کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیانیەی هاوبەشی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی لەیلاخ بە بۆنەی ۲ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک

16:31 - 2 رەشەمه 2718

چوار ڕێکخراوی فەرهەنگی و ئەدەبی و ژینگەپارێزی لە ناوچەی لەیلاخ بە درکردنی بەیاننامەیەک بە بۆنەی ٢ی ڕەشەمە باسیان لە گرینگی زمان و مافی نەتەوەیی کردوە. لە سەرەتای بەیاننامەکە‌دا بە ئاوردانەوەیەک لە پرسی زمان لە باری زانستی و مێژوویدا، پێویستی و کاریگەریی زمانی دایک لە شکڵگرتنی کێیەتی و پەروەدەبوون خراوە بەر باس. لە بەشێک لەو بەیاننەمەدا هاتووە؛ زمانی دایکی لە هەر ناوچەیێکی جیهاندا ئامرازی ناوچەیی ونەتەوەیی شوێنگە و ژینگە جوراوجۆرەکانی جیهانە کە ژینگەیێکی شیاوی خۆباوڕی و بەستێنێکی لە باری چەکەرەکردنی شوناسی تاکەیی و گشتیی کۆمەڵگا و دەرفەتێکی ناوازەی ئاوەزی مێژوو و پلانی داهاتوو،بۆ کۆمەڵگا و نەتەوە جۆراوجۆرەکان دادەمەرزێنێت. لە درێژەی بەیاننامەی هاوبەشی چوار ڕێکخراوی فەرهەنگی شاری دێولاندا هاتووە؛ ئاوڕدانەویێک کورت لە دۆخی پەروەردە لە کوردستان و دەرهاوێشتەکانی ئەو سیستمە پەروەردەییە، بۆمان دەردەخات کە سیستمی سەقەتی پەروەردەیی لە کوردستان هەم لە باری ساخت و هەم لە باری ناوەڕۆک لە لایێکەوە و پەروەردە نەبوونی منداڵی کورد بە زمانی دایکی خۆی لە لایێکی ترەوە، بەدیاریهێنەری دۆخێکی مەترسیدار و جێگای تێڕامان بووە.بۆیە داواکارین هەموو کۆمەڵانی نەتەوەی کورد لە کوردستان بە تایبەت دایک و باوکانی وریاو تێگەیشتوو، بە ئاگاهی لەم دۆخە ترسناکە هەنگاوی کردەوەیی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی پەروەردە بوون بە زمانی دایکی بۆ منداڵانیان بهاوێژن هەتا بەرەی داهاتوو لە گەڵ نەبوونی بنەڕەتیترین ، سروشتیترین و سەرەتاییترن مافەکانی ژیانیاندا تووش و دەستەویەخە نەبن. لە کۆتاییدا ،ئێمە وەکوو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناوچەی لەیلاخ و شاری دێولان سەرەڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک باوەڕمەندین کە فرەچەشنی زمانی نە تەنیا ھەڕەشە نییە بەڵکوو جۆرە دەرفەتێکە بۆ پێشکەوتن هەر کۆمەڵگایەک و پەروەردەبوون و ڕاهێنانی فەرمی بە زمانی دایک.