کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی جیهانیی خاچی سوور: ئێران ڕاست ناکا، ڕێ لە کەس نەگیراوە

20:54 - 15 خاکەلێوه 2719

وتەبێژی ڕێکخراوی جیهانیی خاچی سوور کاربەدەستانی ئێرانی وەدرۆ خستەوە و گوتی ڕێ لە ناردنی هیچ چەشنە یارمەتی و فریاکەوتنێک بۆ ئێران نەگیراوە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ماوەیەدا گوتبوویان کە سزاکانی ئەمریکا ڕێگری کردووە لە ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە لافاولێدراوەکان. "ئیگنیشێس ئایولف یۆرک"، وتەبێژی ڕێکخراوی جیهانیی خاچی سوور لە نووسینگەی پێوەندییە گشتییەکانی خاچی سوور لە ژنێڤی سوئیس لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند ڕێ لە هیچ چەشنە یارمەتیدانێکی ئێران نەگیراوە و بێتوو مانگی سووری ئێران داوای هاوکاری بکا، خاچی سوور هیچ سنوورێک بۆ بەهاناوەچوونی ئێران ناناسێ. پێشتر حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران گوتبووی کە حیسابە بانکییەکانی مانگی سووری ئێران داخراون و یارمەتیی ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات ناگەنە نێوخۆ، بەڵام ئەمریکا دەڵێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی چەواشەکاری دەکەن، چونکی مانگی سووری ئێران قەت لە لیستەی سزاکانی ئەم وڵاتە لە دژی ئێران نەبووە و نییە.