کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەربەستەکانی بەردەم هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی سێڵاولێدراو

03:54 - 18 خاکەلێوه 2719

لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا کە سێڵاو چەند پارێزگایەکی ئێرانی گرتۆتەوە و خەڵکێکی زۆر ئاوارە و ماڵوێران بوون، خەڵکی کوردستان لە "ورمێ"وە تا "ئیلام و کرماشان" هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتیان دەستپێکردووە و بە هەر جۆریک کە بۆیان بلوێ، دەیانهەوێ بە هانای خەڵکی سێڵاولێدراوەوە بچن. بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوو لە کرماشان بوو بە کەڕنەڤاڵێکی بەشکۆ بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکاریی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان. ئەو هەستە کوردانەیە و هاودەردی و هاوسۆزییە ترسی خستە دڵی دەسەڵات و، کاربەدەستانی ڕێژیم بەهەموو شێوەیەک دەیانەویست ئەو هاوسۆزییە کوردانەیە کەمڕەنگ بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەی کە بەشیکی زۆری هاوکارییە مرۆییەکانی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران نەگەیشتە دەستی خەڵک و بەشێکی بەرچاوی هاوکارییەکان کە لە ڕێگای ناوەندەکانی دەوڵەتییەوە کۆدەکرانەوە ڕەوانەی ئەو گرووپ و وڵاتانە کران کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مەبەستە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی کەلکی لێوەردەگرتن، بەڵام خەڵکی کوردستان لە ڕێگای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانەوە بەدەستی خۆیان یارمەتیەکانیان گەیاندە خەڵکی کرماشان و بەوەش ڕێگەیان لە بەفیڕۆدانی هاوکارییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە گرت. ئەمساڵ لە دەسپێکی سێلاوەکانەوە خەڵکی ئێران خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتی و پێداویستییەکانی ژیانی سێڵاولێدراوان بوون کە ناوەندەکانی پێوەندیداری سەر بە دەسەڵات ڕایانگەیاند، دەبێ هەموو هاوکارییەکان لە ڕێگەی دەوڵەتەوە بێ و کەس مافی ئەوەی نییە کە سەربەخۆ و راستەوخۆ هاوکاری سێڵاولێدراوان بکات. لەم پێوەندییەدا "محەممەد عەلی کووزەگەر" یەکێک لە کاربەدەستانی ناوەندی بێهزیستی ئێران باس لەو کۆسپ و فیلتەرانە دەکا کە بوونەتە هۆی ئەوەی پێش لە یارمەتییەکانی خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بگرێ. ئاماژەی کاربەدەستانی ڕێژیم و هەڕەشەی ڕێژیم لە لایەنە مرۆڤدۆستەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە یارمەتییەکانی خەڵک لە کاتی خۆیدا و وەک پێویست بە خەڵکی ناوچە سێڵاولێدراوەکان نەگا. خەڵکی کوردستان بێ گوێدانە بڕیارەکانی ڕیژیم، لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتین و لە چەند شار و ناوچەی کوردستان تا ئێستا پێداویستییەکان ڕەوانەی ئەو شوێنانە کراون کە کەوتوونەتە بەرسێڵاو. ڕێژیمی ئاخوندی کە خۆی خەمسارد و بێ توانایە لە ڕزگار کردن و پاراستنی گیانی خەڵک، ئیزنیش نادات کە خەڵک بە ئاسانی یارمەتییەکانیان بگەیەننە خەڵکی سێڵاولێدراو. خەڵک کە باوەریان بە ڕێژیم نییە و ماوەی چل ساڵە لەگەڵ گەندەڵکارییەکانی ئەو ڕێژیمە دەست و پەنجە نەرم دەکەن، نایانهەوێ هاوکارییەکانیان لە ڕێگەی ناوەندەکانی ڕێژیمەوە بێ و دەیانهەوێ ڕاستەوخۆ هاوکارییەکانیان بگەیەننە خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ و بێ سەرپەنا. لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە لە فریای سێلاولێدراوان بکەون و بە تەنیا نەیانهێڵنەوە. کەمپەینێک لە ژێر ناوی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە چەند شار و ناوچەی کوردستان دڵسۆزانە خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتین و بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە حاست هاونیشتمانانیان ماندوویەتی ناناسن و تا ئێستا بە بەردەوامی پێداویستییەکانیان ڕەوانەی ئەو شوێنانە کردووە کە سێڵاو لێدراون و بەو شێوەیە بۆ جارێکیتر کوردستانیان نیشانیاندا کە لە کاتی هەستیار و تەنگانەدا چەند دڵسۆز و خەمخۆری هاونیشتمانانیانن و چاوەڕی نابن تا کاربەدەستانی دەوڵەت لە خەو هەڵدەستن و بڕیاری لەسەر بە هاناوەچوون یا بەهاناوەنەچوونی خەڵکی لێقەوماو و بێسەرپەنا دەدەن.