کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

20:55 - 11 خاکەلێوه 2719

کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی مارسی ٢٠١٩ لە شاری رۆسکیلدەی ئەم وڵاتە سمینارێکی بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدان کوردستان بەرێوە برد. سمینارەکە بە سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و ساتێک بێ‌دەنگی بۆ یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان لە لایەن بەرێوبەری سمینارەکە کاک وریا مەلاک سمینارەکە کرایەوە و وێڕای بەرز نرخاندنی نەورۆزی سەمای ئازادی و سپاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، پیناسەیەکی لە نێوئاخنی سمینارەکە کرد و چەند روونکردنەوەی سەبارەت بەم رۆژە دایە ئامادە بووان. پانێلی یەکەم تایبەت بوو بە شەهیدان و قوربانیانی شەڕی داعش و تێرۆری رێبەرانی شەهید و کارەساتی کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە بەشە جیا جیاکانی کوردستان کە لە لایەن نوسەر و رۆژنامەوانی بە توانا دنیز بەرخودان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. دنیز بەرخودان بە نیشاندانی وێنەی کیژە لاو مێرمنداڵە کوردەیەزیدیەکان باسەکەی دەست پێکرد و سیمایەکی لەو کارەساتانە پێشان‌دا کە داعش بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامی داوە. تەوەرێکی دیکەی باسەکە تایبەت بوو بە تیرۆری ڕێبەرانی شەھید د.قاسملوو و د.سەعید کە بەشێوەیەکی ئاکادیمی ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو تیرۆرە ناجوامێرانەیە کردو پەنجەی تاوانی بۆ کۆماری ئیسلامی درێژ کرد، وێڕای ئاماژە بە سات و سەودای ئابووری و بەرژەوەندی هەردووک وڵاتی ئوتریش و ئاڵمان. کۆتایی باسەکە پەلکێشی تراژیدیا و کۆمەڵکوژی ڕۆبوسکی بوو و وێنەی شەھیدو کەس و کارەکانیانی نیشاندا کە تێیدا ٣٤ مرۆڤی بێتاوان قەتڵ و عام کران کە بیست کەسیان منداڵی بەش مەینەتی گەلی کورد بوون. پانێلی دووھەمی سمینارەکە تایبەت بوو بە ڕۆژی نەتەوەیی شەھیدان کە لەلایەن کاک ئالان بەھرامی چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێشکەش کرا. باسەکەی بەڕێز بەھرامی باسێکی زانستی و ئاکادیمی و لەھەمان کاتیش دا ڕەخنە ئامێز بوو لە مێژووی سەد ساڵەی جووڵانەوەی کورد بەگشتی و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەتی. بەرێزیان زۆر بە کراوەیی چۆ نێو بابەتەکان و دەستی لەسەر برین و ناسۆرەکانی گەلەمان دانا و لە ھەمانکاتیش دا ڕێگا چارەی واقیعی و گونجاوی بەپێی ھەلومەرج بۆ ئەم ئارێشانە پێشنیار کرد و پەنجەی خستە سەریان. ناوبراو زۆر بەڕاشکاوانە لە پەیوەندی لەگەڵ دیار کردنی ڕۆژێکی نەتەوەیی بۆ ڕێزگرتن شەھیدان کرد و وتی ئێمە تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێ نەمانتوانیووە ڕۆژێکی نەتەوەیی بۆ شەھیدەکانمان دیاری بکەین و ھەر پارت و ڕێکخراوێک ڕۆژێکی تایبەتی لە ڕۆژمێری پارتەکەی بۆ شەھیدان دیاری کردووە. بەشێکی تری باسەکە تایبەت بوو بەو پلانەی کە لەلایەن دەوڵەتەکانی ناوچە بەتایبەت دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دژی کورد جێ بەجێ دەکرێ و ئیشاڕەی بەوە کرد کە دوژمنان نەیانتوانی ئەوشوناسە نەتەوەیە بتوێننەوە و لە ناوی بەرن و بەگەشبینیەوە لە داھاتووی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوردستان بەگشتی دەڕوانێ و پێی وابوو تەبایی و یەک ڕیزی پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئاسۆی ڕوونی خەبات و سەرکەوتن مسۆگەر تر دەکات. جێی ئاماژە پێکردنە کۆمەڵێکی بەرچاو لە ھێز و لایەنە سیاسیەکان بەشداری سیمینارەکە بوون و بە ناردنی پەیام و بروسکە بەشداری سیمینارەکەیان کرد کە بریتی بوون لە: ١.پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان ٢.یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان ٣.کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ٤.حیزبی کۆمەنیستی باشوور -شیوعی ٥.پارتی ئازادی کوردستان باکور ٦.فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان-دانمارک ٧.یەکیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان ٨.پارتی سوسیالیستی کوردستان-باکور حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی دانمارک