کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاچی سووری نێودەوڵەتی قسەکانی کاربەدەستانی ئێرانی ڕەت کردەوە

17:59 - 18 خاکەلێوه 2719

خاچی سووری نێودەوڵەتی قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پێوەندیی لەگەڵ هاوکارییە مرۆییەکان ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی ئەمریکا بەربەست نین لە بەردەم هاوکاری و یارمەتییەکانی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان. هەر لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش خاچی سووری ئاڵمان قسەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی ڕەتکردەوە و دواتر یەکەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی ئاڵمان و فەڕانسە و کوەیت و ڕووسیەش بەرەو ئێران بەڕێکرا. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندیی لەگەڵ لافاوەکانی ئێران، وێڕای هاودەردی خۆی لەگەڵ لافاولێدراوان ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئامادەی هاوکاریی مرۆییە لەگەڵ ڕێکخراوە ئینساندۆستەکانی جیهان بۆ لافاولێدراوانی ئێران. کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندیی کە خۆیان سەرچاوەی نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێرانن و بەرپرسایەتی یەکەمی ڕووداوەکان لە ئەستۆی خۆیانە، بۆ پەردەپۆشکردنی ناکارامەیی و خەمساردی خۆیان، بە پاساوی گەمارۆکانی ئەمریکا خۆیان لە ژێر باری ئەو بەرپرسایەتییە دەدزنەوە. چەند ڕۆژ پێش ئێستا کاربەدەستانی پلە بەرزی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە گەمارۆکانی ئەمریکا بەربەستن لەبەردەم هەناردەکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ لافاولێدراوان. لەگەڵ بەپەرچدانەوەی قسە ناڕاستەکانی کاربەدەستانی ئێران لە لایەن خاجی سووری نێودەوڵەتی و خاچی سووری ئاڵمان، یەکیەتی ئورووپا بڕیاریدا کە بڕی ١٠٢ میلیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی بۆ لافاولیدراوانی ئێران بنێری و بەوەش بۆ جارێکیتر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەدرۆ خستەوە و پاساوەکانی کاربەدەستانیان لە سەر بە هاناوە نەچوونی کاربەدەستانی ڕێژیم بە چاڵنج کێشا.