کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕە دندووکەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە سەر سێلاوەکانی ئێران

21:06 - 14 خاکەلێوه 2719

لە کاتێکدا کە زۆر ناوچەی ئێران کەوتوونەتە ژێر لافاو و زیانێکی گەورە لە خەڵکی چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە کەوتوە، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەجێی ئەوەی کە لە فریای خەڵک بکەون و گیان و ژیانیان رزگار بکەن، خەریکی تاوانبارکردنی یەکترن. لەم دوو ڕۆژەدا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی وشکانی سپای پاسداران تەلەفۆن بۆ محەممەد باقری فەرمەندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەکا و لە قسەکانیدا ئاماژە بە کەمکارییەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت و ناڕەزایەتی خەڵک دەکا. لە بەرانبەردا کاربەدەستانی دەوڵەتی ڕوحانی لە سەر ئەو لێدوانەی پاکپوور هۆشدارییان دا و ئەوانیش بەشێوەیەک لە شێوەکان سپای پاسداران لە دەستێوەردان و قەیرانە نیوخۆیی و دەرەکییەکان تاوانبار دەکەن. بێگومان بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە مەبەستدارە و ئاماژەیە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان دامەزراوە و باڵەکانی ڕێژیم بەڵام لەم کات وساتەدا کە خەڵک گیان لەدەستدەدا، ماڵی وێران دەبی و مەرگ بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە لە ژیانیان دەکا، نیشانەی ئەوپەڕی نابەرپرسایەتی و خەمساردی کاربەدەستانی ڕیژیمە بە سپا و دەوڵەتەکەی ڕوحانییەوە. ئەگەر لە لایەک سپای پاسداران بە فرۆشتنی لێڕەوارەکان و خاک و خۆڵی وڵات و دەسبەسەرداگرتنی سامانی خەڵک تاوانبار دەکرێ، لە لایەکیتر پرۆژەکانی دەوڵەتی ڕوحانی و گەندەڵی و بەفیڕۆدانی دارایی وڵات بەشێکیترن لە کەموکووڕی و مودیرییەتی هەڵەی ئەو دەوڵەتە کە بە هەردوولا دەستیان ناوەتە بینەقاقای خەڵکی ئێران و ماوەی چل ساڵە بوونەتە مۆتەکەی ژیانی خەڵک. ئەو ڕێژیمە بە بیانووی جۆراوجۆر و تاوانبار کردنی یەکتر و ئەمریکا و ئیسڕائیل هەمیشە خۆیان لەژێر باری بەرپرسایەتی دزیوەتەوە و هیچکات نەیانویستوە کێشەوگرفتەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن. بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو ڕێژیمەوە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا قەیران لە دوای قەیران بەرۆکی خەڵکی گرتوە و هەر ڕۆژە بەجۆرێک دەبنە مۆتەکەی ژیانی خەڵک و بێجگە لە نەهامەتی نەک هەر هیچ بەرەوپێشچوونێکیان لە وڵاتی ئێراندا پێکنەهێناوە بەڵکوو بە دەیان ساڵ ئێرانیان گەڕاندۆتەوە دواوە و دەیانهەوێ خەلک هەر لە برسیەتی و هەژاری دا ڕاگرن و نەهێڵن هیچ چێژیک لە ژیان وەربگرن.