کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی٥ کەس لە شارەکانی نەغەدە، ورمێ و بۆکان لە ماوەی دوو ڕۆژدا

16:20 - 18 خاکەلێوه 2719

سێ ژن و دوو پیاو لە شارەکانی بۆکان، ورمێ و نەغەدە بەجیاجیا و لە ڕێگەی خواردنی مادەی پاککەرەوە، خۆسووتاندن و خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژییان داوە و بەداخەوە گیانیان لەدەست داوە. رۆژی شەممە 17ی خاکەلێوەی 1398ی هەتاوی، کچێکی لاو بەناوی "نازیلا ئەتمانی" کچی فەتاح خەڵکی ورمێ، کە ماوەیەک بەر لەوە بەخواردنی مادەی پاککەرەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کەوتبووە کۆما، گیانی خۆی لەدەست دا. لە هەواڵێکی دیکەدا ڕۆژی هەینی 16ی خاکەلێوە "حەیدەر حەیدەری" کوڕی حوسێن خەڵکی ناوچەی ئیناخی زەردوویی لە پاوە و دانیشتووی شاری نەغەدە، بەهۆی هەژاری و بێدەرەتانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هەمان ڕۆژ ژنێکی خەڵکی ئیلامیش بە ناوی "لەیلا سوهرابی" بەهۆی کێشەی خێزانی خۆی هەڵاواسی و کۆتایی بە ژیانی هێنا. هەروەها ژنێکی خەڵکی گەنگەچین سەر بە شاری ورمێش بەناوی "نووشین مەعنەوی" کە لەم دواییانەدا خۆی سووتاندبوو، بەهۆی سووتاوی زۆری لەشەوە گیانی خۆی لەدەست دا. ڕۆژی 17ی خاکەلێوەش لاویکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی بۆکان بە ناوی " جەسیم محەمەدزادە" خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە. ڕۆژی پێش ئەم ڕووداوەش لە پاوە پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی حەیدەر حەیدەری لە ڕێگای خواردنی حەبی برینجەوە کۆتایی بە ژیانی هێنابوو. جێی باسە خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتبارە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم 170 کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن 63 ساڵ بووه‌. هەروەها ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن.