لە ئێران کشاندەوە. بێگومان تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێکانیان پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و تێرۆری ڕیبەرانی کورد، ڕێژیمی تارانی زیاتر لە جاران لەنێو بیروڕای گشتیی جیهاندا ڕیسوا و تەریک خستەوە