کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی خەڵکی ناڕازی بۆسەر کاربەدەستانی ڕێژیم

20:50 - 15 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاویی، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە سووسەنگرد هێرشیان کردە سەر سەرتیپ "ئەحمەد خادم سەیدولشوهەدا" ناسراو بە "دانشپژوو" فەرماندەی قەرارگای کەربەلا و چەند کەس لە پارێزەرەکانی بریندار بوون. بەپێی هەواڵەکان ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی سێڵاولێدراوان چۆتە ڕۆژاوای ئێران و لە لایەن خەڵکی ناڕازییەوە کەوتۆتە بەر هێرشی چەکدارانە و دواتر لەترسی خەڵک ناوچەکەیان چۆڵکردووە. هەر بەپێی هەواڵەکان ڕۆژی پێشتر موحسین ڕەزایی فەرماندەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەردانی ناوچە لافاولێدراوەکانی کردبوو، کەوتە بەر هێرشی خەڵک و بە قسە پێگوتن و دروشم لە ناوچەکە وەدەریان نا. شایانی باسە کە چەند ڕۆژ پێشتر لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی وشکانی سپای پاسدارن باس لە ناڕەزایەتی جەماوەر و هێرشی خەڵک بۆ سەر خۆیان دەکا. ماوەی چەند ڕۆژێکە سێڵاو ٢٣ پارێزگای ئێرانی گرتۆتەوە و زیاتر لە ٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران ماڵ وێران و دەیان هەزار کەس بێ سەرپەنا بوون. لەو ماوەیەدا بە قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم و خەڵکی ناوچەکە، ناوەند و دامودەزگاکانی ڕێژیم لەوبارەوە زۆر خەمسارد بوون و لە فریای خەڵکی لافاولێدراو نەکەوتوون هەر بۆیە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و خەڵکێکی زۆر ماڵیان وێران بووە. ناڕەزایەتی خەڵک لە ڕێژیم گەیشتۆتە جێگایەک کە ناچارن هێرش بکەنە سەر کاربەدەستە پلە بەرزەکانی ڕێژیم و نایانهەوێ سەردانی ماڵە وێرانەکانیان بکەن. خەڵکی ئێران باش دەزانن کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکان هەر خودی ئەو ڕێژیمەیە کە ماوەی چل ساڵە بۆتە مۆتەکەی ژیانی خەڵک و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ژیانیان. خەڵکی ئێران شاهیدن کە ڕۆژانە بە بەرچاوی خۆیان و هەموو دنیاوە سەروەت و سامانیان بە تاڵان دەچێ و بەجێی ئەوەی لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات خەرج بکرێ و ژیانی خەڵکی ئێرانی پێ دابین بکەن، ڕەوانەی وڵاتانی دیکە دەکرێ و بۆ مەبەستە ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانەکانی ئەو ڕیژیمە دەدرێتە گرووپە تێرۆریستیەکان و میلیشیاکانی ناوچەکە. ناڕەزایەتی خەڵک گەیشتۆتە جێگایەک کە لە هەر دەرفەتێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و هێرش بۆ سەر کاربەدەستان و ناوەندەکانی ڕێژیم کەڵک وەردەگرن و نەفرەتی خۆیان لەو دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارە دەردەبڕن.