کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لە لاوانی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشی

22:07 - 21 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاویی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی کۆتایی هاتنی دەورەی ٢٣٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا سکرتێری گشتیی حیزب وبەشێک لە ئەندامانی رێبەری وکادرو پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب بەشدار بوون. سەرەتا بە سروودی ئەی رەقیب، ساتێک بێدەنگی بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان وپاشان بە ڕێژە و مەشقی  پێشمەرگەکانی دەورەی فیرگە بەرنامەکە دەستی پێکرد. بەریز کاک عەلی بوداغی ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەیی کۆتایی هاتنی دەورەوەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، لە بەشێکی قسەکانی ناوبراو ‌دا هاتبوو: ئەگەر ئەمڕۆکە دوای چوار دەیە باسکی چەکداری ئەم ڕێژیمە کە لە ڕاستیدا هەر تەواویەتیی ڕێژیمە، دەخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە، بزووتنەوەی سیاسی و مقاومەتی کورد لە ئێران چل ساڵە شەڕی ئەم دەسەڵات و هێزە تێرۆریستییە دەکا. پێشەنگی ئەم خەبات و بەرگرییەش هەر حیزبی دێموکراتی کوردستانە. لەبەشیکی دیکەی وتەکانی ئاماژەی بەوەدا، ئەم بەرگەی ئێوە ئەمڕۆ دەبەرتان کردوە گەلێ پیرۆزە. وشەی پێشمەرگە لەگەڵ ئازادی و سەربەستیی نیشتمان پیرۆزترینی واتاکانن لە قامووسی ئەم میللەتەدا. ئەم چەکەی ئێوە ئەمڕۆ کردتانە شان، بگێڕەوەی گەلێ حەماسە و داستانە لە سەروەریی میللەتێک. میللەتێک کە نە لافاوی ستەم و نە بوومەلەرزەی بێدادی و نە دەیان ساڵ ویشکەساڵی هەناسەدان بە ئازادیی، خەونی ئازادی و سەربەستیی لەبیر نەبردۆتەوە. ئەوەتا لەم کاروانە بێپسانەوە و بەردەوامەدا پۆل پۆل لاوی باڵابەرزن بەخۆنەویستی، بەڵام بە عەشق و خۆشەویستیی نیشتمان دێن و ئاگردانی ئەم شۆڕشەی بەرەو ڕووناکی، پڕگر و بەتین ڕادەگرن. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی‌دا وتی: بێگومان ئێوە لەم ماوەیەدا و لە فێرگەی حیزبی دێموکراتدا زۆر وانەی بەنرخ فێربوون، لە ڕابردووی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان، لە ئێستای خەبات و تێکۆشانمان، وە لە سبەینێی ئەرک و بەپرسیارەتییەکانمان، هەوەوەها ناوبراو ئاماژەی دا ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە هەتا پیرۆزبایی بە پۆلێک لاوی شۆڕشگێڕی دیکەی نیشتمانەکەمان بڵێین کە لە پێناو ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران و، بۆ خەبات لە دژی دەسەڵاتی جەور و جینایەتی کۆماری ئیسلامی؛ سەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان هەڵبژاردوە. لە بەشیكی دیکەی بەرنامەکەدا سروودی "کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم" لە لایەن بەشدارانی دەورەوە پێشکەش کرا و دوابەدوای ئەو پەیامی بەشدارانی دەورەی ٢٣٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن پەیمان عەبدوڵڵازادەوە خوێندرایەوە. لەبرگەیەکی دیکەدا بەرنامەکە بە شێعرو گورانی گوڵالە کەریمی، پەیمان عەبدوڵڵازادە و ێێبوار حەسەنی ڕازایەوە. ئەو ڕێورەسمە بە گۆرانی وهەڵپەڕکێی پێشمەرگەکان کۆتایی هات.