کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆی نیسان و ڕێفراندۆمەکەی کۆماری ئیسلامی

02:48 - 14 خاکەلێوه 2719

چل ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەو ڕاگەیەندراوەی کە لە ڕۆژی "جیهانیی درۆ"دا، بڵاو بۆوە! ڕێبەرانی ئەو تاقمەی کە دواتر بە کۆماری ئیسلامیی بەبێ هیچ پێشگر و پاشگرێک ناوی دەرکرد، توانییان بە فرت و فێڵی تایبەت بە خۆیان و قۆستنەوەی هەلی لەبار دەسەڵاتی وڵاتی ئێران بگرنە دەست و، بەم جۆرە نەیاران و جیابیرانی خۆیان لە گۆڕەپانی دەسەڵات وەدەر نێن. سنووقی دەنگدانێک کە بۆ خەڵکی ڕوون نەکرابۆوە کە ئایا کۆماری ئیسلامی چ شێوازێک لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات ڕەچاو دەکا! درۆ و ڕاستییەکەی با لەسەر شانی مێژوونووسان و مێژووزانان بێ، ئەوەی کە لە ڕۆژژمێرەکاندا تۆمار کراوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە 12ی خاکەلێوەی 1358ی هەتاویدا، دەنگی ئەو کەسانەی کە لە گشتپرسیی ڕۆژەکانی 10 و 11ی هەمان مانگ و ساڵدا بژێردران ئاکامەکەی ئەوە بوو کە 98.2 لە سەدی بەشداربووان دەنگی ئەرێیان بەو سیستمە دا. لێرەدا دەمانهەوێ بەکورتی چاوێک بە دەرەنجامەکانی چل ساڵەی دەسەڵاتێکدا بخشێنین کە لەو ڕۆژەدا دامەزرا و سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند و هەتا ئێستاش لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە دیار و کاریگەرە. یەکەم شت دەکرێ باس لە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ بێ، لەبەر ئەوەی ئەم ڕێژیمە لەگەڵ خۆی سەرەڕای بێبەشکردنی خەڵک لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانیان؛ بە پاساوی شەرعییەتی ئایینیش توندوتیژی، کوشتوبڕ، ئێعدام، بەردباران، قرتاندنی ئەندامانی لەش وەک دەست و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی نەشیاو و ڕەفتاری نامرۆڤانەی لەگەڵ خۆی بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە بەگشتی و دژبەرانی خۆی بەتایبەتی بەدیاری هێنا. ئەمانە و هەزاران جینایەتی وەک لەسێدارەدانی کەسانی سەر بە ڕێژیمی پاشایەتی و ئەندامانی حیزبە چالاکەکانی ئەو سەردەم، سەپاندنی شەڕ بەسەر خەڵکی کوردستان و تورکەمەن سەحرا و دەسبەسەرکردنی عەڕەبە ئەهوازییەکان بەبیانووی دژە شۆڕش و کریگرتەبوونی وڵاتانی زلهێز و ... لە دوایین ساڵەکانی دەیەی 50، کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی شەست و زنجیرە ئەوانەی ملیان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی 88 نەدا و دواتریش دەستبەسەرکردن و ڕەشبگیریی خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکان لە بەفرانباری 96ی هەتاوی و خۆکوژی پێکردنیان لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان؛ تەنیا خاڵی زەق و دڵۆپێک لەم زەریا بێبەزەییەن کە وڵاتێکی داگرتووە. ئەمە لە کاتێک دایە کە هەرکام لە بەڕێوەبەران و بڕیاردەرانی ئەم جینایەتانە کە دەبوو و دەبێ لە دادگا نێودەوڵەتی و بێلایەنەکاندا وەکوو کەسانی کۆمەڵکوژ و دژەمرۆڤ ڕادەستی یاسا و دادگایی کرابان و بکرێن؛ دواتر لە لایەن بەڕێوەبەران و بەتایبەتی خودی ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە خوێنڕێژەوە پلەکانی سەرکەوتنیان یەک لە دوای یەک پێ بەخشراوە و هەر جارەی پۆستێکی بەرزتریان وەبەر کەوتووە! کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەشەکانی دیکەی تاقیکردنەوەکانیشیدا نەیتوانیوە یان باشتر وایە بگوترێ نەیویستووە، ژیانێکی شیاو و مرۆیی بۆ زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی ئەو وڵاتە