کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی پێشەوا، ئەزموونێکی بەنرخ بۆ قوتابییەکانی

04:45 - 16 خاکەلێوه 2719

ئەگەر لە مێژووی دووسەد ساڵی ڕابردووی جووڵانەوەکانی کورد و کوردستان ورد بینەوە، دەبینین کە کورد ماوە بە ماوە لە یەکێک لە ناوچەکانی کوردستاندا و، بەپێی هەلومەرجی ئەو ناوچەیە بەتایبەت لە کاتی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیمپراتووری و پاشاکاندا جووڵانەوەیەکی وەڕێ خستووە و، لە ماوەیەکی کەمدا ئەو جووڵانەوەیە توانیویەتی ناوچەیەکی بەربەرین لە کوردستان بگرێتەوە و خەڵکی زۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و، ببێتە هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی. بەڵام بەداخەوە هەر جارێ لە نیزیک لووتکەی سەرکەوتن بە هۆکاری جیاوازی وەک خەیانەتی نێوخۆیی و گەلەکۆمەکیی دوژمنان و ... تووشی شکان بووە. زۆربەی زۆری ئەو جووڵانەوانە بە دوای دەسبەسەر کردن یا شەهیدکردنی ڕێبەرانیان بەتەواوی لێک هەڵوەشاون و بوونە ڕووداوێکی مێژوویی و ئەو ڕەوتە هەتا کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی هەر درێژەی بووە، بەڵام کورد هەر لەو سەروبەندەدا بە پێڕەوی لە جیهانی پێشکەوتوو کەوتە پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراو بۆ ڕێبەریی جووڵانەوەکانی. چونکە ئەوە سەلمێندرا بوو کە جووڵانەوەی ئازدیخوازی و مافویستیی خەڵکی کوردستان پێویستی بە ڕێکخستن و تەشکیلاتی وا هەیە کە دوای هەر ڕووداوێک بۆ ڕێبەر یا ڕێبەران، جووڵانەوە لە حەرەکەت و خەبات ڕانەوەستێ. ئەو کارەش تەنیا بە ڕێکخراوێک دەکرێ کە لەسەر بنەمای حیزبایەتی بە شێوازی مۆدێڕن و سەردەمیانە پێک هاتبێ و باوەڕی پێی هەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لەو حیزبانەیە کە لەسەر ئەو بنەمایە و بۆ ئەو پێویستییە مێژووییە لەسەر دەستی قازی محەممەد پێک هاتووە. بە ڕێبەریی قازی، ئەم حیزبە بە مەبەستی دەسپێکی قۆناغێکی نوێی خەبات بۆ بردنە پێشی بیر و هەستی نەتەوایەتی و شوناسخوازیی تاک و کۆی کورد، پێک هات. هەر بۆیە بەحەق لە لایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتەوە نازناوی پێشەوای پێی بەخشرا و، لە ماوەیەکی کورتدا ئەو نازناوە بوو بە جێگای پەسەندی کۆمەڵگەی کوردەواری لە هەر چوار پارچەی کوردستان. هەر توێژینەوە و لێکۆڵێنەوەیەک لەسەر مێژووی هاوچەرخی کورد و کوردستان بکرێ ناکرێ مێژوو و کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان و کەسایەتیی پێشەوا لەبەرچاو نەگیرێ. چونکە کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتیی پێشەوا لە ماوەی یازدە مانگ تەمەنیدا ئەوەندەیان هەوڵ و تێکۆشان هەبووە کە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ کار و کردەوەکانی کۆمار لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەگرتوویی دایە. ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیەکانی کە دەرەنجامی خەمهێنەری کۆماری کوردستانە، لەمێژ ساڵە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان بە ڕۆژی شەهیدان ناودێر کراوە، بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک پەیمان لەگەڵ خوێن و ڕێبازی شەهیدان نوێ بکرێتەوە؛ کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان ڕێگای خەباتیان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان هەر بەردەوامە. ڕاستە لەو ڕۆژەدا یەکەم سەرکۆماری کوردستان بە دەستی دوژمنی غەدار لەسێدارە درا، بەڵام شێوەی دادگایی و بەرەوپیری مەرگ چوونی پێشەوا دەرسێکی گەورە و بەهێزە بۆ فێربوونی دەرسی وەفاداری بە پەیمان، دەرسی نیشتمان خۆشەویستی و گەلدۆستی، دەرسی گیان فیدایی لە بەرامبەر بەختەوەریی گەل و نیشتمان، دەرسی بەرەوپیری مەرگ چوون بۆ ئەوەی دوژمن بەچۆکدا بێ . ئەوە ڕاستە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی لەدەستدانی بەجەستەی پێشەوا و هاوڕێکانیەتی و ڕۆژی ماتەمی نیشتمانپەروەرانی نەتەوەی کوردە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بەپێچەوانەی مێژووی ڕابردوومان ڕۆژی شەهیدبوونی ڕێبەرمان، پێشەوامان ڕۆژی هەستانەوە و گیان وەبەرهاتنەوەی جووڵانەوەی حەقخوازانە و مافویستیی گەلی کوردە. پێشەوا سەری بردە سەر دار و گیانی بەختی ڕێبازی ئازادیی کورد و کوردستان کرد، بەڵام هەڵبژاردنی مەرگ لەلایەن پێشەواوە ئەگەر لە لایەک بۆ ئەوە بوو پێشی خوێنڕشتن و کوشتاری خەڵکی کوردستان بە دەستی سپای دڵڕەش و قین لە زگی پاشایەتی بگرێ؛ لە لایەکی دیکەوە گیانبەختکردنی پێشەوا بۆ ئەوە بوو کە گیانێکی نوێ بەبەر جووڵانەوەی کورد بکاتەوە. گیان بەختکردنی بۆ ئەوە بوو کە هەموو ئەو کار و کردەوانەی لە ماوەی تەمەنی کەمی کۆماردا، بۆ بردنەپێشی بیر و هەستی نەتەوایەتی ئەنجامیان دابوو دیسان ڕووحیان پێبەبخشێ و لە بیری هەر تاکێکی کورددا بیچەسپێنێ. بۆیە ئەو بڕیارەی پێشەوا وەک هەموو کردەوەکانی دیکەی بۆ دەرسوەرگرتن دەبێ. ئەگەر شۆڕشگێڕانی کورد و قوتابیانی ڕێبازی پێشەوا لە دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان، لە مەرگ ترسابان و بە ڕێچکە و ڕێبازی پێشەوادا نەڕۆیشتبان چارەنووسی ئەو جووڵانەوەش بەدەردی جووڵانەوەکانی پێشووتر دەچوو و، ڕەنگە لەدوای لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێکانی و لە سەردەمی ئێستادا شتێکمان بەناوی جووڵانەوەی کورد لانی کەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو شکڵ و شێوەیە بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد نەبوایە. سەلمێنەری ئەو قسەیە ئەوەیە دوای ٧٢ ساڵ بەسەر شەهیدکرانی پێشەوا و ڕێبەرانی دیکەی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، دەبینین جووڵانەوەی کورد لە ڕوژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو زەبر و زەنگی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی هەروا لەسەر پێیە و، حیزبی دێموکراتی کوردستانیش هەروا لە مەیدانی خەباتدا چالاک و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و، دەرس و هێماکانی کۆماری کوردستان بوونە ڕەمزی یەکیەتیی نەتەوەیی. پێشەوا چ پێش لە گیران و چ لە ڕەوتی دادگایی کردنیدا دەیزانی ئێعدام دەکرێ، هەر بۆیە دەبینین بەپێی هەموو بەڵگەکان پێشەوا بیری لەوە نەکردۆتەوە بە چ ڕێگایەکدا گیانی خۆی ڕزگار بکا، بەڵکوو بیری لەوە کردۆتەوە کە چۆن بتوانێ بە مەرگیش خزمەت بە بەرەو پێشچوونی جووڵانەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد بکا یا بە واتایەکی