کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای لوڕستان

17:16 - 15 خاکەلێوه 2719

لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی و پێداویستییەکان بۆ لێقەوماوانی لافاولێدراوی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان دەستی‌پێکرد. بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و سیاسییەکانی کورد لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دوای رووداوی ماڵوێرانکەری سێڵاو لە ئێران بەتایبەتی لە پارێزگای لوڕستان بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی" لوڕستان چاوەڕێمانە" حەماسەی هەرەوەزی یارمەتی گەیاندن بە بوولەرزەلێدراونی کرماشان دووپات دەکەنەوە. لە دوای کارەساتی هەستانی لافاو لە باکووری ئێرانەوە تا گەیشتە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان سەرلەنوێ چالاکانی مدەنی و سیاسیی کورد بە خەمخۆرییەوە هاتوونە مەیدان و دەیانهەوێ لاوازی و خەمساردی دەسەڵات لە پێڕاگەیشتن بە لێقەوماوان کەم بکەنەوە. دوای سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان لە شارەکانی مەهاباد و مەریوان وسنەو دێولان ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە یەکەم ڕۆژی کۆکردنەوەی یارمەتی، هەڵمەتی بە هاناوەچوونی لێقەوماوانیان دەستپێکرد و بڕیارە تا سێ ڕۆژ ئەو چالاکییانە درێژەی هەبێ. شیاوی باسە پێشتر حیزبی دێموکراتی کوردستان داوای لەسەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردبوو کە بەهانای سێڵاولێدراوانەوە بچن و ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێک‌دا هەمان داواکاریی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.