کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری ئەمریکا و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

20:31 - 18 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە چەند کاربەدەستێکی پلەبەرزی ئەمریکایی لە هەوڵی ئەوەدان کە دەوڵەتی تڕامپ سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخاتە لیستی تێرۆرەوە. ئەم هەواڵە بوو بە باسی مێدیاکان و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەر ئەو بابەتە لێدوان بدا. هەرچەند پێشتر کۆمەڵێک لە ناوەند و بەرپرسانی سپای پاسداران چوونەتە لیستی تێرۆری ئەمریکاوە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا سپای پاسداران بەگشتی بخاتە لیستی تێرۆرەوە، بێگومان کاریگەریی زۆری لە سەر ئەو دامەزراوەی ڕێژیم دەبێ و سپای پاسداران دەخاتە دۆخێکی سەخت و نالەبارەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، "فەلاحەت پیشە" سەرۆکی کۆمیسیۆنی دەرەوەی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا سپای پاسداران بخاتە لیستی تێرۆرەوە، ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک داعش سەیری هیزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکا. ئەو هەڕەشەیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بە تەواوی گەمارۆی خراوەتە سەر و ڕێژیم لەوبارەوە نەیتوانیوە هیچ کاردانەوەیەک لەخۆی نیشان بدات. لە لایەکیترەوە توانا و هێزی هێزە سەربازییەکانی ئێران و ئەمریکا بە هیچ جۆر بەیەکەوە بەراورد ناکرێن و بێگومان ئەو قسانەی "فەلاحەت پیشە" بێجگە لە هەڕەشەیەکی مێدیایی هیچیتری لێ شین نابێتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکێک لە ڕێژیمە تێرۆریست و ئاژاوەگێڕەکانی دنیا ناسراوە و بەرپرسانی پلەی بەرزی ئەو ڕێژیمە لە دوو دادگای ئاڵمان و ئارژانتین بەهۆی دوو کردەوەی تێرۆریستی، واتە تێرۆری دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ئاڵمان و کردەوەی تێرۆریستی تەقاندنەوەی ناوەندی یەهوودیەکان لە ئارژانتین خراونەتە لیستی تێرۆرەوە. بێجگە لەوانە سپای پاسداران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان هەبووە لە سەدان کردەوەی تێرۆریستی لە جیهاندا و وەک یەکێک لە بێزراوترین هیزە سەربازییەکانی جیهان پێناسە دەکرێن و بەهۆی سیاسەتە ئاژاوەگێڕیەکانی سپای پاسدارانەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون یا ماڵیان وێران بووە. سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی خەڵکی ئێرانە و دەستی هەیە لە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجە و ئازاردانی ڕۆڵەکانی گەلانی ئێران و کۆڵەکەی ئەسڵی ڕێژیمی ئاخوندەکانە، لە ناوچەکەشدا بۆتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە و تێرۆر و تێکدانی ئاسایشی ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست