کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەکانی خامنەیی و دەرد و مەرگی خەڵکی لافاولێدراوی ئێران

16:26 - 15 خاکەلێوه 2719

عەلی خەمنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاویی، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ بەرپرسانی حکوومەتی پێکهاتبوو، بۆ جارێکیتر پێداگری لە سەر شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا کردەوە. لەم کاتە هەستیارەدا کە بەشێک لە خاکی ئێران کەوتۆتە ژێر سێڵاو، خەڵک ماڵی وێران بووە، بە دەیان کەس گیانیان لە دەستداوە و بە دەیان هەزار کەس بێ سەرپەنا و برسی و ئاوارە بوون، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەجێی ئەوەی لەبیری چارەنووسی خەڵک دابێ و بیرێک لە ڕزگار کردنی خەڵک بکاتەوە، خەریکی لێدانی تەپڵی شەڕە بۆ ئەوەی جارێکیتریش ماڵی خەڵک و وڵاتی ئێران وێران بێ. ناوبراو لە وتەکانیدا گوتی:" کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەدەری ڕێگای پێغەمبەری ئیسلام و وەدیهێنەری بەهەشتی سەرزەوی و شارستانییەتی نوێیە و لەو شارستانییەتەشدا هەموو پێویستیەکان بۆ نموونە شەڕ وجوودی هەیە". ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دژایەتی هەیە لە گەڵ ئەوەی کە دەڵێن ئامانجی ئیسلام کۆتایی هێنان و لەناوبردنی شەڕە. خامنەیی گوتی شەڕ لە ئیسلامدا هەیە و شەڕ لەگەڵ تاغووت ناپەسەند نییە و پەسەندکراوە و لەو بارەوە شەڕی حەمماس و حیزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل بە نموونە هێنایەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەرچاوەی تێرۆر و شەر و ئاژاوەیە لە ناوچەکە و جیهاندا، کاربەدەستانی ئەو ڕیژیمە هەر بە سەرکوتکردن و کوشتن و قەتڵی عامی خەڵکی ئێران ڕازی نابن و دڵیان ئاو ناخواتەوە، بەڵکوو لە هەوڵی ئەوەدان کە لە هەموو دنیادا ئاژاوە بنێنەوە و بە ترس و تۆقاندن و تێرۆر بە ئامانجە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆیان بگەن. عەلی خامنەیی وەک کەسی یەکەمی ئەو ڕێژیمە بەجێی ئەوەی کە بانگەوازی بەهاناوەچوونی خەڵکی لافاولێدراوی ئێران بدا، جارێ هەر خەریکی هاندانی خەڵکە بۆ شەڕ و جیهاد و خوێنڕشتن و، گیان و ماڵ و چارەنووسی خەڵکی ئێرانی بەلاوە گرینگ نییە.