کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکانی خەڵکی کورد بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای لوڕستان بەردەوامە

21:53 - 22 خاکەلێوه 2719

پاش تێپەڕبوونی نیزیک بە مانگێک لە کارەستانی هەستانی لافاو لە ئێران کە ئەو لافاوە زیانێکی زۆری بە پاڕێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لۆڕستان گەیاند، یارمەتی‌گەیاندنی خەڵک بۆ لێقەوماوانی ئەو کارەساتە هێشتا هەر بەردەوامە. لەیەکەم ڕۆژانی ڕووداوی هەستانی لافاو، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و فەرهەنگی بە پێکهێنانی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" بە شێوەی بەربڵاو دەستیان ‌دایە کۆکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ لافاولێدراوانی پارێزگا لافاولێدراوەکان . کەسانی خێرخواز و مرۆڤدۆستی کورد، ژینگەپارێزان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کورد بە ئەزموونی ساڵی ڕابردوو لە کاتی یارمەتی گەیاندن بە پارێزگای کرماشان، ئەمساڵیش بە هەستێکی مرۆڤدۆستی و نەتەوەییەوە بەهانای هاونیشتمانییانی لوڕستان ڕۆیشتن و ئەو هەڵمەتە ئینسانییە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەردەوامە. شایانی باسە تا ئێستا چەندین کاروان لە یارمەتییەکانی خەڵکی کورد ، لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، دێولان، جوانڕۆ، سەقز، ورمێ، سەردەشت و سنە و کامیاران گەیشتۆتە خەڵکی ئەو پارێزگایانەی کە بەر لافاو کەوتوون. جێی‌ ئاماژەیە بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد بە ئامادەبوونیان لە پارێزگای لوڕستان خەریکی دابەشکردنی یارمەتییەکان و خزمەتگوزاریی کردنن و بەهۆی ئەوەی کە لافاو ڕێگەوبانی چەند ئاوایی لە لوڕستانی لە ناوبردووە، ئەندامانی کەمپەینی " زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە نەبوونی هاوکاری حکوومەت بە شان و کۆڵی خۆیان یارمەتی و پێداویستییەکان دەگەیەننە دەستی خەڵکی لێقەوماو.