دیکە؛ شەهید بوونی کاریگەری هەبێ لەسەر درێژەدانی خەبات بۆ ماف و ئازادییەکان. پێشەوا بەئاسانی دەیتوانی بە دوو ڕێگادا گیانی خۆی و هاوڕێیانی لە مەرگ ڕزگار بکا؛ یەکەم بەهاسانی دەیتوانی شاری مەهاباد و یا کوردستان بەجێ بێڵێ و، دووهەم دەیتوانی داوای بەخشین لە شا و دەسەڵاتی ئێران بکا؛ بەڵام پێشەوا هیچ کام لەو دوو ڕێگایەی هەڵنەبژارد، بەڵکوو ڕێگای سێهەمی هەڵبژارد؛ ئەویش ئەوە بوو کە لەلای گەل و نیشتمانەکەی بمێنێتەوە و وەفادار بێ بەو سوێند و پەیمانەی لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان خواردبووی. هەر بۆیە لە دادگای نیزامیدا ئازایانە دیفاع لە مان و مەوجوودیەتی گەلی کورد دەکا و هیچ دیفاعێک لە خۆی و کەسوکارەکانی ناکا، بەپێی هەموو سەرچاوەکانی بەردەست پێشەوا لە دادگادا بوێرانە هەڵسوکەوتی کرد و لە ڕاستیدا ئەو بوو کە دادگای دادگایی کرد، لەوێش بە ئازایەتیی خۆی و هاوڕێکانی سەری دوژمنی شۆڕ و سەری نەتەوەی کوردی سەرفراز کرد. هەر بۆیەش دوای ٧٢ ساڵ دەبینین ڕێبازی پێشەوا و هاوڕێکانی هەر زیندووە و لە بەربەرەکانێیەکی دژوار دایە لەگەڵ دەسەڵاتی هەتا سەر ئێسک دوژمنی نەتەوەی کورد. هەر لەو سەردەم و لە هەمان کات و ساتدا کە کۆماری کوردستان پێک هات، بە چەند ڕۆژێک پێشتر کۆماری دێموکراتیکی ئازەربایجان لە تەورێز لەسەر دەستی فیرقەی ئازەربایجان بە ڕێبەریی پیشەوەری ڕاگەیەندرا و لە ڕووخانیشدا هاوچارەنووسی کۆماری کوردستان بوو بە چەند ڕۆژێک پێشتر لە هاتنی سپای ئێران بۆ مەهاباد، تەورێز پێتەختی کۆماری ئازەربایجان لە لایەن ئەو سپایەوە دەستی بەسەر داگیرا و، بەپێی هەموو سەرچاوە بەردەستەکان لە لایەنگرانی فیرقەی دێموکراتیکی ئازەربایجان چ لە لایەن خەڵکی ناڕازی لەو فیرقەیە و چ لە لایەن سپای ئێرانەوە کوشتوبڕێکی بەربەرین کرا و، ڕێبەرانی ئەو کۆمارە خۆیان نەگرت بەرەو یەکیەتیی سۆڤیەت هەڵاتن. بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین لە مەهاباد و ناوچەکانی بەردەستی کۆماری کوردستان، شتی وا ڕووی نەدا کە ئەوەش لە نیەتی پاکی سپای ئێرانەوە نەبوو بەڵکوو لە تێگەیشتوویی پێشەوا و ڕێبەرانی کۆمار و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ لەنێو خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەی دەگرت. کۆماری کوردستان و خودی پێشەوا لە ماوەی بەڕێوەبردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان، ئەوی لە دەستیان هات بۆ ئاوەدانی و برایەتی و ئاشناکردنی خەڵکی کوردستان بە مافەکانیان دریغیان نەکرد، هەر بۆیە کاتێکیش کوردستان و کۆمار کەوتنە بەر پەلاماری سپای ئێران ڕاستە خەڵکی کوردستان بە زۆر هۆکار نەیاندەتوانی دیفاع لە کۆمار و دەوڵەتەکەیان بکەن بەڵام لە دڵی خۆیاندا ماتەمیان گێڕا و، ئەو ماتم گێڕانە پنگی خواردەوە و بوو بە هەوێنی یەکیەتی و یەکڕیزی بۆ درێژەدانی خەبات و دیتمان هەر دوای ماوەیەکی کورت، ڕێکخستنی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاک بوونەوە و بە کار و تێکۆشانیان بەڕووی دەسەڵاتدارانی پاشایەتیدا تەقینەوە و؛ گۆمی مەندی دەسەڵاتداری تارانیان لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی بە کردەوە شڵەقاند و هەتا ئێستاکە ئاڵای خەباتیان هەر بە شەکاوەیی ڕاگرتوە.