کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیبەیتێک لە ژێر ناوی "ڕۆڵی پێشەوا لە بزووتنەوەی کورددا"

22:31 - 10 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاویی لە "خویندنگەی پێشەوای بنەڕەتی" کۆیە دیبەیتێک لە ژێر ناوی "ڕۆڵی پێشەوا لە بزووتنەوەی کورددا" بە بەشداری بەڕێزان عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیایی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، فواد خاکی بەیگی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و ماریا چالاک مامۆستای مێژوو پێکهات. سەرەتای بەرنامەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. وتاری بەخێرهاتن لە لایەن "شەهێن عوسمان" بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەوە پێشکەش کرا، دواتر لە لایەن "ئارام شوان" بەڕێوەبەری دیبەیتەکە پرسیار ئاراستەی کۆڕگێڕان کرا و هەر کام بە نۆبەی خۆی باسێکیان ئاراستەی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرد. سەرەتا کاک عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای سپاس لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی پێشەوا، باسێکی هەمەلایەنەی لە سەر کۆماری کوردستان و هەلومەرجی نێونەتەوەیی و نێوخۆیی و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە ئامانجەکانی پێشەوا لە دامەزراندنی کۆماردا کرد وگوتی: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوکاتی ئێران و کوردستان و هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر ئێران ئەو دەرفەتە بۆ کورد پێکهات کە لەو بۆشاییە کەلک وەربگرێ و کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندنی ١٣٢٤ی هەتاوییدا ڕابگەیەنێ و زۆر دەسکەوتی گەورە بۆ کورد دەستەبەر بکا و حوکمڕانییەکەی عادڵانە و سەردەمیانە بەڕێوەبەرێ. لە بەشێکی تری باسەکەیدا ئاماژەی بە هێرشی سپای ئێران کرد بۆ سەر ئازەربایجان و کوردستان و کوشتن و قەتڵی عامی خەڵکی ئازەربایجان و فرقەی دێموکڕات لە لایەن ئەرتەشی شای ئێرانەوە و دواتر هێرش بۆ سەر کوردستان و ڕۆڵی قازی محەممەد لە پاراستنی خەڵکی کوردستان بە دەست هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی پاشایەتی. بەشێکیتری باسەکەی تەرخان کرد بۆ گیران و زیندانیکردنی پێشەوا و هاوڕێیانی و بەرگری ئازایانەی قازی محەممەد لە دادگای سەربازیی حکوومەتی شا دا و سەرەنجام تەسلیم نەبوونی قازی محەممەد لە دادگای ناعادڵانەی دەولەتدا و لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێکانی لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوییدا و دواتر کوشتن و لە سێدارەدانی کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە بەشداریییان کردبوو لە کۆماری کوردستاندا. دواتر فوئاد خاکی بەیگی باسێکی لەسەر ڕۆڵی قازی محەممەد کرد لە بابەت پەرەپێدانی هەستی نەتەوەیی لەنێو خەڵکی کورددا. ناوبراو لەو پیوەندییەدا گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی سەردەمی کۆمار واتە ٧٣ ساڵ بەر لە ئێستا دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەو کاتەدا کە ٩٥ لەسەدی خەڵکی کوردستان نەخوێندەوار بوون و سیستمی دەربەگایەتی و عەشایری زاڵ بووە بە سەر کوردستاندا، پێشەوا ڕۆڵیکی گرینگی گێڕاوە و کەسایەتی پێشەوا و ئەندامەتی ناوبراو لە کۆمەڵەی ژێکافدا جێگەی هەڵوێستە و تێڕامانن. ناوبراو باسی لە زمانزانی قازی محەممەد، نەخشی ئەو لە گۆڕینی ژێکاف لە ڕێکخراوێکی داخراوەوە بۆ حیزبێکی دێموکڕات و سەردەمیانە، بەسیستەم کردنی زمانی کوردی، ناوی پێشمەرگە و سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی کرد کە لەو دەسکەوتانەن جێ پەنجەی پێشەوایان پێوەدیارە. بەشێکی تری دیبەیتەکە تەرخان کرابوو بۆ ماریا چالاک مامۆستای مێژوو، ناوبراو پێشەکی باسی خوێندنگەکەیانی کرد کە ناوی خوێندنگەی "پێشەوا"یە و دواتر ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد کرد لە بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی لە نێو گەلی کوردد. لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: پێشەوا موڵکی هەموو خەڵکی کوردە نەک هەر هی پارچەیەکی کوردستان. پێشەوا بایەخێکی تایبەتیی داوە بە خوێندن و پەروەردە و لە وەسیەتنامەکەشیدا ئاماژەی بەوەداوە کە دیارە مەبەستی پێشەوا لە خوێندن و پەروەردە پێوەندی بە وشیاریییەوە هەیە. ئەگەر میللەتێک خوێندەوار بوو هەستی نەتەوەیی بەرز دەبێتەوە. بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوەیی لەنێو کورددا دەبێتەوە هۆی ئەوەی کە لە بەرانبەر نەتەوەکانی تر دا خۆی بە کەم نەگرێ. ناوبراو ئاماژەی بە دابینکردنی مافی کەمە نەتەوەیی و ئایینیەکانی کوردستان کرد و گوتی پێشەوا بە یەک چاو سەیری هەموو خەڵکی کورەدستانی کردووە کە ئەوەش بێگومان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی دابووە. بەشێکی تری دیبەیتەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری بەشداران کە لە لایەن کۆڕگێڕانەوە وڵامی پرسیار و پێشنیاری بەشدارن درایەوە. لە بڕگەی کۆتاییدا کاک عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پەیکەرەی پێشەوای پێشکەش بە بەڕێوەبەری "قوتابخانەی پێشەوای بنەڕەتی " کرد و لە کۆتایی بەرنامەکە ئارام شوان سپاسی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەی کرد و کۆتایی بە دیبەیتەکە هات.