کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری سێڵاولێدراون و، کەمتەرخەمیی دەسەڵات

03:57 - 18 خاکەلێوه 2719

زیاتر لە دوو حەوتوویە کە بەفر و باران و سێڵاو ٢٣ پارێزگای ئێرانی گرتۆتەوە و زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵی بە خەڵک گەیاندووە و تا ئێستاش لافاو و باران کۆتایی نەهاتوە و بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی ئەم حەفتەیەش بەفر و بارانێکی زۆر ڕوو لەو ناوچانە دەکا. لە سەرەتای دەسپێکردنی باران و سێلاو، ناکارامەیی، ئامادە نەبوون و دەستەوەستانیی ناوەندە پێوەندیدارەکان و کاربەدەستانی حکوومەت بوو بە هۆی ئەوەی کە زیانێکی زۆر بەر خەڵک بکەوێ. ئەوەی بۆ هەموو لایەک ڕوونە ئەوەیە کە تا ئێستاش حکوومەت نەیتوانیوە یا نەیویستوە بەپێی پێویست بە هانای لێقەوماوانەوە بچێ و خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان لە دۆخێکی سەخت و مەترسیداردا ژیان بەسەر دەبەن. دەسپێکی باران و سێڵاوەکان چەند کەسێک لە بەرپرسانی ڕێژیم و یەک لەوان حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایانگەیاند کە بڕینی لێڕەوارەکان، گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکان و دروستکردنی بەنداوەکان لەو هۆکارانە بوون کە سێڵاوەکان زیانێکی زیاتریان بە خەڵک و سروشت و کشتوکاڵی ناوچە لافاولێدراوەکان گەیاند. دیارە یەکێک لە مەبەستەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی ڕوحانی تاوانبار کردنی سپای پاسداران بوو کە بۆ مەبەستە سەربازی و ئاژاوەگێڕیەکانی لە ناوچەکەدا خەریکی فرۆشتن و بە تاڵانبردنی خاک و لێڕەوارەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێرانن. لە بەرانبەر ئەو قسانەی ڕوحانیدا بەرپرسانی سپای پاسداران دەوڵەتیان بە ناکارامەیی و سستی تاوانبار کرد و کورتە ڤیدۆکەی " محەممەدی پاکپوور" یەکێک لە گەورە کاربەدەستانی سپا لە سەر بە هاناوە نەچوونی کاربەدەستانی دەوڵەت و بێزاری خەڵک لە حکوومەت، نیشاندەری یەکتر شکاندن و یەکتر تاوانبار کردنی دوو لایەنی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە بە ڕوونی ناکۆکی ئەو دوو لایەنەی نیشاندەدا. لە کاتێکدا کە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە، ماڵیان لافاو بردوویەتی و چاوەڕوانی هاوکاری خێرای ناوەندە پێوەندیدارەکانن، کاربەدەستانی ڕێژیم خەریکی خۆشیرینکردن و تاوانبار کردنی یەکترن. هەر لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاری و یارمەتییەکان، حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی ئەمریکا ڕێگرن لە هاوکارییەکانی وڵاتانی دەرەوە بۆ سێڵاولێدراوان. لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم ڕۆژانە دژی ئەمریکا و ئورووپا و چەند وڵاتێکیتر خەریکی دروشمدان و بە کافر لە قەڵەمدانی ئەم و ئەون و فتوای شەڕ دەدەن، بەڵام لە هەمانکاتدا داوای هاوکاری و یارمەتیان لێدەکەن. بۆ بەرپەرچدانەوەی قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم، سەرۆکی خاچی سووری ئاڵمان ڕایگەیاند کە هیچ بەربەستێک بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەدا نییە و هەر ئەو کات دوو دەوڵەتی ئاڵمان و فەرانسە هاوکارییەکانی خۆیان ڕەوانەی تاران کرد و "یەکیەتی ئورووپا"ش ١٠٢ میلیۆن یۆرۆی بۆ سێڵاولێدراوان ناردە سەر حیسابی دەوڵەتی ئێران. ئەوە ئەرکی سەرشانی ناوندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە بە هانای خەڵکەوە بچن نەک خەڵکی بێگانە، ڕاستە کە لە کاتی کارەساتەکاندا لایەنە مرۆڤدۆستەکان بە هانای خەڵکی لێقەوماوەوە دەچن، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم لەو کاتە هەستیارەدا کە خەڵک گیان و ماڵی لە مەترسیدایە خەریکی تاوانبار کردنی یەکتر و ئەمریکا و وڵاتانی بێگانەن و دەیانهەوێ تاوان و خەمساردییەکانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کارەساتەدا پەردەپۆش بکەن و خۆیان لە بەرپرسایەتی بدزنەوە.