کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێڵاوەکانی ئێران و دەستەوەستانیی کاربەدەستانی ڕێژیم

05:27 - 13 خاکەلێوه 2719

ماوەی دوو حەفتەیە بەهۆی بەفر و بارانێکی زۆر سێلاو زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانی گرتۆتەوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. ڕۆژی ڕابردوو وەزیری نێوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە ٢٣ پارێزگای ئێران لە مەترسیی هەستانی سێڵاو دان. مەحموود سادقی نوێنەری مەجلیسی ئێران ڕایگەیاند کە کارنامەی وەزیری نێوخۆ پڕە لە پرسیاری بێ وەڵام کە بێگومان مەبەستی لە پێڕانەگەیشتن و خەمساردی ناوبراوە لە پێوەندی لەگەڵ سێڵاوەکانی ئێران. لەگەڵ ئەوەی کە سێڵاو و بەفر و باران سروشتین، بەڵام جیا لە سروشت کۆمەڵێک هۆکار بوونە هۆی زەرەر و زیانەکانی سێڵاوەکانی ئێران کە پێی حکوومەتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە. هەر بەپێی وتەکانی حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران، بڕینی لێڕەوارەکان، دروست کردنی بەنداوەکان و گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکان بەشێک لەو هۆکارانە بوون کە سێڵاوەکان ڕوو بکەنە گوند و شارەکان. لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بە هۆی سێڵاو و بەفر و سەرما و وێرانیی ماڵەکان ٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، دەیان هەزار کەس ئاوارە و بێ ماڵ و بێ سەرپەنا بوون و خەڵکێکی زۆریش بریندار و نقوستان بوون. ئەگەر هەر بەپێی قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم بێ، ناکارامەیی و هەڵەی پرۆژەکان، ئامادەنەبوونی ناوەندەکانی فریاکەوتن لەکاتی پێویستدا بوونە هۆی ئەوەی کە زیانێکی زۆرتر و گەورەتر بە خەڵک بگا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یەکێک لە گەندەڵترین حکوومەتەکانی جیهانە، نەیتوانیوە و نەیویستوە ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بۆ خەڵکەکەی دابین بکات و ماوەی چل ساڵە خەریکی بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانە. لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران لە ژێر هەڕەشەی سێڵاو و ماڵوێرانی دان، کاربەدەستانی ڕێژیم خەریکی فڕوفیشاڵ و پێشاندانی مووشەکەکانیانن. لە کاتێکدا کە وڵاتی ئێران پێویستی بە پێڕاگەیشتن و ڕێگا وبان و خۆئامادەکردن هەیە بۆ پێشهات و ڕووداوە سروشتییەکان، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران سەروەت و سامانی وڵات بۆ وێرانکردنی سووریە و کوشتن و قەتڵی عامی ئەو وڵاتە تەرخان دەکەن. لە وڵاتی ئێران هەژاری و برسیەتی و بێکاری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و هەزاران کەس بێماڵ و حاڵن و تەنیا لە تارانی پێتەختی ئێران زیاتر لە پازدە هەزار کەس لە سەر شەقام و کۆڵانەکان دەخەون و لە ئێران بە "کارتن خواب" نێویان دەرکردووە. حکوومەت هەر بە داهاتی نەوتی ئێران دەتوانێ باشترین ژیان و ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵک دابین بکا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕێژیمە و بۆ مەبەستە بناژۆخواز و سەرەڕۆکانی خۆی سەروەت وسامانی خەڵکی ئێران بۆ پێکهێنانی گرووپ و میلیشیا و کاری تێرۆریستی لە جیهان و ناوچەکەدا بەکار دێنێ و کاربەدەستانی ڕێژیم ئامادە نین بیرێک لە دۆخی ژیانی خەڵک بکەنەوە و ڕێگە چارەسەرێک بۆ ئەو هەموو نەهامەتیانە ببیننەوە کە ماوەی چل ساڵە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە.