کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی ئەندامێکی چالاک و تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی لەیلاخ

15:14 - 4 رەشەمه 2718

ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی سەر بە تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەورەدێی "سیس"ی سەر بە شاری دێولان لە ناوچەی لەیلاخ بە هۆی سەکتەی مێشکەوە گیانی لە دەست دا. بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کۆمیسیۆنی تەسکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی ڕاگەیاندین کە ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی عەزیزوڵڵا موفاخری، خەڵکی ئاوایی "سیس" لە ناوچەی لەیلاخ، بە هۆی سەکتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد. کاک عەزیزوڵلا موفاخری ساڵی ١٣٥٢ لە ئاوایی سیس لە دایک‌بووە و تا قۆناغی ناوەندی دەرسی خوێندوەو، دواتر بۆ بژێوی ژیانی خۆ و بنەماڵەکەی دەستی داوەتە کار و کاسبی. ناوبراو کە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا پەروەردە ببوو، ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی پێوەندی بە رێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە کرد و وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب لە نێوخۆی وڵات دڵسۆزانە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا بەردەوام بوو. ناوبرا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا چەند جارێک لە لایەن دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراوە و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بۆتەوە. بەڵام هەمیشە خۆڕاگرانە مقاومەتی دەکرد و لەسەر بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی سوورتر دەبوو. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی ناوادەی هاوڕی عەزیزوڵڵا موفاخرییەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، هاوسەرنگەرانی و سەرجەم خەڵکی ناوچەی لەیلاخ دەکات. رۆحی شاد و ئامانج و ئاواتەکانی بێتە دی.