کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی هونەرمەندانی کورد، لە کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"

20:45 - 18 خاکەلێوه 2719

هاوسۆزی و هاوخەمی خەڵکی کورد لە گەڵ هاووڵاتییانی لوڕستانی هەموو چین وتوێژەکانی گرتۆتەوەو ئێستاش هەر بەردەوامە. لەدرێژەی هاوکاری کردن و هاتنە مەیدانی خەڵک لە شاروناوچەکانی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی زەرەر و زیانەکانی هەستانی لافاو لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان، هونەرمەندانی کورد هەڵوێستیان گرت و وێڕای هاوخەمی کردن ، ئامادەگی خۆیانیان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کردن لە لێقەوماوانی لافاولێدراو دەربڕی. لە یەکەم هەڵوێست‌دا گرووپی مووسیقی "لوڕ" بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕایگەیاند؛ کە بە هاوکاری هونەرمەندانی دیکە لە زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستان کۆنسێڕت بەڕێوە دەباو، داهاتەکەشی بۆ لێقەوماوانی پارێزگای لوڕستان تەرخان دەکەن. هەروەها هونەرمەند ان ناسری ڕەزای و حەسەن لوڕ بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک سپاسی هەڵوێستی خەڵکی کوردستانیان کردوەو ، لە کەمپەینی" زاگرۆس چاوەڕێمانە" پشتیوانییان کردوە. هەر لەو پێوەندییە‌دا هونەرمەند عەدنان کەریم کە بڕیارە رۆژی ٢٢ی خاکەلێوە بەهاوکاری ئۆڕکێستر فیلارموونیکی موکریان لە شاری مەهاباد کونسێڕت بەڕێوەببات، رایگەیاندوە کە بەشێک لە داهاتی ئەو کونسێڕتە پێشکەش بە خەڵکی لافاولێدراو دەکات.