کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیانەکانی سێڵاو و خەمساردی کاربەدەستانی حکوومەت

17:03 - 14 خاکەلێوه 2719

بەپێی سەرچاوەکانی کەشناسی، لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا ئێران ڕێژەی باران بارینی بەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە. لەم چەند ڕۆژەی دواییدا سێڵاو و باران چەند ناوچەیەکی ئێرانی گرتەوە و زیانێکی زۆری بە خەڵک و وڵاتی ئێران گەیاند، لافاوەکان ٢٣ پارێزگای وڵاتیان گرتۆتەوە کە لەوانە ٦ پارێزگای کرماشان، ئیلام، لوڕستان، خووزستان، چوارمەحاڵ وبەختیاری و، کەهگیلویە و بویر ئەحمەد لە دۆخێکی نائاسایی دان و لەسەریەک ٤٠٠ شار و گوند تووشی وێرانی و کێشەوگرفت بوون. لە شاری دروود ٢٠ هەزار کەس و لە "پولدوختەر" ٣٠ هەزار کەس ماڵەکانیان بەجێهێشتوە. بەشێک لەو خەڵکە شار و گوندەکانیان چۆڵکردووە و ڕوویان لە شاخ و کێوەکان کردووە کە بەهۆی بەفر و سەرما و بارانەوە تووشی دۆخێکی خراپ بوون. ٧٨ جادەی نێوان شارەکان و ڕێگای هاتووچۆی دووهەزار و ١٩٩گوند گیراوە و ڕێگا و جادەکانیان وێران بوون. لەسەر یەک ١٤٤ ڕووبار بەهۆی ئاوی زۆرەوە هەستاون و لە ١٥ پارێزگا ٨٤ پردی هاتووچۆ ئاوبردوونی یا تێکچوون و لە ٤٠٠ شوێن زەوی ڕۆچوە یا ڕێگاوبانەکان هەرەسیان هێناوە. بەهۆی شکانی پردی ئەسڵی شاری "پول دوختەر" لە پارێزگای لوڕستان مەترسی لەسەر خەڵکی ئەو شارە دروستکردووە. وەزیری ڕێگاوبانی ئێران ڕایگەیاند کە یەک لەسەر سێی رێگاوبانەکای ئێران وێران بوون. بەپێی ئامارەکان تا ئێستا ٥٨ کەس بەهۆی سێڵاوەوە گیانیان لەدەستداوە و ٤٧٨ کەسیش بریندار بوون. شایانی باسە کە پێشتر کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند کە بڕینی لێڕەوارەکان، دروستکردنی بەنداوەکان و گۆڕینی ڕێرەوی ئاوەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە سێڵاو ڕوو بکاتە نێو شار و گوندەکان. هەر دوێنی فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران دانی بە پێڕانەگەیشتن و نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی دەوڵەت دانا. پاکپوور ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی دەوڵەت لەترسی ناڕەزایەتییەکان ناوێرن بچنە نێو خەڵک و بە هاواری لافاولێدراوانەوە بچن. لەوپێوەندییەدا خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە پێشەنگە بۆ لە فریا کەوتنی خەڵکی لافاولێدراو و ڕێکخراوە مەدەنییەکان خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەل و خواردەمەنین بۆ خەڵکی ئەو شوێنانەی کە ماڵەکانیان لەدەستداوە و ئاوار و بێسەرپەنابوون. شایانی باسە کە دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بانگەوازێکدا داوای لەخەڵکی کوردستان کرد کە بە هاواری خەڵکی لافاولێدراوەوە بچن. لە بەشێکی بانگەوازەکەدا هاتوە " حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی هاوخەمیی و هاودەردی لەگەڵ خەڵکی زیانلێکەوتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتە، هەروەها مەحکوومکردنی کەمتەرخەمی و بێبەرنامەیی ڕێژیم لە پێوەندی لە گەڵ بەهاناوە نەچوونی خەڵکدا، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ و دەگونجی، بەهانای خەڵکی زیانڵێکەوتوو بە هۆی ئەم لافاوانەوە بچن. بەتایبەت بە پێی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەرانبەر بە هاونیشتمانانی خۆمان، پێویستە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بەهانا و یارمەتیی خەڵکی ناوچەکانی خوارووی کوردستانەوە بچین".