کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری ناوچە لافاولێدراوەکانی پارێزگای لوڕستان

16:39 - 19 خاکەلێوه 2719

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ناوچە لافاولێدراوەکانەوە بە ناوەندی هەواڵی تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ گەیشتوە، دۆخی ناوچە لافاولێدراوەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان لەدۆخیکی زۆر نالەباردایە و ئەو ناوچانە تووشی قەیران بوون. بەشێک لە ڕێگاکان گیراون و هاتووچۆ زۆر زەحمەتە، سستی و ناکارامەیی لە گەیاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە لایەن دەوڵەتەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە خراپتر بێ. ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن مێدیاکان و ناوەندە ڕەسمی و پێوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە بڵاو دەکرینەوە، دوورن لە ڕاستی و واقعییەتەکان بڵاو ناکەنەوە و بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ گیان‌لەدەستدانی خەڵک، نایانهەوێ ژمارەی قوربانییەکان بە مێدیایی بکەن. لافاو زیانێکی گەورەی بە خەڵک و ناوچەکە گەیاندووە و لە بەشێک لە ناوچەکانی لوڕستان هیچ هەواڵێکی دروست و باوەڕپێکراو لەسەر گیان‌لەدەستدانی خەڵک لەبەردەستدا نییە. هاوکاری و یارمەتییەکانی دەوڵەت بۆ لوڕستان زۆر کەم و بە خاوی و سستی بەڕێوە دەچێ و ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکان ئەوە بێ کە مێدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستی رووداوەکانیان باس نەکردووە و، زیانەکانیان بۆ خەڵک روون نەکردۆتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە خەڵک لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم بەربەستی بۆ دروستکردوون، بەڵام لەخۆبوردوانە لە هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتیدان بۆ لافاولێدراوان و بۆخۆیان یارمەتییەکان بە خەڵک دەگەیەنن. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم دەیهەوێ هاوکارییەکانی خەڵک لە ڕێگەی خاچی سووری ئێرانەوە و ناوەندەکانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامییەوە بێ بەڵام خەڵک بەهۆی بێ متمانەیی بە ڕێژیم نایانهەوێ یارمەتییەکانیان لە ڕێگای ئەوانەوە بێ. پێداویستییەکانی لافاولێدراوان وەک خۆراک، پووشاک، شیری وشک، چادر و پێلاون کە خەڵک لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان هاوکارییەکانی خۆیان بە خەڵک دەگەیەنن. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم لە سەرەتای لافاوەکەوە هەڕەشەی لەو ڕێکخراوانە کرد بەڵام خەڵکی کوردستان بە ئەزموونی ساڵی رابردووی هەردهەژێنەکەی کرماشان و بێ گوێدانە بڕیارەکانی ڕێژیم، لە هەموو شارەکانی کوردستان دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی کرد و ئیشتاشی لەگەڵ بێ بەردەوامە. کەمپینی" زاگرۆس چاوەڕێمانە" یەکێک لەو کەمپینانەی جێگەی باوەڕی خەڵکی کوردستانە کە لە زۆربەی شارەکان چالاکیی هەیە و دڵسۆزانە یارمەتییەکانیان ڕەوانەی ناوچە لافاولێدراوەکان دەکەن. بەشێک لەو گوندانەی لوڕستان کە ڕێگای هاتووچۆیان نییە و لافاو تێکی داون، گرووپێکی ٩٠ کەسی لە لاوانی ئەو ناوچانە بە یەکەوە بە کۆڵ یارمەتی و پێداویستییەکان دەگەیەننە دەستی خەڵک کە تا ئێستا حکوومەت هاوکاری نەکردوون و بە هانایانەوە نەچوە. پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان بە تایبەتی کەمپینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر چالاک و هەڵسوور بوون و بۆ جارێکیتر خەڵکی کوردستان خەمخۆری و مرۆڤدۆستی خۆیان بە جیهانییان نیشاندا.