کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی جی حەوت؛ کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی تێکدەرانەی لە ناوچەکە‌دا هەیە

21:26 - 19 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، گرووپی جی حەوت کە پێکهاتوە لە حەوت وڵاتی پیشەسازی گەورەی جیهان، دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە سەر پرسە گرینگەکانی جیهان کۆتاییان بە کۆبوونەوەکەیان هێنا. یەکێک لەباسە گرینگەکانی ئەو کۆبوونەوەیە پێوەندی بە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەبوو لە ناوچەکە و جیهاندا. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی جی حەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بە ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، وەک، پشتیوانی لە میلیشیا چەکدارەکان و گرووپە تێرۆریستییەکان و، نارەزایەتی خۆیان لەو کردەوەی کۆماری ئیسلامی نیشانداوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ و ئاژاوە لە یەمەن، هاوکارییە سەربازییەکان، ئابووری و سیاسی خۆی بۆ حوسیەکانی یەمەن و گرووپ و میلیشیاکانی سووریە و لوبنان ڕابگری و کۆتایی بە دروستکردنی مووشەکی بالستیک بێنێ. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوە کە پێویستە ئێران هاوکار بێ بۆ چارەسەری کێشەکان لە ناوچەکەدا، ڕیز لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بگرێ و ڕێز بۆ مافی مرۆڤ دابنێ. بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەرانبەر ئەو ڕاگەیەندراوەدا دژکردەوەی پێشاندا و ڕایگەیاند کە هەڵویستی گرووپی جی حەوت دوورە لە ڕاستی و ئەوانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە بەرانبەر ئێراندا هەڵویستەکەیان هەڵەیە و یەک لایەنە بڕیاریان داوە و لەژێر کاریگەریی ئەمریکادا دژ بە ئێران هەڵوێستیان گرتوە. لە پێوەندی لە گەڵ هاوکاری ئورووپاییەکان و کێشەی بەرجام ڕایگەیاند کە ئەوان واتە ئورووپاییەکان پابەند نەبوون بە ڕیککەوتننامەی بەرجام .