کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە، بریتانیا و ئەڵمان: بەرنامەی مووشەکیی ئێران هۆی ناسەقامگیریی ناوچەیە

20:55 - 15 خاکەلێوه 2719

سێ وڵاتی فەڕانسە، بریتانیا و ئەڵمان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتویانە لە بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانن. ئەوان لەو نامەیەدا داوایان لە ئانتۆنیو گوتریش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە لە ڕاپۆرتی دواتری خۆیدا کە دەبێ لە جۆزەرداندا بڵاوی بکاتەوە، ڕاپۆرتێکی "تەواو ورد و هەمەلایەنە" لەسەر بەرنامەی مووشەکیی بالستیکی کۆماری ئیسلامی بداتەوە بە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە. ئەم سێ وڵاتە زلهێزەی ئورووپا لە نامەکەی خۆیاندا نووسیویانە کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران هۆی "ناسەقامگیریی ناوچە"یە و پەرەی داوە بە "ئاڵۆزی و گرژی"یەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. فەڕانسە و بریتانیا کە ئەندامی هەمیشەیی شووڕای ئەمنییەت و ئەڵمان ئەندامی غەیرە هەمیشەیی شووڕایە، وێڕای ئەمریکا دەڵێن بەرنامەی مووشەکیی ئێران پێچەوانەی بڕیارنامەی 2231ی شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی ئەم بڕیارنامەیەی پێشێل کردوە.