کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

16:24 - 2 رەشەمه 2718

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە. ڕۆژێک کە ڕەنگە بۆ ئەو گەلانەی کە خاوەن سەروەری خۆیان، خاوەن وڵاتی سەربەخۆی خۆیانن، دەتوانن بێ ترس و نیگەرانی بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و لە پێوەندییەکانیاندا لە زمانی خۆیان کەلک وەربگرن، ئەو ڕۆژە گرینگی ئەوتۆی بۆ ئەوان نەبێ، بەڵام بۆ ئەو گەلانەی کە لە ژێردەستی دا ژیان تێپەڕ دەکەن و خاوەن وڵاتی سەبەخۆی خۆیان نین یا لە وڵاتەکەیاندا دێموکڕاسی و ئازادی وجوودی نییە، گرینگیی تایبەت بە خۆی هەیە. گەلی کورد یەکێک لەو گەلانەیە کە دەمێکە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەوڵ دەدا کە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنی و قسەی پێبکا. لەو ڕۆژەدا هیوادارین کە هەموو ئەو گەلانەی کە وەک گەلی کورد ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن، بە تایبەتی گەلی کورد، هیوادارین زۆر لە ڕابردوو شێلگیرتر لە هەوڵی وەدەست هێنانی ئەو مافەدا ڕەوا و سروشتییە دابن. ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە رۆژی جیهانیی زمانی دایکە کە بە پێشنیاری دەوڵەتی بەنگلادش لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ١٩٩٩ یونسکۆ، ڕێکخراوی پەروەردە، زانستی و فەهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پەسەند کرد و ئامانج لەو بڕیارە بۆ پێشگرتن بوو لە لەناوچوونی زمانەکانی جیهان وەک میراتی مرۆڤایەتی. لەو ڕۆژەدا لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینیدا دەوڵەتی پاکستان زمانی "ئۆرددوی" کردە زمانی ڕەسمیی وڵات کە زمانی کەمینەیەکی ئەو وڵاتە بوو. ئەوکات بنگالییەکان نارازی بوونی خۆیانیان لەو بڕیارە دەوڵەت ڕاگەیاند و لە ساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٥٢ کۆمەڵیک ناڕەزایەتیان دەربڕی و لە خۆپێشاندانێکدا لە ٢ی ڕەشەمەی ١٩٥٢دا دەوڵەت بە چەک هێرشی کردە سەر خویندکارانی زانستگەی "داکا" و لە ئاکامدا چەند خویندکارێک کوژران و بریندار بوون. دواتر دەوڵەتی پاکستان ناچار بوو کە زمانگی بنگالییەکانیش بەڕەسمی بناسێ. لە جیهاندا ٦٧٠٠ زمان قسەی پێدەکری کە مەترسی لەنێوچوونی ٤٠ لەسەدی ئەو زمانانە هەیە و تا ئێستاش بەهۆی فەرامۆشکردن و خزمەت نەکردن یا سەرکوتکردن سەدان زمان لە جیهاندا لەنێوچوون. زمانی کوردی یەکێک لەو زمانە زیندوو و دەوڵەمەندانەی جیهانە کە نزیک بە ٥٠ میلیۆن کەس قسەی پێدەکەن. بێجگە لە هەرێمی کوردستان و بەشیک لە ڕۆژاوای کوردستان کە بە زمانی کوردی دەرس دەخوێنن، بەشی زۆری کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان دایە، لە خوێندن بە زمانی کوردی بێبەش کراون. لەگەڵ ئەوەی کە ناهێڵن مناڵانی کورد بە زمانی کوردی بخوێنن، هەر لەو کاتەشدا داگیرکەرانی کوردستان هەوڵدەدەن کە زمان و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست بە سەر گەلی کورددا بسەپێنن و زمانی کوردی لەنێو بەرن. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ گەلانی ژێرستەم ئەهمییەتی تایبەتیی خۆی هەیە. لە سەدەی ٢١ دا کە سەدەی پێشکەوتنە، بەداخەوە لە وڵاتی ئێراندا ڕێژیمی حاکم بە هەموو جۆرێک دەیهەوێ زمان و فەرهەنگی نەتەوەی کورد بکاتە پاشکۆی زمانی نەتەوەی سەردەست یا لەنێو زمان و فەرهەنگی فارسی دا بیتوێنیتەوە. پێویستە گەلی کورد هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا پارێزەری زمان و فەرهەنگی خۆی بووە و بەخوێن و زیندان و فیداکاریی پاراستوویەتی، لەمەودواش هەروا پارێزەری زمانی خۆی بێ و لە هەوڵی گەشەپێدانی دابێ. با دایکان و باوکان بە هاوکاریی مامۆستا و ڕۆشنبرانی کورد بە زەحمەت و دڵسۆزی و فیداکاریی خۆیان پارێزەری زمانی کوردی بن و مناڵەکان بە زمانی شیرینی کوردی گۆش بکەن