کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤ لە گەمەی سیاسەتدا

04:52 - 16 خاکەلێوه 2719

کوردستانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژان و عەیامێکی تاڵی بەڕێ کرد. هەم لە هەژاری و مەینەتیی خەڵک، هەم لە تێرۆر و ئێعدام و کوشتنی تێکۆشەرانی سیاسیی، هەم لە بێمافیی لە هەموو بەستێن و ڕەهەندکاندا. لە ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک قەڵای خۆڕاگریی کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مووشەکی بالستیک هێرشی کرایە سەر و 16 سەرکردە و پێشمەرگەی شەهید بوون. لانیکەم 245 کۆڵبەر و کاسبکار کوژران و بریندار بوون و پتر لە 640 کەس بە تاوانی دەنگهەڵبڕین و چالاکیی سیاسیی خرانە بەندیخانەوە و 165 کەس لەوان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی 30 ساڵ و سەرجەم 5810 مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. هەر لەم ساڵە ڕەش و ناخۆشەشدا ڕەییسی، جەلادە تەورخوێناوییەکەی دەیەی 60 کە بڕیاری کوشتنی هەزاران بەندیی سیاسیی دابوو، کرایە سەرۆکی دەزگای «داد»ی وڵات! نەورۆز گەیشتێ و مەخابن ڕقی سروشت و هەستانی لافاوی پڕ زیانیش دەردێکی دی بوو هاتە سەر دەردان و دڵخۆشیی هەژارانەی خەڵکی لێ کردنە مەرگەسات. بەڵام هاوکات زۆر چەوتی و گەندەڵیی دیکەی مافیای دەسەڵات بەتایبەت سپای پاسدارانی لە بواری شارسازی و مەدیرییەتی ئاو و زەوی و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەدا ئاشکرا کرد کە لە ئێستەدا مژاریی سەرەکیی ئەم نووسینە نییە. بەردەوامیی پێشێلکرانی مافی خەڵکی ئێتران لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە حاڵێک دایە کە ڕۆژی20ی ڕەشەممە کۆبوونەوەی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵسەنگاندنی کارنامەی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا جاوید ڕەحمان، نوێنەری تایبەتیی شووڕای مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر بەردەوامیی سیاسەتی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ، ئێعدامەکان، سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک، هەڵاواردنەکان، پێشێلکردنی مافی کەمە نەتەوە و ئاینییەکان و ڕەخنەکان لە نیزامی دادڕەسی کۆماری ئیسلامی بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە دایەوە. پێشتریش 42 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای درێژکردنەوەی ماوەی مەئموورییەتی ناوبراو _جاوید ڕەحمان_ یان کردبوو. هەروەها ڕۆژی 23ی ڕەشەممە، و سێ ڕۆژ دوای ئەم کۆبوونەوەیە پاڕلمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی دەرکرد و ڕەفتار و کارنامەی ئەم ڕێژیمەی مەحکووم کرد. پێنجشەممە، ڕۆژی نەورۆزیش «ژان لودریان»، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە «مانەوەمان لە بەرجام بەمانای ئیمزاکردنی چەکی سپی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە هەتا بە کەیفی خۆی مافی مرۆڤ پێشێل بکا.» وە دواجار ڕۆژی هەینی، 2ی خاکەلێوەی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی مەئموورییەتی «جاوید ڕەحمان»ی بۆ ساڵێکی دی درێژ کردەوە. بەڵام لێرەدا ڕەخنەیەکی جیدی بەرەوڕووی شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی دەکرێتەوە کە گرینگیدانی ئەم لایەن و دەوڵەتانە بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران پتر لەوەی لە باوەڕی ئەوان بەو پڕەنسیپانە و نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە پێشێلکردانی ئەم بایەخانەوە سەرچاوە بگرێ، وەک ئامراز و کەرەستەی سیاسی بۆ فشار خستنەسەر ئێران و بۆ ساتوسەودا و سازان لەگەڵ ئێران لە بوارەکانی دیکەدا چاوی لێ دەکرێ. لەو بارودۆخەدا کارەساتی دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەییسی بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای دادیش بێ هۆ نییە. دانانی قازیی مەرگ _کە بڕیاری کوشتنی هەزاران بەندیی سیاسیی داوە_ لە لوتکەی دەسەڵاتی «داد»ی ئێران هەر پرسی بە کەمگرتن و گاڵتەکردن بە شعووری خەڵک نییە، بەڵکوو بژاردەیەکی حسێب بۆکراو بووە لەلایەن بازنەی تەسکی دەسەڵاتەوە. لە بارودۆخی ئێستادا کۆماری ئیسلامی پتر لە هەموو کاتێک پێویستیی بە دەزگای قەزایی هەیە هەتا شەرعییەتی قانوونی بدا بە بڕیار و حوکمە ئەمنیەتییەکان بە مەبەستی سەرکوتی قانوونیی! خەڵک و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە. کۆماری ئیسلامی کە باوەڕی بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ نییە، پێی وایە بنەڕەتەکانی مافی مرۆڤ بەپێی ستانداردەکانی ڕۆژئاوا پێناسە کراوە و لەگەڵ نۆڕم و بەهای کۆمەڵگەیەکی وەک ئێران نایخوێنێتەوە؛ بەو پێیەش کە خۆی بە حوکمەتێکی ئایینی دادەنێ و شەرعییەتی! خۆی لە ئایین وەردەگرێ نەک خەڵک؛ ئیدی ئەم خەڵک و کۆمەڵگەیە جێیەکیان نابێ لە لە ئەجێندا و بەرنامەکانی دەسەڵاتدا. وە لە ئێستاشدا کە دنیای دەرەوە ئەوەندەی پرسی پشتگیریی ئێران لە تێرۆریزم، بەرنامەی ئەتومی و مووشەکیی بالستیکی ئەم ڕێژیمە و پەرەپێدانی ڕادیکالیسمی ئیسلامیی هەناردەکراوی کۆماری ئیسلامییان بۆ گرینگە هەتا پرسی مافی مرۆڤ، ئەوەش دەرفەتێکی لەباری خستووەتە بەر دەستی ڕێژیم. وە تا ئەو کاتەش کە پرسی مافی مرۆڤ دەبێ لە بابەتێکی نێوخۆیی وڵاتان نەیەتە دەرێ و گرێ نەدرێ بە شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی سیاسی یان ئەستاندنەوەی ئەم شەرعییەتە لەم دەسەڵاتەی مافی خەڵکەکەی پێشێل دەکا؛ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران خراپتر نەبێ باشتر نابێ. بە تایبەت لە ئێستادا کە هەم قەیرانە ئابوورییەکان وەک بارودۆخێک بۆ پێشێلکرانی زیاتری مافی مرۆڤ و هەروەها بەستێنێک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕینی زیاتر لە ئێراندا قووڵتر دەبنەوە؛ هەم ڕێکاری کۆماری ئیسلامی کە سەرکوت و بە ئەمنیەتیترکردنی ڕەوشەکەیە توندتر دەبێ. ڕەخنەیەکی دیکە کە دەکرێ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بگیردرێ پێوەندیی بە شووڕای مافی مرۆڤەوە هەیە. ئەم ناوەندە پتر شوێنی مەیدانداریی وڵاتانە و وڵاتانی پێشێلکەری مافی مرۆڤیش دەتوانن لەوێ ڕۆڵیان هەبێ و مەیدانداریی خۆیان بکەن. هەروەها دەوڵەتان و کاربەدەستانی حکومەتیی پێشێلکەری مافی مرۆڤیش ترسی هیچ سزا و لێپرسینەوەیەک لەسەر خۆیان هەست پێناکەن، بۆیە دڵنیا و ئارخەیان ئەوەی ویستوویانە لە زەوتکردن و پێخوستکردنی مافەکانی خەڵک کردوویانە. کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ بەرەو ئەوە بڕوا کە ڕێگە بۆ بەدواداچوون و سزادانی ئەم کەس و لایەنانە خۆش بکا کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن. وە لەو وڵاتانەی کە نیزامی «داد»یان دادپەروەر نییە و دەسەڵاتە سیاسییەکەیان پێشێلکەری مافی مرۆڤە؛ شوێنێکی خاوەن سەڵاحییەت و دەستکراوە بۆ مافخوازی و دادئەستێنیی خۆیان شک ببەن هەتا هانای بۆ ببەن.