کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژرنووسکی: پشتیوانی لە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەین

16:36 - 19 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی شەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، "ولادیمیر ژرنووسکی" سەرۆکی حیزبی لیبڕاڵ دێموکڕاتی ڕووسیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردستان ٢٤ ڕایگەیاند کە حیزبەکەی پشتیوانیی لە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکا. ژرنووسکی لە وتووێژەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە کوردەکان خاوەنی زمان و فەرهەنگ و خاکی خۆیانن، ئەوان داگیرکەر نین، بەڵکوو بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراون. لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا ڕایگەیاند کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ دادەمەزرێ. ناوبراو لە پەڕاوێزی "کۆنفڕانسی ڕووسیە و جیهان" لە "مسکۆ" ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تڕامپ بەرزاییەکانی "جوولان"ی دا بە ئیسرائیل و شیمانە دەکرێ لە داهاتوودا بە هاوفکری ڕووسیە یا بە تەنیا لە سەر دەوڵەتیکی سەربەخۆی کوردستان ڕەزامەندی دەرببڕن و دواتر لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورەکانی دیاری دەکەن، بە تایبەت لەو ناوچانە کە کوردەکان زۆرایەتی پیکدێنن لەوێ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دادەمەزرێ و ئێمەش پشتیوانی لەو دەوڵەتە دەکەین. شایانی باسە کە لە ٢٥ی سێپتامبیری ساڵی ٢٠١٧ زایینی، لە باشووری کوردستان ڕێفڕاندۆمێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدرا و زۆرایەتی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی کوردستاندا. ئەو ڕێفڕاندۆمە بوو بە کەڕنەڤاڵی سەربەخۆیی و بوو بە هۆی شادی و خۆشحاڵی خەڵکی کوردستان و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بەڵام بەداخەوە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بە تایبەتی سێ وڵاتی داگیرکەری کوردستان لە ١٦ی ئوکتۆبێر بە داگیرکردنەوەی کەرکووک پرۆسەکە تێکچوو. لەو پیلانگێڕییەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەخشی سەرەکی هەبوو و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیدا بۆ ئەوەی پەکی پرۆسەکە بخا و بە کردەوە بەشداریی لە داگیرکردنەوەی شاری کەرکووک و ناوچەکانی تر دا کرد و بەو شێوەیە کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکیتر ڕووی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرانبەر کورددا بە جیهان و جیهانیان نیشاندا.