کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕەشەمە لە ئاوایی شوێی بانە

14:02 - 4 رەشەمه 2718

دوای ئەوەی لە شاری بانە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک بەڕێوەچوو، هەر لەو پێوەندییە‌دا ڕۆژی ڕابردوو بە هاوکاری ئەنجومەنە ئەدەبی و ژینگە پارێزییەکان و قەڵەمبەدەستان لە ئاوایی شوێ سەر بەشاری بانە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک بە بەشداری بەربڵاوی خەڵک بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمە‌دا کە بە دەستپێشخەریی ئەنجوومەنی هاژەو ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ڕێژگەی شوێ ڕێک‌خرا بوو، بە جوانی ڕێز لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک گیرا. چالاکان و خەمخۆرانی زمان و ئەدەبی کوردی لە ناوچە بانەو هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی لە ئاوایی شوێ ئەمساڵ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە کۆڕێکی فەرهەنگی‌‌دا وێڕای ڕێزگرتن لەو بۆنە جیهانییە پێداگرییان لە سەر خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی وەکوو مافێکی بنەڕەتی کردەوەو چەند کەس لە نووسەران و شاعیرانی کورد بابەت و شێعری خۆیانیان لەو یادەدا پێشکەش کرد. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە منداڵان و مێرمنداڵانی ئاوایی شوێ بە هەڵگرتنی تراکت و نووسراوەی پێوەندی‌دار خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکییان بە مافی خۆیان زانی. شیاوی باسە ئەمساڵ یادی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بە گەرموگوڕییەوە پێشوازی لێ‌کرا و ڕێوڕەسمەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەو بۆنەیەوە بەردەوامە.