کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامی بەرەو قەیرانێکی تر

04:47 - 21 خاکەلێوه 2719

١٨ی گوڵانی ئەمساڵ یەک ساڵ بەسەر وەدەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتومیی ئێران و وڵاتانی (1+5) ناسراو بە "بەرجام" تێدەپەرێ. هەر خێرا دوای کشانەوەی  ئەمریکا لەو ڕێکەوتنە بە بڕیاری دوناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە جارێکی تر و بەشیوەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو گەمارۆکان دەوری ئێرانیان دا و ڕۆژ بە ڕۆژیش بازنەی ئەو گەمارۆیانە تەسکتر دەبێتەوە. لە ئێستادا گرانبوونی نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەنی ئێراندا وەزعی ئێرانی بە تەواوی شێواندوە و ئابووریی وڵاتی بەرەو  ئیفلیج بوون بردوە و کۆماری ئیسلامی نازانێ چۆن خۆی لەو قەیرانە دەرباز بکا و هەر ڕۆژە بەرەوڕووی وەزعێکی ناهەموار دەبیتەوە. خەڵکی ئێرانیش ئێستا بەتەواوی لە کۆماری ئیسلامی ناهۆمێد بوون و بە دەستی ئەو نەبوونییەش دەناڵێنن. نرخی شتوومکەکان بە ڕادەیەک بەرز بوونەوەتەوە کە لە دەست هەموو کەس نایە دڵی ماڵ و مناڵی پێ ڕازی بکا و بتوانێ ژیانی خۆی پێ ڕابگرێ. کەچی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نە بایان دیوە نە بۆران، ئاگایان لە دۆخی نالەباری خەڵک نییە کە لە چ نەهامەتییەکدا دەژین و هەر بۆشیان گرینگ نییە. بۆیان گرینگ نییە بزانن کرێکارێک کە کاریشی دەست ناکەوێ ئێستا بۆ خواردنی نان و پیوازیش دەبێ دابمێنێ، ئەویش لە حاڵێکدا کە ئەو گرانی و بێدەرەتانییە ڕەحمەتی ئیلاهیش لێیان بووەتە غەزەب و خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی ئێران و کوردستان لە سۆنگەی لافاوەکانی ئەم ماوەیەوە ژیانیان لێ شێواوە. لافاوەکان سەربازی هەموو زیانە گیانی و ماڵییەکان جارێکی دیکەش ئەوە ڕاستییەیان دەرخست کە ئەم رێژیمە تەنیا لە فیکری بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی و ئەوەی بۆی گرینگ نەبێ سەر و ماڵ و ژیانی خەڵکە، وە ئەوەش لە شێوەی بەهاناوەچوونی لافاولێدراوەکان بە تەواوی ڕوون بوو. چەند شارێک وێران بوون و کەوتنە ژێر ئاو، زیاتر لە 70 کەس گیانیان لە دەست دا و سەدان کەسیش بریندار بوون، بە دەیان هەزار بنەماڵە بێ خانەولان بوون، بەڵام دەوڵەت و ناوەندە حکومەتەییەکان کە دەزانن چەندە کڵۆڵ و داماو بوون لە خۆیان ڕانەدیوە لە خەڵکی نیزیک ببنەوە، وەک لە زۆر گرتەی ڤیدیۆییشدا دەردەکەوێ خەڵک ڕەپێیان دەنێن و دروشمیان لەدژ بەرز کردوونەوە. چەواشەکاری ڕێژیم گەیشتە جێیەک کە پاساوی کەمتەرخەمییەکانیان بەوە بدەنەوە کە مانگی سووری ئێران حسێبەکەی داخراوە و لە سۆنگەی گەمارۆکانەوە خەڵکی دەرەوەی وڵات ناتوانن یارمەتیی لافاولێدراوەکان بکەن. خۆ ئەگەرچی هەم بەرپرسانی خاچی سوور و هەم کاربەدەستانی ئەمریکا دەمودەست ئیدیعای ڕێژیمیان وەدرۆ خستەوە، بەڵام بەو حاڵەش کەس نەزانێ پێی وایە ئێستا باوەڕی پێدەکرێ. خەڵک دەزانن کە تا ئێستا و دوای بەرجامیش کۆماری ئیسلامی چ پووڵ و دراو و پارەیەکی هاتبێتە دەست نەک بۆ خەڵک و لەبەرژەوەندیی ئەوان؛ بەڵکوو بۆ گرووپە تێرۆریستی  و میلیشیاکانی سەر بە خۆی لە وڵاتانی سووریە، یەمەن، لوبنان و عێڕاقی خەرج دەکا هەتا شەڕی بەوەکالەتی بۆ بکەن. ئێستا کە خەڵکی ئێران دەزانن بەڵای ڕاستەقینە هەر ئەم ڕێژیمەیە چل ساڵە حوکمی وڵات دەکا، دەبێ بشزانن کە هەر خۆیانن دەبێ فریای یەکتر کەون. ئەوە ساڵی ڕابردوو و لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشان بە تەواوی بیندرا. ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە تەنیا هاوپێوەندیی خەڵک لەگەڵ یەکتری دەتوانێ باری خەمیان لەسەر سووک بکا و بەولاوەتریش ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرەیان لەکۆڵ بکاتەوە. وە لە ئێستاشدا کە لە دەرەوە فشاری زیاتر دەخرێتە سەر ڕێژیم و سپای پاسدارانیش بەرەسمی خرایە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە، هەلی لەبارتر بۆ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەڕەخسێ تا لەنێوخۆی وڵاتیش چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ڕێژیم یەکلا کەنەوە.