دابین بکا و، بەهۆی گەندەڵییەکی سیتسماتیک و لەبن نەهاتوو کە سەروبنی دەسەڵاتی لەخۆ گرتووە، هەموو جۆرە دیاردەیەکی ناشیرین و بێزبزوێن لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێراندا بۆ وێنە؛ دزی، درۆ، خۆکوژی، لەشفرۆشی لە ئاستێکی بەربڵاودا، فرۆشتنی ئەندامانی لەش بەبۆنەی هەژاری و بێدەرەتانییەوە، کڕین و فرۆشتن و تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان و پیشەی سووک و زەحمەتباری کۆڵبەری بەتایبەتی لە کوردستان و ... سەری هەڵداوە، کە هەموو ئەمانە لەسۆنگەی سیاسەتی بەگەندەڵ کێشراو و هەڵاواردنی چینایەتی و ڕەگەزی و ئەتنیکی و ڕوویان داوە و، لە هەمان کاتدا نەبوونی ئیرادەیەکی بەڕاستیی چاکساز لە نێو کاربەدەستانی ڕێژیمدا بۆتە هۆی ئافراندنی دۆخی هەنووکەیی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. کۆی ئەم کەمایەسییە نێوخۆییانە و سەرجەم ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی کە ڕۆژانە لە ئێران ڕوو دەدەن وەک ئاگرکەوتنەوە لە ژینگەکان، قەیرانی کەم‌ئاوی و ویشکەساڵی، بوومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکان و هەستانی لافاوی ئەم دواییانەش باوێینە سەری و، هەر لەم سۆنگەیەوە چاوێک لە دژکردەوەی ناکرداریی بەرپرسانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕێژیمە لەمەڕ ئەم هەمووە قەیرانە بکەین، بووەتە هۆی ئەوەی پتر دەربکەوێ کە ئەم ڕێژیمە چەندە بە خەمی خەڵکییەوە ماندووە و چەندە بەدەم خەڵکەوە هەن! سەرەڕای ئەم گشتە پرس و کێشانە کە دیمەن و سیمایەکی دزێوی بەم وڵاتە داوە لە ئاستێکی بەربڵاوی نێونەتەوەییدا، دەستێوەردانەکانیشیان لە وڵاتانی ناوچە و دەوروبەر و هەناردەکردنی ئیدئۆلۆژیی خۆیان و بارستایی ئەو تێچووە زۆرەی (کە بەش و سامانی خەڵکی برسیی ئەم وڵاتەیە) لەم ڕێگەیەدا، هێندەی دیکە خەڵکی ئێران و تەنانەت زۆربەی دنیای بەو دەرەنجامە گەیاندووە، کە ئەم ڕێژیمە بەرەو چاکسازی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندانی خۆی و خۆشبژیوییەک کە شایانی ئەوانە هەنگاو نانێ. ڕێژیمێک کە لە بنەڕەتڕا بەڕەسمی ڕاگەیاندنەکەی هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی درۆ دایە، ئیتر ڕەنگە چاوەڕوانیی ڕاستیی لێ نەکرێ!! لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنیان چەندەها بەڵا و چارەڕەشیی سروشتی و ناسروشتییان بەسەر خەڵکەکەیاندا باراندووە و، نەحسی و شوومییەک کە لەم چل ساڵەی ڕابردوودا سێبەری ڕەشی بەسەر وڵاتدا کێشاوە؛ بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێ کە لە ڕاستیدا ئەو نەحسی و سێزدەیەی کە دەبێ و پێویستە دەربکرێ هەر ئەم دەسەڵاتە لەسەر درۆ دامەزراوەیە نەوەک شتێکی تر! پرسیار ئەمەیە ئایا لە گشتپرسییەکی دیکەدا و لەدوای چوار دەیە دەسەڵات بەم شێوازە، ئەمجارەیان ڕێژەی دەنگەکان چۆن و چەند بە چەند دەبێ و، ئایا سێزدەی مەبەست وێڕای ئەم هەمووە قەیران و کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەی کە سازی کردووە و بۆخۆی خوڵقێنەری بووە و، سەرەڕای هەموو سەرکوت و زەبر و زەنگەکەی دەتوانێ و پێی دەکرێ هەنگاو بنێتە 41 ساڵ تەمەنیەوە؟! بۆ دوایین قسە وا باشە تویتی مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بێنینەوە کە لە ساڵڕۆژی چل ساڵەی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڵاوی کردەوە: "ئایەتوڵڵا خومەینی لە ساڵی 1357دا بەڵێنی بەختەوەریی لە داهاتووی بە خەڵکی ئێران فرۆشت، چل ساڵ دواتر، ڕێژیمی گەندەڵی ئێران، بێجگە لە پەیمان و بەڵێنێکی شکاو، هیچ شتێکی بۆ پێشکەش کردن نییە."