کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، بڕیارێک کە دەبوا زۆر زووتر درابا

03:39 - 20 خاکەلێوه 2719

بەفەرمی ناسینی "سپای پاسداران" وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن ئامریکاوە، کارێک بوو کە زۆر لەمە زووتر دەبوو بکرایە.  هیـچ گومانێک لەسەر ئەوە نییە کە سپای پاسداران بەدرێژایی ٤۰ ساڵی ڕابردوو بزوێنەری سەرەکیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووە لەتاران، بەجۆرێک کە هیـچ ئۆرگان یان ناوەندێک نییە کە شوێن پێی و هەژموونی فکری و بڕیاردانی سپای بەسەرەوە نەبێ. نفوز و هەژموونی سپای پاسداران بەسەر ناوندە سیاسیی و بریاربەدەستەکانی تاران لە٤۰ ساڵی ڕابردوودا وای کرد تا پرۆژەی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ ببێتە مێحوەری ئەسڵی و پرۆژەیەک بۆ هەر کابینەیەکی دەوڵەتی چ لەژێر ناوی لایەنی ڕێفۆرمخواز یان لەژێر ناوی لایەنی توندئاژۆ کە ماکەی دەسەڵات و پێکهێنانی دەوڵەت بەدەستەوە دەگرێ دەبێ پەیڕەوی لێ بکا. پاوانخوازیی سپای پاسداران نەک هەر زاڵ بووە بەسەر ناوەندە سیاسییەکانی ئێران، بەڵکوو بە بەهانەی یارمەتیکردنی گەلی فەلەستین و یارمەتیی جیهانی ئیسلام، دەستیان گەیاندە داهات و دەستیان بردە سفرەی بژێوی خەڵکی ئێرانیش بەجۆرێک کە بەپرسانی ئێران نایشارنەوە کە حازرن خەڵکی ئێران لە ئابلووقە و فشاری ئابووریدا بهێڵنەو،ە بەڵام حازرنین "گەلی عەرەب" کە مەبەستیان زیاتر گرووپە هاوشانەکانی سپای پاسدارانە لەفشاردا بن. گەلی کوردستان کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی شۆڕشەوە کەوتە ململانێی ماف و داخوازییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی هەر ئەکات ئەو پەیامە لە کوردستانەوە ڕوو بە کۆمەڵگەی ئێران بەڕێ کرا کە ڕێژیمێک هێشتا ماهیەتێکی ناڕوون و لێڵی هەیە، ڕێژیمێک کە زمانی چەک و هێز بە تاکە ئامراز دەزانێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ڕای جیاواز؛ ناتوانێ هیوای شۆرشی گەلانی ئێران کە وەدیهاتنی سیستمێکی دیموکراتێکە بهێنێتە دی. هەر لەو سەردەمدا و بەدوای هێرش و پەلاماری سپای پاسداران بۆ سەر هەموو حیزبە سیاسییەکانی بەشدار لە گۆڕەپانی کاروچالاکی لە پانتایی گشتیی ئێران و دواتریش هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر کوردستان تا سەحنەی سیاسیی ئێران بۆ مەلاکانی قوم و ئاخوندزادەکان یەکدەست بکەن، گەلی کوردستان دیسان یەکەم نەتەوە بوو کە ڕایگەیاند سپای پاسداران نەک هێزێکی جەماوەری و خەڵکی نییە، بەڵکوو ڕێکخراوەیەکی مەترسیدارە کە هەوڵ دەدا بەخۆ تەیارکردن و پڕچەککردنی خۆی هەژموونیی فیکری و تیرۆریستی خۆی بەسەر کۆمەڵگەی ئێران و دواتریش لە دەرەوەی سنوورە سیاسییەکانی ئێران بسەپێنێ. بەداخەوە نە ئەوکات و نە ئێستاش ئەو پەیامانەی کوردستان بەهێند وەرنەگیران. بەدڕێژایی ئەم چوار دەیە کە سپای پاسداران تێیدا بەهێزتر لەجاران بووە بەجۆرێک کە توانیویەتی لەڕێگای هەڵڵوشینی سەروەت و سامانی گشتیی گەلانی ئێران، بەسازکردنی دەیان گرووپی توندئاژۆ کە شەڕی بەوەکالەت بۆ ڕێژیم دەکەن _لەوڵاتانی عەرەبی بەتایبەتیش سووریە، عێراق و لوبنان_ و بەکەڵکوەرگرتن لەکێشە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە و سازکردنی ئەو گرووپ و میلیشای تیرۆریستیانە بۆتە هۆی ئەسبابی کێشە و گرفت لەبەردەم ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین. کەمتەرخەمیی وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا بەنیسبەت پەرەسەندنی هێزی سپای پاسداران بەتایبەت باڵی قودسی سەر بەو ناوەندە وای کرد کە ئاڵۆزییەکان بگاتە ئاستێک کە زەنگی هوشیارکردنەوە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکاوە بەرامبەر سپای پاسداران لێ بدرێ و دواجار ئەمریکا بە ڕەسمی سپای پاسداران بخاتە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە. ئەمە ئاکامی ئەو دەنگە بەهێزە بوو لەکۆشکی سپیی ئامریکا بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانن پێش بەهەژموونیی ئێران بگرن  و هەروەها ئەمە بەربەستێکیش بێت لەبەردەم توانا موشەکییەکانی سپا کە لەئێستادا باڵی توندئاژۆ مانۆری سیاسیی لەسەر دەدەن. ئێستا لێردا پرسیار ئەوەیە کە بە فەرمی ناسینی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەتوانێ چ کاریگەریەکی لەسەر خەباتی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ؟ بێگومان ئەم بڕیارە دەتوانێ دەسکەوتێکی زۆر گەورە بێ بۆ بزووتنەوەی کورد لە ئێران، بەتایبەتیش بۆ ئەو کاتەی کە هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری بەرگری و خەباتی چەکداری لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بدەن. لەوەها حاڵەتێکدا وەک چۆن بەرەنگاری هێزی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان بەرامبەر هێزی تیرۆریستی داعش و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هێزەکانی یەپەگە توانیان جێگایەکی جیهانی وەدەست بهێنن و ناوی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە ببێتە مژارێک لەسەر ئەرزی واقع تا دەوڵەتان وهاوپەیمانانی دژی تێرۆریزم هەڵسوکەوتی ئەرێنی لەگەڵ بکەن، بەدڵنیاییەوە لەداهاتووشدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەرووبوونەوە و تێکهەڵچوون لەگەڵ سپای پاسداران کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە دەبێتە شەڕێک کە لایەنی ناوچەیی و جیهانیش وەک پاڵپشتی کورد لەم بەشەی کوردستان دێنە مەیدان. ئەوەی گرینگە دەبێ بزانین هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن و بەچ پڕۆژەیەکی یەکگرتووە دێنە مەیدان تا ئەم بڕیارە گرینگە لەبەرژەوەندی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بقۆزنەوە. لەمەو بەدوا شەڕو تێکهەڵچوونی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سپای پاسداران لەجێدا شەڕە لەگەڵ ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی. هەروەها ئەم بریارەی ئەمریکا جیا لەوەی باسی کرا لە بواری نێوخۆیی لە ئێرانیشدا لێکەوتەی خۆی هەیە. لەکەس شاراوە نییە مافیا و باندەکانی سپای پاسداران لەبواری وەبەرهێنان، جادەسازی، سەدسازی، ساختمانساز و دەیان کارگە و کارخانەی وەبەرهێنان تا دەگاتە کەرتی هەناردە و و هاوردەکردنی هەموو جۆرە کەلوپەلێک هەر بەدەست سپای پاسدارانەوەیە و لەهەموو شوێنێک سێبەری سپا هەست پێ دەکرێت، بۆیەش ئەم بریارە لەنێوخۆی ئێرانیش وادەکا کە پاشەکشەیەک هەرچەند کەمیش بێت بە باڵە مافیاییەکانی سپا بکا و مەجالێک بڕەخسێت تا کەرتی تایبەت ئەگەر بەئیمتیازاتێکی کەمیشەوە بێت بەڵام بێتە مەیدان. ئەم بریارە دەتوانێ کاریگەری لەسەر پڕۆژەکانی ڕێژیم بەنیسبەت بەڕێوەبردنی وڵات و هەمیش پلانەکانیان لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێران دابنێت، بەجۆرێک کە شکستەکان تا دێت بۆ رێژیم زیاتر و زیاتر دەبێت.