کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمەگناسیی خەڵکی لوڕستان بۆ هاوکارییەکانی خەڵکی کوردستان

22:06 - 22 خاکەلێوه 2719

دوابەدوای ئەو لافاوەی کە ٢٣ پارێزگای ئێرانی گرتەوە، خەڵکێکی زۆر ماڵەکانیان ژێر ئاو کەوت و زیانێکی زۆری بە خەڵک و ناوچەکە گەیاند، تا ئێستا ٧٧ کەس گیانیان لە دەست داوە و ١٠٧٦ کەسیش بریندار و نقوستان بوون. لەو ماوەیەدا حکوومەت کە بەرپرسیاری یەکەمی بە هاناوەچوونی خەڵکە، بەهۆی خەمساردی و ناکارامەیی نەیتوانی یا نەیویست بە فریای خەڵک بگا و لافاولێدراوان لە مەرگ رزگار بکا. بێ بەرنامەیی دامودەزگاکانی ڕێژیم بوو بە هۆی ئەوەی کە زیانێکی گەورە بە خەڵک و شار و ناوچەکانی لافاولێدراو بگا. تا ئێستا زیانەکانی ئەو لافاوە بەپێی قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم گەیشتۆتە ١١ هەزار و ٩٠٠ میلیارد تمەن. ئەو لافاوە و خەمساردی کاربەدەستانی ڕێژیم نەک هەر بوو بە هۆی مردن و بریندار بوونی خەڵک، بەڵکوو خەڵکێکی زۆر ئاوارە و پەڕیوە بوون و بەشێکیان بۆ نەجاتدانی ژیان و گیانیان پەنایان بۆ شاخ و چیاکان برد و ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو خەڵکە تووشی زەحمەت و سەختی بێت. بەشێکی تریش لە گوندەکان کە جادە و ڕێگا و بانەکانیان تێکچووە ژیانێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکەن. خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە، هەروەک چۆن لە کەڕنەڤاڵێکی کوردانە و ئینساندۆستانەدا بۆ بوومەلەرزەکەی کرماشان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تاساند، ئەو جاریش لە کاتی تەنگانەدا لێبڕاوانە لەفریای خەڵکی لافاولێدراو کەوتن. چالاکانی مەدەنی بە پێک هێنانی کەمپین و کۆکردنەوەی یارمەتی هاوسۆزی خۆیان لە گەڵ خەڵکی لێقەوماو بە تایبەتی پارێزگای لوڕستان دەربڕی کە زۆرترین زیانی پێگەیشتوە. لاوانی دڵسۆزی کوردستان وێڕای ئەوەی کە لە شار و ناوچەکانی کوردستان خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتی بوون، لەو ناوچانەش کە ڕێگەی ماشێن ڕەوی نەبوو، بە زەحمەتێکی زۆر بە کۆڵ هاوکارییەکانیان گەیاندە خەڵکی لوڕستان کە تا ئێستا حکوومەت ئاوڕی لێنەداونەوە. هەر لەو پێوەندییەدا خەڵکی لوڕستان سپاس و ئەمەگناسی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕی کە لە کاتی سەخت و تەنگانەدا لە فریایان کەوتوون و وێڕای کۆکردنەوەی یارمەتی و ئەو هەموو هاوسۆزییە، بە کۆڵ خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ژیانی گوندنشینانی دووردەست و لێقەوماویان بە ڕێگا سەختەکاندا بۆ گواستۆونەوە بۆ ئەوەی ژیانیان لەمەترسی و برسیەتی بپارێزن .