کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆز و ڕەفتاری سیاسیی خەڵک

04:47 - 16 خاکەلێوه 2719

ڕێوڕەسمەکانی پێشوازیی لە ساڵی نوێی هەتاویی و جێژنی نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەک چەند ساڵی پێشوو لە ئاستێکی بەربەرین و جەماوەریدا بەڕێوەچوون. هەرچەند ڕێژیم لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانی و کۆمەڵێک دامودەزگای دیکەوە زۆری هەوڵ دا پێش بە بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە بگرێ _کە بەداخەوە لە هێندێکیاندا بە تایبەت لە پاڕێزگای کرماشان توانی ئەوە بکا_ بەڵام بە گشتی ئەوە شێلگیربوون و یەکگرتوویی خەڵک لە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە بوو کە توانیی بەسەر پیلانەکانی ڕێژیمدا سەر بکەوێ. جیا لە پەیام و نێوەڕۆکی ئەم ڕێوڕەسمانە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم وتارە دەبێ، ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چاو ساڵانی ڕابردوو هێندێک جیاوازیی بەرەپێشچوونی تێدا دەبیندرا کە جێی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردنن: یەکەم ئەوەیکە ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵ بەو شێوازە جەماوەری و گشتیی و بەرنامەڕێژییەی کە تایبەتمەندیی هەرە ئەساسیی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی کوردستانە، بەرچاوتر لە ساڵانی پێشوو، پارێزگاکانی خوارووی کوردستانیشی گرتەوە. دووهەم جیاوازیی کە ڕاست پێوەندی بە جەماوەریبوونی ڕەفتاری کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستانەوە هەیە، بەرینبوونەوەی زیاتری ئەم ڕێوڕەسمانە بوو کە نیشان لە جێکەوتنی کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراوە لە کۆمەڵگەدا. بۆ تێگەیشتن لە ماناکانی ڕەفتاری کۆمەڵگە، ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگە، ئاستی شعوور و دەرکی کۆمەڵگە و گرینگتر لە هەمووی ئەمانە تێگەیشتن لە جۆری ئەم ویست و شعوور و ڕەفتارانە، پێویستە بە گرینگییەوە لەم ڕێوڕەسمانە بڕوانین. تێگەیشتن لە ڕەفتاری کۆمەڵگە کە وەک شاخەیەک لە زانستی کۆمەڵناسی لە باسی مودیرییەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووریی کۆمەڵگە ئینسانییەکاندا گرینگیی پێدەدرێ، بەنسبەت ئەم ڕێوڕەسمانەوە لە جێی خۆی دایە و پێویستە بە وردی لای لێ بدرێتەوە. بەربەرینیی و گشتگیربوونی ئەم ڕێوڕەسمانە کە نزیک بە دە ساڵە لە شێوازی جۆراوجۆردا بەم تایبەتمەنیانەوە بەڕێوە دەچن، دەیسەلمێنێ کە لەم کۆمەڵگەیەدا ڕەوتی بەجەماوەربوونی ڕەفتاری خەڵک لە هەموو بەستێنێکدا بە درووستی قۆناغەکانی خۆی بڕیوە. دەیسەلمێنێ کە چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە نزیک بە سێ دەیەیە لە پێناو ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا هەنگاو دەنێن و قۆناغگەلی جۆراوجۆری پڕ لە کەند و کۆسپیان بڕیوە، خەریکە زۆر بە باشی نەتیجە دەدا. دەیسەلمێنێ کە یەکگرتوویی، یەکڕیزی و کاری هاوبەش کە زەروورەتێکی پڕگرینگی ئەمڕۆی کۆمەڵگەیە بە کردەوە هەنگاوی بۆ هەڵهێنراوەتەوە. ئەمە دەسکەوتێکی پڕبایەخ و گرانە کە هەروا بە ئاسانی بە دەست نەهاتووە و پاشخانێکی پڕ لە هەوڵ و تێکۆشان و پڕ لە تێچووی لە پشتە، بۆیە دەبێ و پێویستە وێڕای خوێندنەوەیەکی قوڵی هەمەلایەنە، هەوڵی مودیرییەتکردنی بە قازانجی زیاتری پرسە گەورە نەتەوەییەکە بدرێ. وردبوونەوە لە هێما و پەیامەکانی ئەم ڕێوڕەسمانە و خوێندنەوەیەکی ئاوەڵای بەدەر لە دەمارگرژیی فەردی و سازمانی دەمانگەیەنێتە ئەو ئاکامگیرییەی کە دەکرێ هەموو ئەم ڕەفتار، پەیام، هێما و نێوەرۆکانە لە بزاڤی شوناسخوازانەی نەتەوەیەکی عەوداڵی ماف و ویستی نەتەوەیی و نیشتمانیدا پێناسە بکرێ. بە واتایەکی دیکە و بە زمانێکی زۆر سادە دەتوانین ئیدیعای ئەوە بکەین کە ئەم ڕێوڕەسمانە هەر لە جۆری ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە بگرە کە بە شێوەیەکی گشتی و جەماوەری و بەئامانجی تایبەت و مانادارەوە بەشداریی تێدا دەکەن تا تەواوی ئەو هێما و پەیامانەی کە گشتیان بۆن و بەرامەی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ خاکی کوردستانیان لێوە دێ، بەشێکی زیندوو و بەڕۆژی بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکەن کە پاشخانێکی دەوڵەمەندی مێژوویی لە پشتە. بەرزیی ئاستی شعووری نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردستان و جەماوەریبوونی ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵک کە دەکرێ بە ڕوونی لەم ڕێوڕەسمانەدا ببیندرێ، سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە سیاسەت و پیلانەکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرای دژ بە کورد و کوردستان شکستی هێناوە. نیزامی سیاسی لە ئێران بە درێژای زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو بەحاشاکردن لە هۆڤییەتی کورد و داواکارییەکانی بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی سڕینەوە و شەڕ بەڕانبەر بە مان و مەوجوودیەتی ئەم نەتەوەی داوە و بە گرتنە پێشی سیاسەت و پیلانی جۆراوجۆر هەوڵی جیایی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی داوە. بەڵام هەر وەک لە نێوەڕۆک و پەیامی ئەم ڕێوڕەسمانەدا دەبیندرێ، بەرجەستەکردنەوەی غرووری نەتەوەیی و بانگەوازی یەکڕیزی و پێکەوەبوون و یەکگرتوویی، بۆتە بەشێکی هەرە ئەساسی لە ڕەفتار و هەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە لوتکە و داوێنی چیا سەرکەشەکانی کوردستان و لەملکردنی جامانە و لەبەرۆکدانی گوڵی سوور و چڕینی سروودە شۆڕشگێڕییەکان لەم ڕێوڕەسمانە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە خەباتی شوڕشگێڕانە و ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی ئەم میللەتە ئێستاش زیاتر لە هەمیشە وەک بەها و ئەرزشێکی سیاسی و نەتەوەیی لێی دەڕوانێ و لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا جێگە و پێگەی هەروا قاییم و خاوەن ئێعتباری خۆیەتی. ئەگەر ئەمە لە لایەک دەری دەخا کە هێزی پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکان خاوەنی خۆشەویستی و پێگەی خۆیانن، لە لایەکی دیکەش ڕاست سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە سیاستی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەدناوکردنی "پێشمەرگە" و لێدابڕانی حیزبەکان لە کۆمەڵگەی کوردستان وەک هەمیشە شکستی هێناوە. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری ئەم ڕێوڕەسمانە بکەین، بە ئاماژەدان بە هەمان ئەو تایبەتمەندیانەی کە قامکمان لەسەر دانان _بە فۆڕم و جۆری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان و _ بە ڕوونی دیارە کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا لەوەیکە گۆڕانێکی قوڵی کۆمەڵایەتیی بەسەردا هاتووە، بەڵکوو لە ڕەوتی بزاڤی شوناسخوازانەی نەتەوەیی خۆیدا لە قۆناغێکی تایبەتی هەستیار دایە. قۆناغێک لە فرەڕەهەندبوون و پێکەوەگرێدانی بەستێنەکانی تێکۆشان و ڕەفتارە جیاوازەکان. ئەم فرەیی و جۆراوجۆرییە لە ڕەفتار و بەستێنی جیاواز (نەک دژواز)دا، ئەوەندی دەتوانێ دەرفەتێک بۆ گشتگیربوون و جەماوەریبوونی جموجۆڵ و تێکۆشان بێ، لە نەبوونی عەقڵییەتێکی دەروەست بۆ مودیرییەتکردنیدا، دەتوانێ مەترسی بێت و لێکترازانی کۆمەڵگەی لێ بکەوێتەوە. لەم پێوەندییەدا ئەگەر خۆشبینانە سەیری پرسەکە بکەین دەتوانین بڵێین؛ بە پشتبەستن بە ئەزموونی زیاتر لە دوو دەیە چالاکیی رێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆڵی ئەرێنییان لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و، هەروەها پشتیوانیی حیزبە خاوەن پێگەکانی کوردستان لە ڕەهەندەکانی خەبات بە تایبەت چالاکیی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی وڵات و بەڕەسمی ناسینیان و جوابدانەوەی خەڵک بە داواکاریی ئەم حیزبانە، مەترسییەکان زۆر کەمتر لەوە دەبن کە جێی نیگەرانی بن. بەڵام ئەگەر بە سەرنجدان بە دەمارگرژیی رێکخراوەیی کۆمەڵێک لە حیزب و لایەنەکان _کە عەقڵییەتی تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە ڕەفتاری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و تێگەیشتن لە زەروورەتی یەکڕیزی و یەکگرتوویی تێیاندا لاوازە_ سەیری پرسەکە بکەین و پیلانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لەم پێوەندییەدا بە کەم نەگرین، نابێ لە مەترسییەکانیش غافڵ بین. لەم پێوەندییەدا جیا لە وریا بوون لە پیلانەکانی دوژمن و خەڵک لێ ئاگادارکردنەوەیان، نابێ بە هیچ شێوەیەک هەوڵی بەحیزبی و ڕێکخراوەیی خوێندنەوەی ڕەفتارە گشتییەکانی کۆمەڵگە و ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکان بدرێ. گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە ڕەوتێک، ڕێکخراوێک یان حیزبێک بیهەوێ تەنیا لەژێر هێژموونیی ڕوانگەکانی خۆیەوە، خوێندنەوە بۆ ڕەفتاری گشتیی کۆمەڵگە و ئەم دەرکەوتنە جەماوەرییانەی خەڵک بکا. هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەم چەند ساڵە و لە مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانی ساڵی پار و بۆنەکانی دیکە، سەلمێنەری ئەو واقعیەتەیە کە، تەنیا پێکەوەبوون، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی حیزبەکانە کە دەتوانێ ئیدیعای ڕێبەریی ئەم کۆمەڵگەیە بکا. بۆیە سەرجەم ئەو چالاکی و جووڵانەی کە لە نێوخۆی وڵات فۆڕمی گشتی و جەماوەرییان هەیە، بەشێکی گەورە و جیانەکراوەن لە بزووتنەوە گەورە، نەتەوەیی و مێژوویەکە کە نەتەوەیەک بە هەموو چین وتوێژەکانیەوە و ڕێبەرایەتیی خەباتێکی ڕەوای نەتەوەیی بە هەموو حیزب و لایەنەکانیەوە خاوەنداریی لێ دەکا.