کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سروودی "ئەی شەهیدان" ئاگری نەورۆز لە نەجەف‌ئاوای قوروە کرایەوە

18:02 - 10 خاکەلێوه 2719

ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئنتیزامی ڕێگەیان نەدا لە شاری قوروە ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەبچێ. سەرەڕای بەربەستەکان لە سەر ڕێی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی شاری قوروە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو ناوچە هەستیارەدا، بەڵام هەڵسوڕاوان و چالاکانی فەرهەنگی کۆڵیان نەدا و، ڕۆژی هەێنی ٩ی خاکەلێوە لە نەجەف‌ئاوای قوروە ڕێوڕسمێک بە ئامادەبوونی دەیان کەس لە خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی قوروەو دێولان و سنە، ئاگری نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردی بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و "ئەی شەهیدان" کرایەوە. لەو ڕێوڕەسمەدا کە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێرانیش کاریگەریی لە سەر دانابوو، هەڵوێستی خەڵکی کورد بە گشتی و، بەتایبەتی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد بۆ ڕاگرتنی بۆنەکانی نەورۆز بە نیشانی هاوخەمی لە گەڵ زیاندیتووانی هەستانی لافاو لە ئێران، بەرز نرخێندرا. شایانی باسە زیاتر لە مانگێکە کەسانی چالاک و هەڵسووڕ لە شاری قوروە لە هەوڵدابوون، کە بتوانن لەو شارە یان لە یەکێک لە شارۆچکەکان ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە ببەن. بەڵام بە توندی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە وڵامیان درایەوە. جێی‌ئاماژەیە شاری قوروە هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەروازەی کوردستانی ئێران ناسراوەو بەهۆی تێکەڵاوبوونی کورد وتورک و شێعە وسونییەوە، ناوەندە ئەمنییەکان بە هەستیارییەوە سەرنجی دەدەن و، لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧یش ئاگری دووبەرەکی و شەڕیان لەو ناوچەیەدا هەڵایسان. پێویسە بگوترێ پێشوازی بەربڵاوی خەڵک لە بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ وایکرد هەتا چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شاری قوروە چاونەترسانە لە ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە بە سروودی ئەی شەهیدان ئاگری نەورۆز گەشاوە ڕابگرن و ئەوڕێوڕەسمە بەڕێوە ببەن.