کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان لە کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"

18:37 - 17 خاکەلێوه 2719

لە یەکەم چرکەی ڕووداوی هەستانی لافاو، کە لە باکووری ئێرانەوە دەستی‌پێکرد و ٢٣ پارێزگای گرتەوە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد هەڵوێستی خۆیانیان دەربڕی و فریای هاووڵاتییانی سێڵاولێدراو کەوتن. پاش ئەوەی کە سێڵاو زەرەر و زیانی زۆری بە خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان و بەتایبەتی بە لوڕستان گەیاند، بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە هاوکاری یەکتر کەمپەینێکیان لە ژێرناوی" زاگرۆس چاوەڕێمانە" پێکهێنا. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان پێشوازییەکی بەرچاو لەو کەمپەینە کراوەو ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو هاسۆزی و هاوخەمییە بەردەوامە. شایانی باسە پشتیوانی کردنی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی کورد لە کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە کاتێک‌دایە کە ناوەندە دەوڵەتییەکان لە جیاتی کارئاسانی و هاوکاری کردنیان زۆر جار ڕێگری دەکەن. کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانە توانیویەتی ببێتە شوێنێکی متمانەپێکراوی خەڵک بۆ گەیاندنی یارمەتییەکانیان بۆ لێقەوماوانی لافاولێدراوی پارێزگای لوڕستان. جێی‌ئاماژەیە یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی خەڵکی کورد لە شاری لێقەوماوی سەلاسی‌باوەجانی وەڕێکەوت. دوای سەلاسی باوەجانی لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، مەهاباد، بۆکان،بانە، مەریوان، سەقز، سنە، دێولان، کامیاران، کرماشان، جوانڕۆ، ئیلام، ئەیوان ، لەگەڵ چەندین شار و شارۆچکەی دیکە، چالاکانی فەرهەنگی و ژینگەپارێزان هەرەوەزی یارمەتی کۆکردنەوەیان دەست‌پێکرد ئەو هەڵمەتە ئینسانییە لە چوار پارێزگای کوردستان بەردەوامە. لە لایەکی دیکەش حەوتووی ڕابردوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی پەیامێک داوای لە خەڵکی کورد کرد، کە بە هانای لێقەوماوانی سێڵاوبردوووە بچن. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ساڵی ڕابردووش لە کاتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان خەڵکی مرۆڤدۆستی کورد، بە هەستێکی نەتەوەییەوە بەهانای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوەوە چوون و، حەماسەیەکی بێ‌وێنەیان خوڵقاند.