کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

(FATF): ئێران هەر لە لیستی ڕەش دا دەمێنیتەوە

19:27 - 4 رەشەمه 2718

گرووپی تایبەتی بەڕێوەبەریی دارایی ناسراو بە FATF ڕایگەیاند کە ئێران تا چوار مانگی تر لە لیستی ڕەشدا دەمێنیتەوە. ئەو ڕێکخراوە داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە تا چوار مانگی دیکە لە پێوەندیی لەگەڵ سپی کردنەوەی پارە و پشتیوانیی لە تێرۆرێزم دەبێ هەنگاوی پێویست هەڵینیتەوە و لەو پیوەندییەدا لەگەڵ یاسا و ستانداردە جیهانییەکان خۆی ڕێکبخا. ڕێکخراوی ( ئیف ئەی تی ئێف) کە ناوەندەکەی لە پاریسە، مانگی ئۆکتۆبێری ڕابردوو کاتی بە ئێران دا کە تا مانگی فێورییە لەو بارەوە هەنگاوی پێویست هەڵبگرێ. لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا کە لە حەوتووی ڕابردوودا ئەنجامدرا، ئەو ڕێکخراوە بەو ئاکامە گەیشت کە ئێران پێوەرەکانی ئەو ڕێکخراوی جێبەجی نەکردووە. لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی (ئێف ئەی تی ئێف) دا هاتوە کە ئەگەر ئێران تا چوار مانگی تر پێوەرەکانی ئەو ڕێکخراوە پەسەند نەکا، ئەوە پشکنین و لێکۆلینەوەکانیان لە سەر ئێران زیاتر دەکەن. ئەو ڕێکخراوە داوای لە ئێران کردووە کە دەبێ پێبەندی یاسای سپی کردنەوەی پارە بێ و دەست لە پشتیوانیکردنی تێرۆریزم هەڵبگرێ. ئێران هەمیشە تۆمەتبار کراوە بەوەی کە لە ئێران پارە سپی دەکرێتەوە و محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەو ڕاستییەی پشتڕاستکردەوە. ئەو یاسایانە کە پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەسەندی بکا، ماوەیەکە لە مەجلیسی ئێران و مەجلیسی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام قسەی لەسەر دەکرێ کە تا ئێستا ئامادە نەبوون قبووڵی بکەن و مشتومڕ و ناکۆکی لە سەر پەسەند کردن یا پەسەند نەکردنی لەنێوان کاربەدەستانی ڕیژیمدا باسێکی گەرمی نێوخۆیانە و تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە. قبوولکردن یا قبووڵ نەکردنی ئەو داواکاریانەی ( ئێف ئەی تی ئێف) لە هەر دوو بارەوە زیان بە کۆماری ئیسلامیی دەگەیەنن. قبووڵ نەکردنی واتە مانەوەی لە لیستی ڕەشی ( ئێف ئەی تی ئێف) دا و قبووڵ کردنیشی ڕێگە لە ئێران دەگرێ کە پشتیوانی لە تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستییەکان بکا. گەندەڵی و ئاڵووێر بە پارەی ڕەش یەکێکی تر لەو مەرجانەن کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی قبووڵیان بکا ئەوە ڕێگە لەگەندەڵی و پارەی ڕەش لە ئێران دەگیرێ کە ماوەی چل ساڵە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بەفیڕۆ دەدەن و بۆ مەبەستە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆیان لە جیهاندا کەلکی لێوەردەگرن.