کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ململانێی ئێران و ئەمریکا و سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی تێرۆردا

17:37 - 20 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا واژۆی لە سەر بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لە یەکەم هەنگاودا بەشێک لە سەناتۆرەکانی ئەمریکا پێشوازییان لەو هەنگاوەی تڕامپ کرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمریکای بە پشتیوانی تێرۆریزم و فەرماندیی هیزەکانی ئەمریکای بە تێرۆریست ناساند. ئەو بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا هەموو میدیای جیهانی بەخۆیەوە خەریک کرد و تەفسیری جۆراوجۆری لێکرا. شایانی باسە کە پێشتریش دەوڵەتی ئەمریکا سپای قودسی سپای پاسداران و چەند کەس و دامەزراوەی سەر بە سپای پاسدارانی خستبۆ لیستی ڕەشەوە، بەڵام بڕیاری ئەمجارەی ئەمریکا کە کۆی دامەزراوەی سپای خستۆتە لیستی تێرۆرەوە جیاوازیی هەیە و ئەو بڕیارە زیاتر لە جاران سپای پاسداران لە کۆمەڵگەی جیهانی دادەبڕی و تەریکی دەخاتەوە. سپای پاسداران کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات بە تایبەتی ئابووری و سەربازیی ئێرانی لە دەست دایە، ئەمجار وەک ڕابردوو ناتوانێ لە ڕێگەی ڕیککەوتنە ئابووری و بازرگانییەکانەوە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بەفیڕۆ بدا و شەریکەکانیشی ئیزنیان پێنادرێ کە مامەڵە و ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ بکەن. سپای پاسداران ماوەی چل ساڵە وەک هێزێکی تێرۆریستی، قوتابخانەی تێرۆر و پشتیوانی تێرۆریزمی جیهانی خەریکی سەرکوت کردنی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی خەڵکی کوردستانە. تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و ئێران و ناوچەکە، لە سێدارەدانی جیابیران، ڕووناکبیران و ئازادیخوازانی ئێران، چاندنی تۆوی ناکۆکی لەنێو گەلانی ناوچەکە و ئاڵۆزی و نانەوەی پشێوی، پێکهێنانی میلیشیا و گرووپی تێرۆریستی، کوشتن و بە کوشتدانی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی ئێران، سووریە، یەمەن، لوبنان، ئەفغانستان، عیراق و ئیسڕائیل و سەدان و هەزاران جینایەتی تر بەرهەمی دەسەڵاتی ڕەشی سپای پاسدارانن. بە تیرۆریست ناساندنی هێزی سەرەکی وچەکداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مایەی خۆشحاڵی ئازادیخوازان و خەڵکی وەزاڵەهاتوو و بیدەرەتانی ئێرانە کە ماوەی چل ساڵە بە ڕەشەکوژی و ئەنجامدانی تاوان و تێرۆر هەموو ئازادییەکانی گەلانی ئێرانی پێشێلکردووە و بە هۆی ئەنجامدانی تاوانە دژە مرۆییەکانی لە لایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سەرکردە و کەسی یەکەمی ئەو هێزە بێزراو و تێرۆریستە خەڵات دەکرێ و هاندەدری بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر خوێنی خەڵک بڕێژن و بەو کارەیان ئینقلابی ئیسلامی بۆ نانەوەی ئاژاوە هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بکەن. ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا هەنگاوێکی دیکەیە بۆ هەرچی زیاترتەریک کەوتنەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و توندترکردنی ئاڵقەی گەمارۆکان و دوور کەوتنەوەی ئەو ناوەند و لایەنانەی کە تا ئەمڕۆ شەریک و هاوبەشی بازرگانی و ئابووری ئەو دامەزراوە تێرۆریستییە بوون.