کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژووری تایبەت بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە ئاکادیمیای زمانی کوردی کرایەوە

22:10 - 22 خاکەلێوه 2719

بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئاکادیمیای کورد لە باشووری کوردستان بە مەبەستی ڕێزگرتن لە کەسایەتیی ئەدەبیی نووسەر و وەرگێڕی بەتوانای کورد مامۆستا حەسەنزادە، ژوورێکی تایبەتی بەناوی "مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە. ئەندامی شکۆمەند" لەو ناوەندە زانستییە، کردەوە. پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، هەیئەتێکی پایەبەرزی سەرۆکایەتیی ئاکادیمیای زمانی کوردی، پێکهاتوو لە بەڕێزان؛ د. عەبدولفەتاح عەلی(سەرۆکی ئاکادیمیا)، د. نەجات عەبدوڵڵا(جێگری بەرپرسی ئاکادیمیا)، د.عوسمان دەشتی، د. رێبوار سیوەیلی و مامۆستا محەممەدی حەمە باقی، پێشوازییان لە مامۆستا حەسەنزادە کرد و وێڕای پێڕاگەیاندنی هەواڵی کردنەوەی ژوورێکی تایبەت بە ناوی بەڕێزیانەوە، داوایان لێ کرد کە لە سەرپەرەستیکردنی چەند پڕۆژەیەکی گەورەی وەرگێڕان بە کوردی، هاوکاریی ئاکادیمیای کوردی بکا. لەم دیدارەدا مامۆستا حەسەنزادە وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی بۆ ئاکادیمیای زمانی کوردی، بە سەرۆکایەتیی ئاکادیمیای ڕاگەیاند کە، وەک ڕابردوو لە خزمەتکردن بە زمانی نەتەوەکەی بەردەوام دەبێ. جێی بیرهێنانەوەیە کە ماوەیەک لەمەوپێش، زانکۆی کۆیە پلەی دوکتۆرای ئیفتخاریی بە مامۆستا حەسەنزادە بەخشی و لە هەمان بۆنەدا، ئاکادیمیای زمانی کوردی پلەی ئەندامی شکۆمەندی ئەم ئاکادیمیایەی بۆ بەڕێزیان تەرخان کرد. شایانی باسە کە مامۆستا عەبدووڵلا حەسەنزادە سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، سیاسەتمەدارێکی ناودار و ئەدیب و وەرگێڕیکی دیاری ناو جووڵانەوەی سیاسی کوردستان و ئەدەبیاتی نیشتمانەکەمانە کە جێگە و پێگەی دیار و بەرچاوی هەیە لە کوردستان و خاوەنی چەندین بەرهەمی بەنرخ و ڕەنگینە لە بواری وەرگێران و زمانەوانی و سیاسیدا. بەڕێزیان سیمایەکی ناسراو و هاوڕێی دێرین و ڕۆژە سەخت و ئەستەمەکانی شۆڕشی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی و دەیان سەرکردەی دیکەی پارچەکانی دیکەی نیشتمانەکەمانە. ئێستاش دوای هەشتا ساڵ لە تەمەنی پڕ لە شانازی خۆی هەروا بەبڕشت و بە توانایە و لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافی گەلەکەمان بەردەوامە و لە هیچ هەوڵێک بۆ سەرخستنی جووڵانەوەی گەلی کورد درێغی نەکردووە.