کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی کۆڵبەرێکی مەریوانی بە هۆی تەقینەوەی مین

14:24 - 14 خاکەلێوه 2719

بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کۆڵبەرێکی دیکە خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان بە ناوی کەریم ڕاستی ناسراو بە کەریم ژێ سێ بە توندی بریندار بووە. ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خاکەلێوە لە سنووری مەریوان ئەو کۆڵبەرە دەکەوێتە سەر مین و، پاش برینداربوونی گەیاندراوە بە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی و دەگوترێ کە بەو هۆیەوە ، لاقێکی لە دەس داوە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە لە حەوتووی ڕابردوودا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو کۆڵبەری دیکە خەڵکی ناوچەکانی سەردەشت و پاوە بریندار بوون. هەروەها بەپێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی "چاونیوز" لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 قوربانییەی ئەمساڵ 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون.